چوارەمین فێستیڤاڵی‌ نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی به‌رێوه‌ده‌چێت
  2019-10-01       1919       
بەدروشمی‌ "شێرپەنجەی‌ زەوی‌" چوارەمین فێستیڤاڵی‌ نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی به‌رێوه‌ده‌چێت‌و  لەدەستپێکی‌ فێستیڤاڵەکەدا فیلمی “خوشکانی جەنگ” کە کاڕۆلینا فورێستی دەرهێنەری فەڕەنسی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، نیشان دەدرێت.

ئاوێنه‌: دانەر عومەر، بەڕێوبەری هونەری‌ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی  فیلمی سلێمانی له‌باره‌ی‌ فێستیڤاڵه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت، کاتژمێر 6ی ئێوارەی‌ ئێوارەی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ فێستیڤاڵی‌ نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی دەستپێدەکات‌و ماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەماوەی ئەو ڕۆژانەشدا 134 فیلم کە ده‌رهێنه‌ره‌کانی لە 78 وڵاتی جیهانەوە هاتون نمایشدەکرێت.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات،  “کۆمەڵێک سوپرایزی زۆرمان بۆ بینەران و سینەمادۆستان ئامادەکردوەو ئێوارەی ئەمڕۆ دەیبینن کە فێستیڤاڵی‌ فیلمی ئەمساڵ چ جیاوازییەکی گەورەی هەیە لەگەڵ فێستیڤاڵەکانی ساڵانی ڕابردو، بەشێوەیەک ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر لەمیوانمان لەئەکتەران‌و فیلمسازان لەسەر ئاستی جیهان‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و هەر چوار پارچەی کوردستانەوە هاتون‌و بەشداری دەکەن”.

بەرهەمی‌ فیلمی‌ هەریەکە لەوڵاتانی فه‌ڕە‌نسا، ئێران، کۆریای باشور، چین، ئیسپانیا، لۆگزامبورگ، تورکیا، هۆڵه‌ندا، یۆنان، سوریا، ئاڵبانی، پۆڵه‌ندا، به‌لژیک‌و فه‌ڵه‌ستین به‌شداری له‌فێستیڤاڵەکه‌دا ده‌که‌ن‌و بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتەکان لەکێبرکێدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×