ئا: عەمار عەزیز
دوو مانگە مووچەی موچەخورانی ھەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، لەسلێمانی مامۆستایانو فەرمانبەرانی ناڕازی ویستیان خوپێشاندان ئەنجامبدەن، رێگەیان پێنەدرا، مامۆستایەک لەدهۆک دەڵێت "ئێمە دڵمان بەسلێمانی خۆش بوو، کەچی ئەوێش بەدەردی دهۆک برا".
مامۆستایەکی ناوەندی شاری دھۆک بەناوی (ن. ف)، ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی داراییان یەکجار خراپە، دوو مانگە کرێی خانوو لەو پارەیە دەدات کە پاشەکەوتی کردووە، ئەو وتی "کەس لەم دۆخە ڕازی نیە، بەڵام خەڵکی ناتوانن گردبوونەوە یان ناڕەزایی دەرببڕن، پێشتر چەند جارێک مامۆستایان گردبوونەوە، بەڵام دواتر چەند کەسێکیان دەستگیرکرد کە چەند ساڵێک خرانە زیندانەوە، بەمەش خەڵک چاوترسێن کران، بەردەوام ئەو قسەیە دەکەن کە ئەگەر ناڕازایی دەرببڕن دەستگیر دەکرێن یاخۆد سزا دەدرێن".
وتیشی "ئێمە دڵمان بەسلێمانیو خۆپیشاندانو ناڕەزاییەکانی ئەو شارە خۆش بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەوێش وەک دهۆک رێگەی ناڕەزایی دەربڕینی پێنەدرا، ئێمە هیوامان لەسەر ئەوێ هەڵچنی بوو، بەڵام سلێمانیش بەدەردی دهۆک چوو".
پێشتر لەدھۆک ژمارەیەک مامۆستاو چالاکوان لەلایەن ھێزە ئەمنیەکان دەستگیرکراونو سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە، بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان .
گوھدار زێباری، کە یەکێکە لەزیندانیکراوانی بادینان، بەئاوێنەی وت "ھۆکاری ئەنجامنەدانی گردبوونەوەو خۆپیشاندان لەپارێزگای دھۆک ئەوەیە رێگەیان پێنادرێت، مۆڵەت بەھیچ کەسێک نادرێت لەدژی کەموکوڕییەکانی حکومەت ھەڵویست دەرببڕێت، لەمە خراپتر خەڵک لەسەر لایکو کۆمێنت لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە بانگ دەکرێن، سیستەمی ئەمنی لەبادینان ئازادیو دیمۆکراسیەتیان خنکاندووە".
وتیشی "بەڵام دەڤەری دھۆک هەرگیز بێدەنگ نییە، تا ئێستا چەندین چالاکوانو رۆژنامەوان لەسەر گردبوونەوەو ھەڵویستەکانی خۆیان لە زینداندان، تا ئێستاش کەیسی زیندانیانی بادینان بەرۆکی پارتی بەرنەداوە، لەسەر ئەو مامەڵە خراپەی بەرامبەر بەرۆژنامەوانو چالاکوانان کردویەتی، ھەربۆیە بادینان بووەتە ڕەمزی پێشیلکارییو زیندانێکی گەورە لەدیدی رێکخراوەکانو کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە".
ئەو کێشانەی ڕووبەرووی مامۆستایانو فەرمانبەرانی سلیمانی بووەتەوە، لەشارەکانی دیکەی کوردستانیش بەهەمانشێوە هەن، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە سەڕەرای ئەوەی مووچەشیان پێنادرێت بێدەنگن، ئەمەش بووەتە مایەی دوروستکردنی نیشانەی پرسیار.
م.بەدەل بەرواری، کە چەند ساڵێک لەزیندان بووە لەسەر داواکردنی مافەکانی خەڵک، ئێستا ئەندام پەرلەمانی کوردستانە، ئەو بەئاوێنەی وت "ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە لەکاری رێکخراوەیی بەردەواممو کاری مامۆستایەتیشم کردووە، لەدەیان سمیناردا بەشدارم بوومو هەمیشە پرسیاری ئەوەم لێکراوە کە بۆچی خەڵک لەبادینان بێدەنگە؟! تا ئێستاش نەگەیشتومەتە ئەنجامێکی دروست، تەنھا لەچەند خاڵێکدا کورتی دەکەمەوە: گرتنو لێدان، کوشتنو ناوزڕاندن، ترسی زۆردارییو خۆسەپاندن. بۆ خەڵکی دھۆکیش کۆمەڵێک شت ھەیە کە ھۆکاری سەرەکین، لەوانە: بێ خەمی، بێ ھەڵویستی، سوودمەندبوون، بەرژەوەندخوازیی، پەیوەندی بەمنەوە نییە".
وتیشی "پێش ئەوەی دەستبەسەر بکرێمو دوای ئازادبوونمانو دواتریش کە بووم بەئەندامی پەرلەمانی کوردستان، خۆم نەفرۆشتووە بۆ بەھیچ کەسو لایەنێک، سەڕەرای ئەوەی ئەو کارەی کە من کردومەو ئێستاش بەردەوامم زۆر گران لەسەر منو خێزانەکەم کەوتووە، بەدڵنیایەوە ھەر کارێک لەبەرژەوەندی کوردو کوردستاندا بێت، لێی بێدەنگ نابم".
بەبڕوای کۆمەڵناسێکیش، هۆکاریی بێدەنگی دەڤەری دهۆک دەگەڕینێتەوە بۆ ئەوەی لایەنێکی حزبی زاڵە بەسەر ھەموو جومەگەکانی دەسەڵاتداو خەڵک ترسیان لەنان بڕینو ھەڕەشەی زیندانی کردنیان هەیە، ھاوکات داخراوەیی کۆمەڵگەی بادینانیش ھۆکارێکی ترە.
سەبری موحەمەد ئەمین، کۆمەڵناسو شارەزای کۆمەڵگا بەئاوێنەی وت "داوانەکردنی ماف لەسنوری پارێزگای دھۆک دەگەرێتەوە بۆ کۆمەڵێک ھۆکار، لەوانە: زاڵبوونی لایەنێکی حزبی دەسەڵاتدار کە هەموو جومگە سیاسیو ئابوریو کۆمەڵاتییەکانی کۆمەڵگەی بەدەستەوەیە، خەڵک زیاتر ترسی لەسەرکوتو زینداینکردن هەیە"
وتیشی "تەنانەت بۆ ھەلی کاریش ئەگەر ئەندامو لایەنگری حزبی دەسەڵاتدار نەبیت، کارت پێنادرێت، ھاوکات بادینان بەگشتی کۆمەڵگایەکی داخراوە، ئەمەش ھۆکارێکی تری بێدەنگی ھاوڵاتیانە".
لەخۆپیشاندانی مامۆستایانو فەرمانبەرانی ناڕازیدا، کچانو ئافرەتان بەشێکی سەرەکیو زۆربە بوون، بەڵام بەبڕوای بەشێک لەکچانی بادینان، داخرانی کۆمەڵگە رێگە بەو ئازادی ناڕەزایی دەربڕینە نادات.
گەڵاڤێژ ھەمزە سەلیم، کچێکی شاری زاخۆیە، دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، تا ئێستا لەھیچ شوێنێک هەلێکی کاری دەستنەکەوتووە، ئەو بئاوێنەی وت "گەنجو ژن بەگشتی لەدەڤەری بادینان زۆر کەمتەرخەمن لەداواکردنی مافەکانیان، لەلایەکی تر کۆمەڵگاو دابونەریت ھۆکارێکی ترن، ئەگەر ژنێک بەشداری بکات لەگردبوونەوەیەک، پێیان دروست نیەو بەشەرم دەبینو دەڵێن پیاو نەما بوون تا تۆ داوای ماف بکەیت".
وتیشی "ھەموو کەسێک حەز دەکات داوای مافی خۆی بکات، بەڵام لێرە داواکردنی ماف وەکو تاوان ھەژمار دەکرێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات