ئا: شەنگە دارا
هۆکارەکانی لەبارچوونی منداڵ زۆرن، هەر لەکێشەی تەندروستی دایکەکەوە بگرە تا دەگات بەکوالێتی خواردنو پیسبوونی ژینگە، پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئافرەتانو منداڵبوون دەڵێت "ڕێژەی لەبارچوونی منداڵ لەکوردستاندا زۆر زیادی کردووە".
ژینۆ محەمەد. ژنیکی تەمەن ٢٨ ساڵی دانیشتووی شاری ڕانیەیە، بەخەمناکییەوە باس لەوە دەکات کە تا ئێستا سێ جار منداڵی لەبارچووە، ئەو بەئاوینەی وت "یەکەمجار کە هەستم کرد سکم هەیە، چووم پشکنینم کرد پۆزەتیڤ بوو، بەڵام مانگێک دواتر خوێنم دیتو لەگەڵ سوڕی مانگانەکەم منداڵەکەش لەبارچوو، منداڵی دوومم دڵی لێینەدەداو دوو مانگیی تەواو کرد بوو، دکتۆر پێیوتم ئەو منداڵە تەواو نیەو پێویستە لەبار ببرێتهو دڵێ لێنادات، حەبی پێدام بۆ لەباربردنەکە".
وتیشی "منداڵی سێیەمیش بەهەمان شێوەی یەکەم بوو، ئەنجامی پشکنین پۆزەتیف بوو، بەڵام منداڵەکە لەگەڵ سوڕی مانگانەدا هاتە خوارەوەو لەبارچوو".
بەپێی بەدواداچوونی پزیشکێک ئێستا مۆدێلێکی نوێی منداڵ لەباربردن داهاتووە ئەویش ئەوەیە کە ژنان بەخواستی خۆیان لەبەر هۆکاری جیاواز دەیانەوێت منداڵەکانیان لەباربەرن .
د. سومەیە، پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتانهو منداڵبوون لەهەولیر ئاماژە بۆ هۆکارەکانی لەبارچوونی منداڵ دەکات، کە لەبارچونی منداڵ لەسێ مانگی یەکەمی دووگیانی یاخود سێ مانگی دووەمی دووگیانی زیاتر روودەدات، مردنی هەر کۆرپەلەیەک پێش ٢٨ هەفتە بەلەبارچوون دادەنرێت، ئەو بەئاوینەی وت "زیاتر لە ١٠ جۆر هۆکاری لەبارچوونی کۆرپەلەمان هەیە، لەبارچونەکان زۆربەی جار پەیوەندی بەکرۆمۆسۆمەکانی دایکو باوکەوە هەیە، بەتایبەت ئەوانەی خزمن یاخود نەخۆشیەکی تایبەتیان هەیە لەخێزانەکانیان، هۆکارێکی تری پەیوەندی بەدۆخی دایکەکەوە هەیە وەک توشبوونی بەنەخۆشی شەکرەو فشاری خوێن یاخود غودەو هەوکردن، یەکێکی تر لەهۆکارەکانی لەبارچونی منداڵ دووگیانی هێشووە ترێمان هەیە کە ناسروشتیە، هەندێک حاڵەت دەگەڕێتەوە بۆ قەڵەوی دایکەکە".
وتیشی "ئەو خانمانەی منداڵیان لەبارچووە دواتر پشکنینیان بۆ دەکرێت بزانرێت هۆکارەکەی چی بووە، هەندێک هۆکار پەیوەندی بەخودی منداڵەکەوە هەیە کە کەمئەندامە یاخود نەخۆشی دڵی هەیە کە زۆر جار لەپشکنینو سۆنەریش دەرناچێت، خواردنیش پەیوەندی بە لەبارچونی منداڵەوە هەیە، وەکو زۆر خواردنەوەی کافاینو ڤیتامین A کە لەجگەرو گێزەردا هەیە، تا بتوانرێت خواردنی ماڵەوە بخورێت نەک لەدەرەوەو خواردنی لەقتونراو، هەروەها هێلکە دەبێت زۆر بکوڵێت ئەگەر نا ماددەیەکی تێدایە لەبارچوون دروست دەکات".
دکتۆرە سومەیە ئاماژە بەوە دەکات کە وا باشترە ماددەی پاکەرەوەکانو لەیزەر بەکارنەهێرێت چونکە ئەگەری لەبارچوون دروست دەکات، ئەو وتی "ئامۆژگاریمان بۆ دایکان ئەوەیە گەڕانو سەفەری دوور نەکرێت لەکاتی دووگیانیدا. ئەگەر بشکرێت پشوو وەرگیرێت بۆ ئەوەی خەستبوونەوەی خوێن ڕوونەدات، خانمان پێویستە پێش ئەوەی دووگیان بن سەردانی پزیشک بکەنو پشکنین بۆ هەردوولا بکرێتو فۆلیک ئەسید بەکاربهێنرێت بۆ سەلامەتی دایکو کۆرپەلە"
وتیشی "ڕێژەی لەبارچوونی منداڵ زۆر زیادی کردوە لەچاو ساڵانی پێشوو، ئەمە جگە لەوەی ئێستا مۆدێلێکی تازە هاتووە کە ژنان خۆیان دێن بۆ لەباربردنی منداڵو نایانەوێت، بەڵام هیچ پزیشکێک ئەو کارە ناکات بۆیە پەنا دەبەنە بەر مامانو دەرمانخانەو خۆیان چارەسەر پەیدا دەکەن ".
شارەزایەکی بواری ژینگەش ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکارێکی زیادبوونی رێژەی لەبارچوونی منداڵ لەهەرێمی کوردستاندا، پیسبوونی ژینگەیە.
مەعروف مەجید، شارەزای بواری ژینگە سەبارەت بە هۆکارە ژینگەیەکان تایبەت بەلەبارچونی منداڵ، بەئاوینەی وت "لەڕێگەی چەندین توێژینەوەو سەرچاوەی زانستییەوە سەلمێندراوە، کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی پیسبوونی ژینگەو هەوا (وەک گازی ژەهراوی، تەزووی ئۆتۆمبێل، دووکەڵی کارگەکان) یەکێکە لەهۆکارە سەرەکییەکانی لەبارچوون. دەشبێتە هۆی پێشوەختە لەدایکبوونی منداڵو کەمی کێشی منداڵ لەکاتی لەدایکبوون، ئافرەتانی دووگیان کە بەرکەوتنیان لەگەڵ پیسبوونی هەوا هەیە، زیاتر مەترسی لەبارچوون یان لەدایکبوونی منداڵی کەمکێش یان پێشوەختەیان لەسەرە. لەساڵی ٢٠١٩وە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار منداڵی تازە لەدایکبوو لەعێراق بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە گیانیان لەدەستداوە، مەترسی ئۆتیزمو هەناسەتەنگیو بەرکەوتنی کۆرپەلە لەگەڵ ماددە پیسکەرەکانی هەوا (وەک پلاستیک و قورقوشم) دەبێتە هۆی تێکچوونی گەشەو رێژەی ئەم نەخۆشیانە زیاد دەکات".
وتیشی "لەڕاپۆرتە پزیشکییەکاندا ئاماژە بەچەند هۆکارێک دەکرێت کە پیسبوونی ژینگە کاریگەری لەسەر دروستبوونیان هەیە، وەک کەمی فۆلیک ئەسید، پیسبوونی خاکو ئاو دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کوالیتی خۆراکەکان (وەک سەوزەو میوە)، کە سەرچاوەی سەرەکی فۆلیک ئەسیدن. کەمی ئەم ڤیتامینە یەکێکە لەهۆکارەکانی لەبارچوون، بەتایبەت لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا، بەرکەوتن بە ماددە کیمیایییەکان بەکارهێنانی ماددە پاککەرەوە ژەهراوی لەماڵەکان (وەک کلۆرو ئامۆنیاک) یان بەرکەوتن لەگەڵ قرکەرە کشتوکاڵییەکان، دەبێتە هۆی تێکچوونی هۆرمۆنیو زیانگەیاندن بەکۆرپەلە، تووشبوون بەڤایرۆسو بەکتریاو پیسبوونی ئاو دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک "تۆکسۆپلازما" (دەردە پشیلە) کە یەکێکە لەهۆکارە ناسراوەکانی لەبارچوونی منداڵ" .
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات