زیاتر لە ١٠٠ ژن لەدھۆک خاوەن کارگەن
  2024-11-29       384       
ژنە خاوەنکارێک: مانگانە ٦ تۆن لەتەحین دەفرۆشین

ئا: عەمار عەزیز

 

تا دێت رێژەی ژنان لەکاری بارزگانی لەدھۆک زیاتر دەبێت، بەپێی ئامارێکی ژووری بازرگانی دھۆک رێژەی ژنانی خاوەنکار لەکردنەوەی کارگەو کاری تایبەت بەخۆیان زۆر زیادی کردووە، هەفتانە ٤ بۆ ٥ ژن سەردانی ژوورەکەیان دەکەن بۆ ڕایکردنی مامەڵەکانی ئەوان .

 

 بێریڤان تەھا، ژنێکی خەڵکی ئامێدییە، ماوەی سێ ساڵە کارگەیەکی دروستکردنی تەحینی خۆماڵی داناوە، وەک خۆی دەڵێت مانگانە تا ٦ تۆن لەتەحین دەفرۆشن، ئەو بەئاوێنەی وت "ماوەی سێ ساڵە کارگەیەکی دروستکردنی تەحین کە بەکۆنجی خۆماڵی‌و بەئاشی ئاو بەرھەم دەھێنین لەئامێدی کردوومانەتەوە، دوای ھاتنی وەرزی سەرما خواستی خەڵک زۆر زیاد بووە لەسەر کڕینی تەحین، مانگانە ٦ تۆن بەرھەم دەھێنین، ھەمووشی دەفرۆشین، تەحینی ئێمە رەوانەی بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان‌و وڵاتانی ئەوروپا دەکەین ئەوەش بەپێی داواکاری خەڵک".

بێریڤان لەگەڵ ژنێکی هاوبەشی پێکەوە لەکارگە ئیش دەکەن، ھاوکات لەکاتی بەرھەمھێنانی تەحین‌و فرۆشتنی، ھەلی کاریان بۆ دەیان کچی تر رەخساندووە، ئەو وتی "لە سەر ئاستی قەزای ئامێدی‌و پارێزگای دھۆک‌و ھەرێمی کوردستان بە گشتی ئێمە یەکەمین کەسین کە کارگەی تایبەت بە بەرھەمھێنانی تەحینمان ھەبێت".

وتیشی "ئێستا ژنان وەکو پیاوان کاری بزنس‌و بازرگانی دەکەن، کارگەو دوکانی تایبەت بەخۆیان ھەیە، رێژەکە بەگشتی زیاد بووە، ئەمەش زیاتر بۆ کرانەوەی کۆمەڵگاو ھاوکاری خێزانەکانیان دەگەڕێتەوە، کە پشتگیری‌و ھاوکاری ژنان دەکەن، کە جێی شانازییە".

 

رۆژی ١٥ی تشرینی دووەم، ڤیستیڤاڵی دووەمی تایبەت بەتەحینی خۆماڵی لەئامێدی کرایەوە، لەماوەی دوو رۆژدا ٢٨ ھەزارو ٥٠٠ کەس سەردانی ڤیستیڤاڵەکەیان کرد، ٩ ھەزار و ٥٠٠ کێلو لەتەحین فرۆشرابوو،  کارگەکەی بێریڤانیش یەکێک لەبەشداربووانی ڤیستیڤاڵەکە بوو .

 

 رۆژڤین خەلیل، ژنێکی ترە لەشاری دھۆک لەڕێگای پرۆژەکەیەوە توانیویەتی ھەلی کار بۆ ١١ کچ دابین بکات، کە فرۆشتنی جلوبەرگی ژنانە، ئەو بەئاوێنەی وت "دوکانێکی گەورەی فرۆشتنی جلوبەرگ‌و پێداویستیەکانی ژنانم ھەیە، خواستێکی زۆر لەسەر جلوبەرگەکانی ئێمە ھەیە، لەئێستادا ١١ کچ لەگەڵ ٣ کوڕ کارمان بۆ دەکەن، بەنیازم پڕۆژەکە ھێشتا گەورەترو فراونتر بکەم".

وتیشی "کەسوکارم‌و ھاوسەرەکەم زۆر ھاوکارو پشتگیری منن، ئەوەی جێگای خۆشحاڵیشە کۆمەڵگای ئێمە بەراورد بەچەند ساڵی رابردوو جیاوازتر سەیری ژن دەکاو پێیان ئاسایە کە ژنیش کاری سەرمایەداری بکات، یاخود کارگەو دوکانی تایبەت بەخۆی ھەبێت، ھەربۆیە رۆژ بەرۆژ ژمارەی ژنان لەکاری بارزگانی لەسنوری پارێزگای دھۆک روو لەزیادبوونە".

ژنان وەکو پیاوان کاری بزنس‌و بازرگانی دەکەن

 

بەپێی ئامارێکی ژووی بازرگانی‌و پیشەسازی دھۆک، ژمارەی خاوەنکارو سەرمایەداری ژن بەڕێژەیەکی یەکجار زۆر بەرزبووەتەوە، سەدان ژن کارگەو دوکانی تایبەت بەخۆیان ھەیە .

 

شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووی بازرگانی دھۆک بەئاوێنەی ڕاگەیاند "ئامارێکی تەواومان لەبەردەست نییە سەبارەت بەژنانی سەرمایەدارو بازرگان، بەڵام دەزانین ژمارەی سەرمایەداری ژن‌و ئەو کارگانەی خاوەنەکانیان ژنن‌و ژن بەڕێوەی دەبەن، بەسەدانن‌و هەفتانە زیاد دەبن، ئەمەش جێگای خوشحاڵییە بۆ ھەموومان، لەتەواوی رێکارەکانی کردنەوەی کارگەیەک یاخود ھەر پڕۆژەیەکی تر بۆ ژنان ئێمە ھاوکارین، لەھەر شوێنێکیش کێشەیان بۆ دروست بێت، ھەوڵدەدەین بەزووترین کات بۆیان چارەسەر بکەین".

وتیشی "هەفتانە ٤ بۆ ٥ ژن سەردانمان دەکەن بۆ ڕایکردنی مامەڵەکانیان یاخود بۆ ھاوکاریکردنی ئەوان لەکردنەوەی پرۆژەی نوێ، لەئێستادا ھیچ جیاوازی نابینین لەنێوان ژن‌و پیاو بۆ کاری سەرمایەداری، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک ھۆکار لەوانە ھاوکاری‌و کارئاسانی فەرمانگەکانی حکومەت بۆ ژنان، کۆمەڵگاش بەگشتی ڕاو بۆچوونیان گۆڕاوەو پێیانباشە ژنیش وەکو پیاو خاوەن کار بێت، ھاوکات خێزان‌و کەسوکاری ئەوانیش ھاوکارییان دەکەن لەسەرخستنی کارەکانیان".

 

لەساڵی ٢٠٢٤دا، چوار ڤیستیڤاڵی گەورەو تایبەت بە بەرھەمی خۆماڵی لەسنوری پارێزگای دھۆک کراوەتەوە، لەوانە ڤیستیڤاڵی ترێ‌و ھەنگوین لەشاری دھۆک، ڤیستیڤاڵی سێو لەبەرواری باڵا، ڤیستیڤاڵی تەحینی خۆماڵی لەئامێدی، ژنان بەشدارییەکی کارایان لەم ڤستیڤاڵانەدا کردووە .

 

حەمید محەمەد ساڵح، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئامێدی بەئاوێنەی ڕاگەیاند "لەڤیستیڤاڵی تەحین نیوەی فرۆشیارانی بەرھەمەکانی ڤیستیڤاڵ ژن بوون، بەرھەمەکانیش ھەموویان خۆماڵی بوون، لەوانە تەحین، ھەنگوین، چەندین جۆر کولیچەو چێشتخانەو چەند بەرھەمێکی تر، لەڤیستیڤاڵەکانی تر بەھەمانیشێوە رێژەی ژنان لەئاستێکی زۆر باشدا بوو، لەسنوری ئامێدی دەیان دوکان‌و کارگەی تریش ھەن کە ژن بەڕێوەیان دەبەن".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×