تورکیا: پارتە نوێکەی ئۆپۆزسیۆن هەڕەشەیە یان دەرفەتێکە بۆ ئەردۆغان؟
  2026-07-24       84       

ئا: ئاوێنە

 

دامەزراندنی پارتێکی نوێ لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکییەوە، لەلای زۆرێک وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر هەژموونی سیاسی سەرۆک کۆماری تورکیا سەیر دەکرێت، هەندێکی تریش وەک بەخششێکی خودا دەیبینن.

 

ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی پێشووی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) ڕۆژی سێشەممە (٢١ی تەمموز) دامەزراندنی پارتێکی سیاسی نوێی ڕاگەیاند، ئەمەش تەنها چەند مانگێک دوای ئەوەی بڕیارێکی دادگا ئەوی لەسەرکردایەتی بەهێزترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دوورخستەوە . ئەو پەرەسەندنە بە تەواوی نەخشەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دادەڕێژێتەوە. بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە کە چۆن کاریگەری لەسەر پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان (AKP) بەگشتی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەتایبەتی دەبێت، پێش هەڵبژاردنەکانی 2028.

 

ڕێکخستنەوەی دووبارەی ئۆپۆزیسیۆن

خودی ئۆزێل لە پۆدیۆمی ئەنجوومەنی نیشتمانی و زیاتر لە ٨٠ نوێنەری جەهەپە بەیاوەری ئەم ڕاگەیاندنەی کرد. لە سەرەتادا وتی "ئەمڕۆ لەلێواری ماڵئاواییەکی خەمناکداین لەجەهەپە، کە بووەتە شتێکی حەتمی. بەڵام پێمان خۆشە ئەو باوەڕە لەگەڵ خەڵکدا هاوبەش بکەین کە ئێمە هەڵگری هیوای سەرەتایەکی نوێین و کاتێک ڕێکارە پێویستەکان تەواو بوون، ئەو پارتە نوێیەی کە دایمەزرێنین دەبێتە هێزی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن لەئەنجومەنی نیشتمانیدا".

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، داواکاری تۆمارکردنی ئەو پارتە نوێیە کە پێدەچێت ناوی پارتی نوێ (یەنی پارتی) بێت، ڕۆژی دووشەممە 27ی تەمموز، ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەکرێت، بەمەش بەشی فەرمی تەواوی پرۆسەکە تەواو دەبێت. ئەمەش پێشهاتێکە کە بەشێوەیەکی ڕیشەیی لە پێکهاتەی دەستەی یاسادانان دەگۆڕێت، بەو پێیەی حزبی نوێ یەکسەر دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی.

ڕاجیپ سۆیلو، پەیامنێری تۆڕی هەواڵی نێودەوڵەتی میدل ئیست ئای لە ئەنقەرە، مەزەندە دەکات کە کۆتا ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە جەهەپە بەقازانجی پارتە نوێیەکە جێدەهێڵن، ٩٤ پەرلەمانتار لە کۆی گشتی ١٣٥ پەرلەمانتار بێت. 

بە پێی هەمان ڕاپۆرت پێشبینی دەکرێت ئەوانی دیکە وەک خۆیان بمێننەوە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لەکەمال کیلیچدارئۆغڵو لەچەسپاندنی خۆی وەک سەرۆکی جەهەپە، کە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی ڕەجەب سەرۆک کۆماری تورکیا بووە ە ساڵی 2002.

کلیچدارئۆغڵوی تەمەن 77 ساڵ لە مانگی ئایاری 2010 تا تشرینی دووەمی 2023 سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی بووە، تەنها شکستەکانی بەرامبەر ئەردۆغان هەژمارکردوەو نەیتوانیوە نفوزی حزبەکەی فراوانتر بکات.

لە هەر حاڵەتێکدا یەکەم ڕاپرسی لەدوای دامەزراندنی ئەو قەوارە سیاسییە نوێیە، جەماوەری ئۆزێل پشتڕاست دەکاتەوە. بەپێی ڕاپرسییەکی کۆمپانیای ڕاپرسی کۆنسێنسوس ڕیسێرش، پارتە تازە پێکهاتووەکە 19.4%ی پشتیوانی هەیەو لە پلەی دووەمدایە و جەهەپە بەڕێژەی کەمتر لە7.6 خاڵ ‌و بە (11.8%) لەدوای پارتە نوێکەوەیە. پێش ئەمەش ڕاپرسییەکی گوندەمار ڕیسێرش ئەنجامدرا، کە لە کۆتایی مانگی حوزەیران ئەنجامدرا و بەپێی ئەو ڕاپرسییە تەنیا 5.1%ی دەنگدەرانی پێشووی جەهەپە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی ئەو پارتە، کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە خوار 7%ی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی پەرلەمان و زۆر لە خوار 35.48% لەهەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی 2024یە، کە یەکەم شکستی ئاکەپەی دەسەڵاتدار بوو. لەبەرامبەردا پارتێک لە سەردەمی ئۆزێلدا 34.9% کۆدەکاتەوە و پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت.

 

مەترسی و دەرفەتەکان

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاپرسییانە، سەرۆک کۆماری تورکیا چۆن پێشهاتەکانی کەمپی ئۆپۆزسیۆن دەخوێنێتەوە؟

سۆیلو جەخت لەوە دەکاتەوە، "لە کورتخایەندا دەتوانێت ئاسۆکانی لە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٨ بەهێزتر بکات، ئۆپۆزسیۆن لەئێستاوە دوای چەند مانگێک فشاری یاسایی بۆ سەر جەهەپە ھێزی لەدەستداوە، جیابوونەوەش گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەسەر دوو کەمپی ڕکابەردا دابەش دەکات".

ئەمەش کێشەیەکی تر دروست دەکات، بەو پێیەی ئەگەر یەکێک لەو دوو حزبە لەکۆتاییدا لە دەنگەکانیشدا پلەی یەکەم بێت، زۆر ئەستەم دەبێت لەدوای هەڵبژاردن هاوکاری لەگەڵ لایەنەکەی تردا بکات. پێشهاتەکان خراپتر دەبن ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەمەش کێبڕکێ توندتر دەکات و ڕێگری لە لۆژیکی دابەشکردنی دەنگەکان دەکات.

بەڵام لەلایەکی ترەوە پارتێکی نوێ داتای تەواو جیاواز بۆ ئەردۆغان دروست دەکات، سۆیلۆ دەڵێت "ساڵانێکە سەرۆک کۆمار بە سەرکەوتوویی بانگەشەی دژ بە جەهەپە دەکات، وەک پارتێکی نوخبەخوازو ستاتیستی و بیرۆکراتی پێشکەشی دەکات، لە دەنگدەرانی ئاسایی دابڕاوەو بێتواناو بێ کاریگەرەیە. ئەم پەیامە سەلماندوویەتی کە ئەوپەڕی کاریگەرە لەنێو ئەو ناوچانەی کە رەگەزێکی ئیسلامی بەهێزیان هەیە، بەڵام پارتە نوێیەکەی ئۆزێل هەمان بارگرانی مێژوویی هەڵناگرێت".

کەمال بویوکوکسێل، کاندیدی دکتۆرا لەزانکۆی جۆرج مەیسۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیا لەئەمریکاو نووسەری ستوونی بلۆگی پرۆگریسیف، بەوتارێک پێیوایە کە ئەو کارە نوێیە تەنها کاتێک سەرکەوتوو دەبێت مۆدێلێکی جیاوازی سیاسەت پەیڕەو بکات.

ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە "لەبری ئەوەی لەئۆفیسی ناوەندییەوە ماشێنێک بێت کە پلانی هەموو شتێک دابڕێژێت، حزب دەبێت ببێتە سەکۆیەک کە فەزایەک بۆ دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان بکاتەوە کە لە شوێنە جیاوازەکاندا سەرهەڵدەدەن، بە ئاراستەیەکی سیاسی هاوبەشەوە بیانبەستێتەوە".

ئەمە کارێکی ئاسان نییە، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەزانکۆی بیلگی لە ئەستەنبوڵ، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی باڵکان ئینسایت، ئاماژە بەوە دەکات "یەکەم، دەبێت ئەم پارتە نوێیە لە ڕووی سیاسییەوە باقی ئۆپۆزسیۆن پەراوێز بخەن. دووەم، دەبێت ئەو دەنگدەرانە ڕابکێشن کە بیر لەوازهێنان لەهاوپەیمانی حکومەت دەکەنەوە".

ئەو دەشڵێت "گەورەترین هەڵە ڕیسایکلکردنی کارمەندانی سیاسی دەبێت کە ببێتە هۆی جۆرێک لە 'جەهەپە 2.0'، ئەمە جگە لەوەی داوا لە پارتە نوێیەکە دەکرێت لە چوارچێوەی ژینگەیەکی سیاسیدا کاربکات کە لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردن و دەستێوەردانی کارگێڕی دژی سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن تا دێت زیاتر دەبێت".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×