شانۆگەرییەک بەزمانی کوردی لەشاری دیلۆڤاسی چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی ئەنجام بدرێت، ڕێگری لێکرا
  2026-07-24       209       

.شانۆگەرییەکی  بەزمانی کوردی لەشاری دیلۆڤاسی تورکیا، تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی بڕیار بوو ئەنجام بدرێت، ڕێگری لێکرا

 

ئاوێنە: ئەکتەری شانۆی "باهۆز ئۆزسونار" رایگەیاند "تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی بڕیار بوو شانۆگەری (مامۆستا) بەزمانی کوردی نمایش بکرێت لە ناوەندی ڕۆشنبیری دیلۆڤاسی، مۆڵەتی پێشکەشکردنی ڕەتکرایەوە".

ئۆزسونار کاردانەوەی بەرامبەر ئەو بڕیارە دەربڕی و داوای لە پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتییەکان کرد هاودەنگی نیشان بدەن.

بڕیار بوو ئەمڕۆ کاتژمێر ٨ی ئێوارە شانۆگەرییەکە لە لە ناوەندی ڕۆشنبیری ناحیەی دیلۆڤاسی سەر بەکۆجایلی، بەزمانی کوردی لەلایەن ئەکتەری شانۆیی باهۆز ئۆزسونارەوە پێشکەش بکرێت، تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی بڕیار بوو دەست پێبکات، ڕێگری لێکرا.

 شارەوانی دیلۆڤاسی لەلایەن ئاکەپەوە بەڕێوەدەبرێت، پێش ئەنجامدانی شانۆگەرییەکە لەلایەن بەرپرسانی ناوەندی ڕۆشنبیرییەوە بە پاساوی "مۆڵەتی پێویست وەرنەگیرابوو" ئاراستەی قایمقامیەتی قەزای دیلۆڤاسی کران.

دوای قسەکردن لەگەڵ قایمقامیەتی قەزاکە، تیمی ڕێکخەر لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی کۆبووەوە و سەرەتا پێیان گوترا کە دەتوانن بەردەوام بن لە ئامادەکارییەکان بۆ نمایشەکە. بەڵام تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی نمایشەکە دەستپێبکات، هێزە ئەمنییەکان ئاگاداریان کردنەوە کە مۆڵەت بۆ نمایشکردنی شانۆگەرییەکە نادرێت.

باهۆز ئۆزسونار لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەدا ڕایگەیاند کە شانۆنامەکە بە زمانی کوردی لەلایەن قایمقامیەتی قەزاکە و شارەوانی و پۆلیسەوە قەدەغە کراوەو وتی "ئایا ئەم قەدەغەکردنە لەم قۆناغەی پرۆسەی دیموکراسی نێوان دەوڵەت و دەم پارتیدا گونجاوە یان نا؟! ئێمە زۆر دڵتەنگین بەم قەدەغەکردنانە، کە لە قۆناغێکدا ڕوودەدەن کە کورد بەدوای ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتدا دەگەڕێت".

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×