دوای ئەوەی مووچەکانیان نزیکەی دوو مانگە خەرجنەکراوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ئەمشەو ڕایگەیاند، ڕۆژی یەک شەممە ٢٦ـی تەمووز، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بەشێک لە مووچەخۆرانی دیکە دەکرێت.
ئاوێنە: تائێستا مووچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەست و بەشیک لە فەرمانبەرانی گرێبەست خەرجنەکراوە، ئەمشەویش وەزەراتی دارایی و ئابووری حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی یەک شەممە ٢٦ـی تەمووز خەرج دەکرێت.
وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، ڕۆژی یەک شەممە ٢٦ـی تەمووز، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکرێت.
وتیشی: لەهەمان کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت، کە لە دوای ١ـی ٧ـی ٢٠٢٤ بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون و شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگانە سەرەرای دواکەوتنی موچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەگشتی، بەڵام مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی گرێبەست دوای زیاتر لە دە ڕۆژ، دوای دابەشکردنی مووچەخۆرانی دیکە مووچەکانیان وەردەگردن، هەربۆیە مووچەی مانگی حوزەیرانی ئەو مووچەخۆرانە، دوای دوومانگ دابەش دەکرێت.