بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەمیانی دیداریان لەگەڵ محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی بەغدا دۆخی دارایی فیدڕاڵ و ئاڵەنگارییەکان لەم ساڵدا تاوتوێکرا، هاوکات ئاماژە بەوەش دەدات کە مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتووە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم لە دۆخێکی دارایی خراپە و مووچەخۆران زۆر پشوودرێژ و خۆراگربوون.
ئاوێنە: بەیانی ئەمرۆ سێشەممە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، رێباز حەملان بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، لەمیانی سەردانەکەدا ناوبراو رایگەیاند "لە دیداری جەنابیان باسی دۆخی دارایی عێراق و ئاڵەنگارییەکان کرا لەم ساڵدا، دواتر لەسەر بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەیامی جەنابی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رێزدار کاک مەسرور بارزانی و دوا کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمان لەسەر ئەم دۆخە کە ٢٠٢٥/١/١١ ئەنجامدرا بە جەنابی راگەیاند".
وتیشی "بۆ بەرێز محەمەد شیاع سودانی بە وردەکاری تەواوی ئەو هەنگاوانەم باسکرد کە لەسەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژانە بەبەردەوامی چەندین تیم بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کاردەکەن، بەڵام مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتووە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم لە دۆخێکی دارایی خراپە و مووچەخۆران زۆر پشوودرێژ و خۆراگربوون".
رێباز حەملان لە رونکردنە بەردەوامەکانیدا بۆ سودانی ئاماژە بەوەش دەکات، کە داواکاری هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدا دەبێت وەک هەرێم مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەک خۆی بچێتە بواری جێبەجێکردن تایبەت بەشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".
"هەمووان چاوەرێی کۆبوونەوەی رۆژی هەینی داهاتوین لە بەغدا لەنێوان هەردوو وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی بەرێز دکتۆر فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق". بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق وای وت