لە ساڵیادی شومی شەڕی ناوخۆدا!
  2025-05-16       645       
دەستپێکی شەڕی ناوخۆی کوردستان - فۆتۆ: فایەق حەمەساڵح

ھێمن مەحموود

 

کە یەکەم فیشەکی شەڕی ناوخۆ لەنێوان پارتی و یەکێتی لە سەرەتای مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٤ تەقی، ئێمە پۆلی سێ ناوەندی بووین و تازە نێردرابوینە ماڵەوە بۆ سەعیکردن.
لەدەربەندیخان لقی سێ پارتی ھەبوو کە مەسعود ساڵەیی بەرپرسی لق بوو، بارەگاکەیان لەناوەندی بازاڕبوو، ڕۆژی یەکی ئایار وابڵاوکرایەوە کە لە قەڵادزێ شەڕ لەنێوان پارتی و یەکێتی ڕوویداوە، ئێوارەکەی جموجوڵیش کەوتە دەربەندیخان، چەکدارەکانی یەکێتیش لەمەڵبەندی کەرکوکی ئەوکات کە لەناو دەربەندیخان بوو بەتاقم و تفەنگەوە دەسوڕانەوە، لانکرۆزەر و مێکزەمینیەکانی لقی پارتیش کەوتنە جموجوڵ، بەحوکمی ئەوەی دەربەندیخان ئەوکات تەنیا ناوبازاڕێکی ھەبوو، ئێمەش لەگەڕەکی سەرابووین و بارەگای لق لەودیوی ماڵەکانی ئەو گەڕەکەوەبوو ئاگاداری ھەموو شت بووین.
شەوەکەی دۆخەکە نائاسایی بوو، ڕۆژی دواتر دوکانەکان داخران و چەکدارانی پارتی ڕۆیشتنە ناو بارەگای لقەوە و خۆیان قایمکرد، چەکدارانی یەکێتیش بەسەربانەکاندا دامەزران و بەرامبەریان گرتن.
ئەو خەڵکانەی تا دوێنێ برا، خزم و کەسوکاری یەکتری بوون کتوپڕ بوونە دوژمنی یەکتر، ئەو فەرمانبەرانەی لەفەرمانگەکان پێکەوەبوون، ئەو پێشمەرگانەی پێکەوە لە لیوا ھاوبەشەکاندا خەفەربوون، پارێزگارو جێگرەکەی، ئەو خێزانانەی باوک و کوڕ، برا و خوشک ڕای جیاوازیان ھەبوو کتوپڕ کەوتنە سەنگەرەوە لەدژی یەکدی.
بە حوکمی تێکەڵاوی و ناسراوی خەڵکەکەی و عەقڵمەندی ئیدارەی ئەوکاتی شار باشبوو لەدەربەندیخان شەڕی ناوخۆ ڕووینەداو بەبێ تەقە لق تەسلیمکرا.
دواتر شەڕ فراوانبوو، پارتی ڕۆیشتن بۆ ھەڵەبجە، جارێکی تر ئاشتی دروستبوو، پارتی ھاتەوە، مام جەلال خۆی ھات بارەگای لقی پارتی لە سلێمانی و دەربەندیخان کردەوە، کەچی زۆری نەخایاند ھەم شەڕ دەستیپێکردەوە.
جا ئێمە ئەو ساڵە بەھۆی ئەو شەڕەوە تاقیکردنەوەکانمان لە ٢٠ی حوەزیران ئەنجامدا، لەباخچەی مەکتەبەکە سەعیمان دەکرد جاروبار ئێران تۆپی دەگرتە ناوچەی ئەوبەری سیروان لەدژی بارەگای دیموکراتەکانی ئێران.
جا ئیتر ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٩٦ لە دوای ٣١ی ئاب پارتی ھاتەوە، دواتر چل ڕۆژی نەخایاند لەناوەڕاستی مانگی ١٠ی ١٩٩٦ یەکێتی بە گەردەلولی تۆڵەوە ھاتەوە و پارتی تا ئەودیوی دێگەڵە فڕاند، دواتر پارتی ھاتەوەو گەیشتە لۆفەکانی دوکان ئیتر ئەوەبوو یەکێتی تێکیشکاندن و پارتی ڕۆیشتەوە ئەودیوی دیگەڵە.
لەگەردەلولی تۆڵەدا پارتی زیانێکی زۆری بەرکەوت و بەداخەوە دەیان چەکداریان شەھیدبوون وەکچۆن لە پێش ٣١ی ئاب لەکاتی ھاتنەوەی پارتی لەناوچەی یەکێتی دەیان پێشمەرگەی یەکێتی شەھیدبوون.
جیا لەو دەیان تەرمەی لەناو گەڵابەکان و لەحەوشەی مزگەوتی شافیعی بینیمان، دیمەنێک ھەیە ھەرگیز بیرمناچێتەوە.

پایزبوو تازە مەکتەب کرابویەوەو ئێمە ڕۆیشتبوینە پۆلی پێنجی ئامادەییەوە، لەڕێگای مەکتەبەکەمان تەرمی پێشمەرگەیەکی پارتی خەڵکی چەمچەماڵ کەوتبوو، خواناسێک لەڕێی خوا هەر لەشوێنەکەی خۆیدا لەڕێگای مەکتەبەکە ناشتی، دوای چەند مانگێک ڕۆژێک لەمەکتەب دەهاتینەوە لەبەردەرگای مەکتەبەکە پیاوێک بەپیکابێکەوە هات پرسیاری گۆڕەکەی کرد، من‌و چەند هاوڕێیەکیش ڕۆیشتین پێمان پیشاندا، وتی: "ئەوە گۆڕی کوڕی منە، لەو کاتەوە بەدوایدا دەگەڕێم نەمدۆزیوەتەوە. ئەوەتا ئێستا دۆزیمەوە". ئیتر هاوکاریمانکردو تەرمەکەی دەرهێنا، چاڵەکە نیومەترێک قوڵبوو، پێشمەرگەکە هەر بەجلوبەرگەکەی خۆیەوە نێژرابوو، قاتێکی ڕەشی لەبەردابوو، کراسێکی سپی، دەموچاوی تێکچوبوو، لاشەی تێکچووبوو، پیاوەکە دەستیکرد بەگریان کاتێک ڕوخساری بینی. هەرچۆنێک بوو تابوتێکی لەپیکابەکەی دەرهێناو لاشەکەی کردە بەتانییەک‌و ڕۆیشتەوە بۆ چەمچەماڵ‌و لەدوای خۆی ئازارێکی هەمیشەیی لەتەمەنی ئێمەیەکی حەڤدە ساڵیدا بەجێهێڵا. ئێستاش کە هەمووجار بەو شوێنەدا دەڕۆم ڕوخساری تێکچووی ئەو پێشمەرگەیەو گریانی ئەو باوکە لەیادەوەریمدا زیندوو دەبێتەوە کە ئێستاو ئەوساش نەیزانی کوڕە پێشمەرگەکەی لەپێناوی چیدا کوژرا.


 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×