ئا: محەمەد ھاوژین
نادادپەروەرییو دواکەوتنی مووچەو گرانیو قەیرانی دارایی، بەشێک لەھاوڵاتیانی ناچار کردووە ھەوڵ بدەن ڕۆژانە زیاتر لەئیشێک بکەن بۆ دابین کردنی بژێوی خێزانەکانیان، ئابوریناسێک دەڵێت "زیادبوونی رێژەی ھەژاری لەھەرێمی کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵیو نادادپەروەریی لەدابەشکردنی داھاتدا".
لەئێوارەیەکی درەنگ وەختدا ساڵح بەسێ عەلاگەوە بەرەو ماڵەوە ڕێگای دەبڕیو تاو تاو ئارەقی ناوچەوانی دەسڕی، ئازاد عارف مامۆستایەکی تەمەن ٤٤ ساڵەو خاوەنی ٣ سەر خێزانەو لەتاو گرانیو کەمی مووچەو منداڵەکانی ڕۆژانە جگە لەوەی بەیانیان لەقوتابخانە وانە دەڵێتەوە، دوای نیوەڕوانیش لەکۆمپانیایەک تا کاتێکی درەنگ کاری ژمێریاری دەکات، ئەو بەئاوێنەی وت "زۆربەی رۆژ لەکاتژمێر ٧ی ی بەیانی لەماڵ دەردەچم، ئێوارانیش ئەگەر زوو بێمەوە کاتژمێر ٨ی ئێوارە دەگەمە ماڵەوە، بۆ من ماڵەوە تەنیا وەک ھۆتێل وایە".
ئەم مامۆستایە خێزانەکەشی بەیانیان فەرمانبەرەو دوای ئەوەش لەماڵەوە جارجار کاری بەرگدروویی دەکاتو بەو شێوەیە ڕۆژانە ژیانیان دەگوزەرێنن، ئازاد وتی "شوقەیەکمان بەقیست کڕیوەو دەبێت مانگانە قیست بدەین بەکۆمپانیایەک، جگە لەمەسرەفی ڕۆژانەمان".
ئەوانەی کە لەڕۆژێکدا زیاتر لەئیشێک دەکەن بەشێکی زۆریان بەیانیان فەرمانبەرنو پاش نیوەڕوانیش لەشوێنێکی دیکەی ناحکومی کار دەکەنو ژیانێکی قورس بەسەر دەبەن.
ئاراس حسێن، فەرمانبەرێکی تەمەن ٤١ ساڵەو دەرچووی زانکۆیەو خاوەنی ٣ منداڵەو ھاوسەرەکەی دانەمەزراوە، لەوەتەی خێزانی پێکھێناوە لەکرێچێتیدا ژیان دەگوزەرێنێت، ئەو بەئاوێنەی وت "ئاخر ئەمە ژیانە تەنھا شەواوشەو خێزانو ماڵو منداڵ ببینیت".
ئاراس کە لەدەوامی بەیانیان تەواو دەبێت، بەتەکسییەکەی لەدەمەو عەسرەوە تا شەوێکی درەنگ خۆی بەکاری شۆفێرییەوە خەریک دەکات، ئاراسی فەرمانبەرو شۆفێر گاڵتەی بەم ژیانەی ئێستا دەھات کە زۆربەی ئەوانەی تەکسییان پێیە کارمەندنو مووچەکەیان بەشیان ناکاتو بەپێکەنیینەوە وتی "ژیانی چی؟ ئەگەر کەسێک بیەوێت بەڕێگەی (مەشروع) بژێوی ژیانی دابین بکاو ڕۆژانە زیاتر لە١٥ کاتژمێر کار بکات چی لێدێت؟! مەکینەش بێت ھیلاک دەبێت!".
بەشێک لەدانیشتوانی ھەرێمی کوردستان دادو بێدیانە لەبەرزبوونەوەی نرخی ئەو کاڵاو خۆراکانەی لەژیانی رۆژانەدا بەکاریدەھێننو پێداویستی سەرەکی ژیانیانە.
رۆژ ئەحمەد، فەرمانبەرێکی تەمەن ٤٠ ساڵەو خاوەنی ٢ منداڵەو لەدوای دەوامی ڕۆژانە لەفەرمانگەیەک، دوای نیوەڕوان لەمیدیایەکدا کار دەکات، ئیشوکاری زۆر ئەوی تەواو بێزار کردووە، ئەو بەئاوێنەی وت "ساڵ بەساڵ نرخی شتوموکو پێداویستییەکانی ژیان بەرز دەبێتەوەو لەبەرامبەریشدا داھاتی خەڵک کەمتر دەبێتەوە".
وتیشی "ئەگەر ھەر ھیچ نەبێت مووچەکەمان ئەوەندە بوایە بەشی ژیانی بەتەواوی بکردینایە، ناچار نەدەبووین پەنا بۆ ئیشێکی تر ببەین".
کار کردنی زۆرو خۆماندوو کردن، بەرۆکی ئەو گەنجانەشی گرتۆتەوەو کە ھێشتا ژیانی ھاوسەرییان پێکنەھێناوەو ئەرکی بەخێوکردنی خۆیانو خێزانەکانیان کەوتوەتە ئەستۆ.
ئەریڤان بەکر، کە گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵەو باوکی نەماوە بەتەنیا خۆیو برایەکی ئەرکی بەخێوکردنی ٧ کەسی خێزانەکەیان لەسەر شانە، لەبەردەم مزگەوتی گەورەی سلێمانی خەریکی دەستفرۆشییە، ئەو بەئاوێنەی وت "من تا پۆلی نۆم خوێندووە، لەبەر دەستکورتیو لەبەرئەوەی باوکم کۆچی دوایی کرد، وازم لەخوێندن ھێناو ماوەی چەند ساڵێکە خەریکی کاسبی کردنم".
وتیشی "نازانم ژیان بۆ وایلێھاتووە چەند ئیش بکەیت دەریناھێنێت، خوا رەحمی کرد ژنم نەھێناوە، ئەگەر ژنم بھێنایە ئەوا دەبوو لەتاو پەیدا کردنی پارە نەخەوتمایە".
بەڕای پسپۆرانی بواری ئابوریش ئەو مووچەیەی فەرمانبەرێک وەریدەگرێت جیاوازییەکی زۆری ھەیە لەچاو پێداویستییەکانی ژیان.
رۆژان ئەحمەد، ھەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەئابوری، پێیوایە ھەژاریی ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگا، کە ھەژاری بریتییە لەبێبەشبوونی بەردەوامو درێژخایەنی داھاتو سوودمەند نەبوون لەئاستێکی شیاو لەگوزەران، ئەو بەئاوێنەی وت "زیادبوونی رێژەی ھەژاری دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ھۆکاری جۆراوجۆر، کە گرنگترینیان گەندەڵیو نادادپەروەرییە لەدابەشکردنی داھاتو سەروەتو سامانو پشتگوێ خستنی کەرتەکانی کشتوکالو پیشەسازیو گەشتیارییو درێژەکێسانی قەیرانی داراییو نەبوونی ھەلی کارە".
ئەم ئابوریناسە باس لەوەش دەکات کە مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ گرانی ئەمڕۆدا ناگونجێتو بەشی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی فەرمانبەران ناکات. ئەو وتی "لێرە مووچە وەک خۆی وایە ناگۆڕێت، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ نرخی کاڵاکانی ناو بازاڕ بەرز دەبنەوە".
وتیشی "نادادپەروەرییەکی زۆریش ھەیە لەسیستەمی مووچەدا لەلایەن حکومەتەوە، بۆ نموونە مووچەی فەرمانبەرێکی ئاسایی لەگەڵ مووچەی پلە باڵاکان جیاوازییان زۆر زۆرە".
بەگوێرەی داتاو ئامارەکانی وەزارەتی پلادانانی عێراق، رێژەی ھەژاریی لەھەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٤دا بەراورد بەساڵی ٢٠١٨، دوو ھێندە زیادیکردووە، لە٢٠١٨دا ٨.٥٪ بووە، لەساڵی ٢٠٢٤دا بەرزبوەتەوە بۆ ١٥.٣٪.
بەپێی ئەنجامی دواھەمین سەرژمێری گشتی عێراقیش، لەھەرێمی کوردستان دھۆک ھەژارترین پارێزگایە بەرێژەی (١٤.٨٪)، سلێمانی (٧.٩٪)و ھەولێر ( ٥.٩٪).
بەراورد کردنی ژیانی ئێستای خەڵک لەگەڵ ساڵانی ڕابردووی سەدەی پێشوو بەلای پیاوە بەتەمەنەکانەوە جێگەی تێڕامانیانە، لەم بارەیەوە شیروان عەبدولقادری تەمەن ٦٤ ساڵ، کە ئێستا خانەنشین بووە، باس لەوە دەکات رۆژ بەڕۆژ بەڕێوەچوونی ژیان قورستر دەبێت، ئەو وتی "لەساڵانی پێشوودا تەنیا بەکاری فەرمانبەری بژێوی ژیانی خۆمو ٦ سەر خێزانم پەیدا دەکرد، بەباشترین شێوە منداڵەکانیشم بەخێو دەکرد، تەنانەت پارەی پاشەکەوتیشم دادەنا، بەڵام زۆر پێم سەیرە ئێستا خێزانەکە ھەمووی راکە راکیانەو خەریکی ئیشکردنن، کەچی ھەر فریاناکەون".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات