گفتوگۆ لەگەڵ سەرتاشێکی گەنج
  2025-05-10       89       
ڤیلهێلم ڕایش

ڤیلهێلم ڕایش

وەرگێڕانی: سامان عەلی

 

لەم گفتوگۆیەدا، هیچ شتێکی سیاسی باس نەکراوە، بەڵام ئەم سەرتاشە گەنجە، لەسەر بنەمای ئەزموونی ژیانی تایبەتی خۆی، بیردۆزی زێدەبایی و ئاراستەکردن و بێکاریی پەرەپێداوە.

شایانی باسە ڤیلهێلم ڕایش دەروونشیکارێکی فرۆیدیی مارکسیی نەمساییە، نووسەری کتێبەکانی "شۆڕشی سێکسی" و "دەروونناسیی جەماوەر لە فاشیزمدا" و "لێکدانەوەی کەسایەتی" و "گوتارێک بۆ پیاوە بچووکەکە" یە. ئەم نووسینە لە گۆڤاری دەروونناسیی سیاسی و ئابووریی سێکسی (بەرگی دووەم، ژمارە ١، ساڵی١٩٣٥) بڵاوکراوەتەوە.

لە ساڵانی سیی سەدەی بیستدا، دەروونشیکاری نەمسایی ڤیلهێلم ڕایش، بیردۆزێکی پەرەپێدا بەگوێرەی ئەم بیردۆزە دەتوانرێ چەمکە سەرەکییەکانی ئابووریی مارکسی بەبێ بەکارهێنانی زاراوە یاخود بەڵگە و سەلماندنە ئالۆزەکان شرۆڤە بکرێت، بەو چەشنەی لەم وتارەدا دەیبینین کە ڕایش بە ناوی خوازراوی "ئێرنست باریل" و لە دوورەوڵاتی لە دانیمارک نووسیوویەتی و بڵاویکردووەتەوە.

سەرتاشە گەنجەکە: شانەی دەکەیت یان بڕینێکی سادەت دەوێت؟

کڕیارەکە: سادە، بەڵام بە چوارگۆشەیی نەک بازنەیی.

(بێدەنگی)

سەرتاشە گەنجەکە: سەبارەت بە بارودۆخەکە ڕات چییە؟

کڕیارەکە: نالەبارە. دەمانگەیەنێت بە چی و بە کوێ؟

سەرتاشە گەنجەکە: ئاژاوەگێڕەکان خەریکە یەکتری دەخۆن، هەر کام لە کۆمۆنیستەکان یان نازییەکان براوە بێت، خراپتر فەرمانڕەواییمان دەکات. هەردووکیان بە یەک ڕادە و وەک یەک خراپن.

کڕیارەکە: ڕەنگە قسەکەی تۆ بێت. من لە سیاسەت سەردەرناکەم.

سەرتاشە گەنجەکە: من خۆشحاڵم کە ئیشێکم دەستکەوتووە و دەتوانم بژێوی ژیانی خۆم مسۆگەر بکەم. دەمێنێتەوە ئەوەی تەنها دەمەوێت بە ئارامی بژیم و هیچی تر.

کڕیارەکە: دەتوانم بپرسم چەندت دەست دەکەوێت؟

سەرتاشە گەنجەکە: مانگی ١٠٠ مارک.

کڕیارەکە: دەتوانیت بەو بڕە پارەیە بژیت؟

سەرتاشە گەنجەکە: تا ڕادەیەک. دەمەوێت ژن بهێنم، بەڵام کاتێکی زۆری دەوێت تا من و دەزگیرانەکەم هێندەی پێویست پارە پاشەکەوت دەکەین کە بەشی بەکرێگرتنی خانوویەک بکات. دە ساڵە لەم شوێنە ئیش دەکەم و هێشتا پارەی پێویستم کۆنەکردووەتەوە.

کڕیارەکە: خاوەنکارەکەت لە کارەکە لەگەڵت چۆنە؟

سەرتاشە گەنجەکە: کەسێکی زۆر باشە. جاروبار هەستیارە، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵی باشە.

کڕیارەکە: ڕۆژانە چەند کەس دێنە لات بۆ سەرچاککردن؟

سەرتاشە گەنجەکە: ١٠ بۆ ١٥ کەسێک. ڕۆژانی شەممە زیاتر لەوە.

کڕیارەکە: واتە ١٥ مەعمیل لە کارەکە ١٥ مارک دەدەن. باشە، بەڵام تۆ لە ڕۆژێکدا تەنها ٣:٥٠ مارک وەردەگریت. ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە چی بەسەردێت؟

سەرتاشە گەنجەکە: تۆ تێچووی کارەکەمانت لەبەرچاو نەگرتووە. ڕووناکی، تەلەفۆن، دڵنیایی، کەرەستەکان، کرێ، ئەم شتانە زۆریان کرییەکی زۆر دەبەن.

کڕیارەکە: حەزدەکەم بزانم بڕە پارەکە چەندە.

سەرتاشە گەنجەکە (کەمێک بیردەکاتەوە): باشە، لایەنی کەم ٨ مارک دابنێ.

کڕیارەکە: باشە، دەمێنێتەوە ٩ بۆ ١٠ مارک.

سەرتاشە گەنجەکە: بەڵێ، بەڵام دەبێت کارەکە زێدەباییەکی هەبێت، لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەری کارەکە سەرکێشیی زۆر دەکات. بۆ نموونە هەندێک کات لە تەنگانەدا ژمارەی مەعمیلەکان کەم دەکەن.

کڕیارەکە: واتە کاتێک ئیشی باشت دەبێت پارەیەکی زیاتر وەردەگریت؟

سەرتاشە گەنجەکە: نەخێر، بۆچی؟ من داهاتێکی دیاریکراو وەردەگرم.

کڕیارەکە: من تێناگەم. کاتێک زیاتر کاردەکەیت، کرێیەکی زیاتر وەرناگریت؟ لەو بڕە پارەیەش کە بە لایەنی کەمەوە پەیدای دەکەیت، بەڕێوەبەرەکە سندوقێکی بۆ تەنگانە دروست کردووە؟

سەرتاشە گەنجەکە: قسەکەی تۆیە.

کڕیارەکە: ئەگەر من بە شێوەیەکی باش لە تۆ تێگەیشتبم، تۆ لە دوای داشکاندنی هەموو تێچووەکان نزیکەی ١٠ بۆ ١٢ مارکی لە ڕۆژێکدا بۆ بەرهەم دەهێنیت و، لەم بڕە پارەیەش ٣ بۆ ٣.٥٠ مارکت دەست دەکەوێت. ئەگەر بارودۆخەکەش بە شێوەیەکی بەردەوام خراپ ببێت، لەسەر کارەکە دەرتدەکات، لەم دۆخەشدا پارەی پاشەکەوتکراو بەکەڵکت نایەت. کەواتە، ئەو پارەیە بۆ چ شتێک بەکاردەهێنرێت؟

سەرتاشە گەنجەکە: گوێت لە من بێت، بۆ نموونە پێویستە بەڕێوەبەرەکە هەندێک کەرەستەی نوێ بکڕێت. لە ئێستادا مەکینە دەستییەکانی سەرچاککردن دەگٶڕین بە مەکینەی کارەبایی.

کڕیارەکە: ئێ، ئەوە یانی چی؟

سەرتاشە گەنجەکە (بە سەرسوڕمانێکەوە): چییە، لەمە تێناگەیت؟ شتەکە زۆر ڕوونە. من ئێستا لە ڕۆژێکدا سەری ١٠ کەس چاک دەکەم، ئەو کات دەتوانم لە ڕۆژێکدا سەری ٢٠ کەس چاک بکەم لەبەر ئەوەی سەرچاککردنەکە زۆر خێراتر دەبێت.

کڕیارەکە: هەر یەکە لەو ٢٠ مەعمیلەش وەک پێشتر یەک مارک دەدەن. ئەی تۆ، ئەو کات چەندت دەستدەکەوێت؟

سەرتاشە گەنجەکە (بە سەرسوڕمانێکی زیاترەوە): بێگومان من هەر ١٠٠ مارک وەردەگرم!

کڕیارەکە: بمبوورە کە زۆر خۆم تێهەڵدەقورتێنم، خەریکە کەمێک سەرم لێ تێکدەچێت و بڕێکیش دۆشم داماوە. بە کەرەستە نوێیەکان ٢٠ مارک پەیدا دەکەیت بەڵام بەردەوام هەر ٣:٥٠ مارک وەردەگریت. واتە زێدەباییەکە لە ٨ مارکەوە بۆ نزیکەی ١٨ مارک زیادی کردووە؟ ئەو بڕە پارەیەی دەمێنێتەوە دەچێت بۆ کوێ؟

سەرتاشە گەنجەکە (بە دەم خوراندنی سەرییەوە): لە ڕاستیدا، قسەکەی تۆیە. ئەوە پرسیارێکی بەجێیە، بەڵام وەک خۆت دەزانیت، من بە هۆی کارەکەوە ئەوەندە ماندوو دەبم، تەنانەت توانای بیرکردنەوەشم نامێنێت. خۆشحاڵدەبم ئەگەر بتوانم پشوو بدەم و پارێزگاریی لە ئیشەکەم بکەم. دەزانیت؟ هەفتەی داهاتوو دووان لە هاوڕێکانم لەسەر کار دەردەکرێن، دەبێت دڵنیاببمەوە لەوەی منیش دەرناکرێم.

کڕیارەکە: پێدەچێت کارێکی زەحمەت و ناخۆش بێت ماوەی ١٠ کاژێر لە دووکان بە پێوە ڕابووەستیت، ئەی سەبارەت بە ڕۆژانی پشوو چی؟

سەرتاشە گەنجەکە: ئەها، بەڵێ. هەموو ساڵێک مۆڵەتی دوو هەفتە وەردەگرم، بەڵام ئەوانی تریش بە هەمان شێوە مۆڵەت وەردەگرن، کاتێکیش مۆڵەت وەردەگرن، دەبێت من ماوەیەکی زیاتر ئیش بکەم. لەم ماوەیەدا بەڕێوەبەر بۆ ماوەی دوو مانگ گەشت دەکات.

کڕیارەکە: پارەی لە کوێ دەستدەکەوێت تا ئەو هەموو ماوەیە دووربکەوێتەوە؟

سەرتاشە گەنجەکە: ڤێللایەکی هەیە لە دالن.

کڕیارەکە: ئێ، چۆن؟

سەرتاشە گەنجەکە: باشە، ماوەی ٣٠ ساڵە ئەم دووکانەی هەیە.

کڕیارەکە: تێگەیشتم. ئەو ئیشتان لەگەڵ دەکات؟

سەرتاشە گەنجەکە: نا، نەخێر، جاروبار تەنها هاوکاری دەکات. بەڵام ئیشەکە ئێمە دەیکەین.

کڕیارەکە: گوێت لە برای خۆت بێت. من لەو شتانە هیچ سەردەرناکەم، بەڵام پێموایە پارەی ڤێللاکەی و پشووەکانی هاوینی بەو ٨ یاخود ١٣ مارکە دەدات کە تۆ بە هۆی "زێدەی کار" ـەکەتەوە پەیدای دەکەیت.

سەرتاشە گەنجەکە: چی، نا من پێموانییە. بەڵام ڕەنگە قسەکەی تۆش بێت، شتێکی سەیرە. لە کاتێکی تردا دەمەوێت لەو بارەیەوە قسەت لەگەڵ بکەم. بۆچوونەکەت دروستە.

لەم گفتوگۆیەدا هیچ شتێکی سیاسی باس نەکراوە، بەڵام ئەم سەرتاشە گەنجە، لەسەر بنەمای ئەزموونی ژیانی خۆی، بیردۆزی زێدەبایی و ئاراستەکردن و بێکاریی پەرەپێدا. لە پێش هەموو ئەو شتانەشەوە، متمانەی خۆی بە "کڕیارەکە" پەرەپێدا و، من هیچ پێویستم بەوە نییە فێری بکەم ئاراستەکردن یاخود چەوساندنەوە چییە، لەبەر ئەوەی ئەو خۆی شرۆڤەیکردن. ئەو شتەی ئێستا ئەو پێویستی پێیەتی، دەرککردنە بە پەیوەندیی نێوان زانینی سەبارەت بە کارەکەی خۆی و زێدەباییی کارەکەی لەلایەک و، ڤێللای خاوەنی دووکانەکە لەلایەکی دیکەوە. هەروەها ئەو بە هیچ جۆرێک دەرکی بە چوونیەکسازیی خۆی لەگەڵ خاوەنکارەکەیدا نەکرد و، تەواو بێتواناشە لەوەی پەی بە پەیوەندیی نێوان سیاسەت کە دژایەتی دەکات لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەیدا ببات. لەم قۆناغەدا زانینی ئەوە کارێکی ئاسان دەبێت، لەبەر ئەوەی لەناو ئەو شتەدایە کە ئەو گوتی و خۆی تێیدا ژیا، هەموو ئەو کارەی کە پێویستە لەسەری بیکات، ئەوەیە پەرەیپێبدات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×