فرانز کافکا: ژیانێکی کورت و بەپیت
  2025-07-04       106       

بەکر شوانی

 

ئەمڕۆ یادی 142 ساڵەی لەدایکبوونی فرانز کافکایە، ئەو نووسەرەی لە لیستی خاوەن زۆرترین خوێنەراندایە لەسەر ئاستی جیهان.

ئەگەرچی تا ئێستا بە زیادیشەوە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی تێر و تەسەل سەبارەت بە نووسەری ناودار فرانز کافکا (1883-1924) و بەرهەمەکانی ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئەمڕۆش تەمی ئەفسانەی دەوری ژیانی ئەو نووسەرە کورتتەمەنە بەتەواوی نەڕەویوەتەوە. کافکا کوڕی خێزانێکی جوولەکەی پراگ بوو، ژیانی پڕ لە خەم و ئازار و نێوانی لەگەڵ باوکیدا زۆر خراپ بوو، چونکە ئەم نووسەرێکی هەستیار بوو لە ژێر کۆت و دەسەڵاتی باوکێکی زۆردار و خۆسەپێندا. یەکێک لە نهێنییە ئاشکرانەبووەکانی ژیانی کافکا، ساڵ و سەردەمی دەستکردنێتی بە نووسین. لەم ڕووەوە هیچ بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوە لە ئارادا نییە. بە قسەی هوگۆ بێرگمان (1883-1975)ی هاوڕێی قوتابخانەی کافکا بێت، کافکا هەر لە ساڵانی سەرەتای قۆناغی ناوەندیدا لای ئەو گوتوویەتی خوازیارە ببێت بە نووسەر. بەڵگەیەکی تر لەو بوارەدا نامەیەکی کافکایە بۆ ئۆسکار پۆلاک (1883-1915)ی هاوڕێ و هاوتەمەنی خۆی کە تیایدا دەنووسێت: "بەم زووانە بەستەیەکت بۆ دەنێرم هەموو ئەو شتانەی تێدایە کە تا ئێستا نووسیومن. وەک شتومەکی منداڵانە و هیچی کەم نییە..." بەئەگەری زۆر، کافکا لە تەمەنی باڵقبووندا، واتا لە سەرەتای 13 یان 14 ساڵیدا دەستی بە نووسین کردووە و ئەوەشی لە کەسوکاری خۆی نەشاردووەتەوە، چونکە لە دەفتەری بیرەوەریی ڕۆژانەی خۆیدا دەنووسێت چۆن جارێک بە بەرچاوی خزمەکانییەوە سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانێک بووە بێ ئەوەی کەس لە ئامادەبووان بایەخیان بەو کارەی ئەو دابێت. دەبێت ئەوە سەرەتای تەمەنی کورتخایەنی نووسینی کافکا بووبێت کە لە میانەیدا شاکارەکانی وەک (بڕیار، مردن، کۆشک، ونبوو) و بەرهەمەکانی تری نووسیوە.

زۆربەی کارەکانی کافکا بە تراژیدیا و مەرگی پاڵەوانەکانیان کۆتاییان پێ دێت. بەڵام بەلایەنی کەمەوە چیرۆکێکی هەیە کە پێویست بوو گەشبین بێت و ئەویش ڕۆمانی "ونبوو"ی نیوەناچڵ و تەواونەکراوە. ماکس برۆدی هاوڕێی نزیکی کافکا لە وتاری پاشەکیی چاپی یەکەمی ئەو ڕۆمانەدا دەنووسێت: "کافکا بەشی (شانۆی سرووشتیی ئۆکلاهۆما)ی وەک دوایین بەشی ڕۆمانەکە داناوە. بە وشەی پڕ لە نهێنی و بە دەمی بەخەندەوە ڕوونی کردەوە کە پاڵەوانە گەنجەکەی ئەو لە میانەی پەرجوویەکی بەهەشتییەوە نیشتمان و دایک و باوکی دەدۆزێتەوە." بەڵام ئەمە پێچەوانەی چەند لاپەڕەیەکی دەفتەری بیرەوەرییەکانی ڕۆژانەی کافکایە کە تیایدا باس لە مردنی خەمناکی گەنجێک بەناوی کارل ڕۆسمان دەکات. وا پێ دەچێت بەنیاز بووبێت کۆتایی ڕۆمانەکە بۆ بەهەشت بگوازێتەوە. مژارێکی تر لە مێژووی کورتخایەنی کافکادا وەسێتکردنێتی بۆ ماکس برۆدی هاوڕێی تا لە دوای مردنی، هەموو بەرهەمەکانی لەناوببات. کافکا لە دوو وەسیەتنامەدا داوا لە برۆد دەکات هەموو کتێب و دەستنووس و دەفتەری یادگارییەکانی و نامەکانی بفەوتێنێت. نووسەر دوو مەبەستی لەو وەسیەتە هەبووە، لەلایەک نەیویستووە نووسین و نامە و نهێنییەکانی بکەونە دەستی کەسانی نامۆ و نەناسراو، لەلایەکی تریش خوازیار بووە بڵاونەکردنەوەی ڕۆمانە تەواونەکراوەکانی مسۆگەر بکات. بەڵام برۆد وەسیەتەکەی کافکای بەجێ نەهێنا و ڕۆمانە تەواو نەکراوەکانی نووسەری لەناو نەبرد. بەگشتی وەسیەتنامەکانی کافکا ئەو دڵەڕاوکێ و گومانانە لەخۆ دەگرن کە نووسەر هەموو کاتێک پێش بڵاوکردنەوەی ڕۆمانە تەواونەکراوەکانی هەستی پێ کردووە.

مانەوەی کافکا تا تەمەنی 31 ساڵی لە ماڵەباوان یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییەکانی ژیانی ئەو نووسەرە. لە سەردەمی ژیانی ئەودا تەنیا گەیشتن بە تەمەنی 18 ساڵ بەس نەبوو بۆ ئەوەی کوڕان لە ماڵەباوان جیا ببنەوە و خانووی تایبەت بە خۆیان هەبێت. تەنیا ڕێگایەک هەبوو بۆ جیابوونەوە و دانانی ماڵ کە ئەویش پێکەوەنانی ژیانی هاوسەرێتی بوو. ئەگەر گەنجێکیش تا خۆی پێک نەهێنابایە و توانای بەڕێوەبردنی ماڵ و خێزانی نەبوایە، خۆی لە قەرەی پێکەوەنانی ژیانی هاوسەرێتی نەدەدا. بۆ نموونە، ماکس برۆد و فەلیکس ڤێلچی هاوڕێیانی نزیکی کافکا، یەکەمیان تا تەمەنی 29 ساڵی و دووەمیان تا تەمەنی 28 ساڵی لەگەڵ دایک و باوکیاندا ژیان. کافکا لە سەرەتای شەڕی یەکەمی جیهاندا، واتا لە تەمەنی 31 ساڵیدا هێلانەی دایک و باوکی بەجێهێشت و چەند کۆڵانێک لەولای ماڵی باوکییەوە لە پراگ خانوو نا، ژوورێکی بەکرێ گرت. بەڵام هۆکاری گواستنەوەی کافکا لە سۆنگەی پێکەوەنانی ژیانی هاوسەرێتییەوە نەبوو، بەڵکو ناچار بوو ژوورەکەی خۆی خاڵی بکات بۆ ئێلیی خوشکی و منداڵەکانی، چونکە مێردی ئێلی وەک سەرباز ڕووی لە بەرەکانی شەڕ کردبوو. پاش ئەوەی مێردی ئێلی سۆراخی نەما و لە شەڕ نەگەڕایەوە، ئەمجار کافکا بەیەکجاری کەڵکەڵەی گەڕانەوەی بۆ ماڵەباوانی لە سەری خۆی دەرهێنا و ساڵی 1917 لە گەڕەکی پالاس شوێنبۆرنی پراک خانوویەکی بەکرێ گرت. پێش دەستپێکردنی شەڕ، خەونی کافکا ئەوە بوو لە پراگەوە بار بکات بۆ بەرلین و لەوێ دوور لە چاوی دایک و باوک و کەسوکار و لە کەشێکی ئارامدا هەموو ژیانی خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات. بەڵام هەڵگیرسانی شەڕی یەکەمی جیهان ئەو خەونەی نووسەری تا ساڵێک بەر لە مردنی دواخست. دواتر کافکا ساڵی 1918 بەهۆی نەخۆشیی سیل و تێکچوونی باری ژیانەوە پێویستیی بە کەسوکاری هەبوو. ساڵی 1923 خەونی خۆی بەدیهێنا و لەگەڵ دۆرا دیامانت (1898-1952)ی هاوسەری لە بەرلین بنە و بارگەیان خست و لە خانووی خۆیاندا نیشتەجێ بوون.

بارکردنی کافکا لە پراگی پایتەختی چیکۆسلۆفیاکیای ئەو سەردەمەوە بۆ بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا پرسیارێکی ڕەوا سەبارەت بە نیشتمانی کافکا و هەستی پەیوەنداریی نیشتمانیی نووسەر دەهێنێتە ئاراوە. پێش شەڕی یەکەمی جیهان کافکا هاووڵاتیی ئیمپراتۆریای نەمسا-هەنگاریا بوو، چونکە پراگیش دەکەوتە سنووری ئەو ئیمپراتۆریایەوە. لە دوای شەڕی یەکەم کۆماری چیکۆسلۆفاکیا هاتە دامەزراندن و نووسەریش یەکێک بوو لە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە. کافکا لە نامەیەکدا زمانی ئەڵمانی بە زمانی دایک دادەنێت و دەنووسێت: "ئەڵمانی زمانی دایکمە، بەڵام زمانی چیکی-ش لە قوڵایی دڵمدایە." کەمینەی ئەڵمانیزمانی پراگ لەو سەردەمەدا نزیکەی 7%ی دانیشتووانی شاریان پێکدەهێنا و لە کۆمەڵگایەکی داخراودا دەژیان و زمانەکەشیان بە ئەڵمانیی پراگ ناودەبرا. کافکا لە هەمان نامەی سەرەوەدا ئاماژە بۆ ئەو دابڕان و گۆشەگیرییەش دەکات و دەنووسێت: "من هیچ کاتێک لە ناو گەلی ئەڵماندا نەژیام." ئەو هەمان کات سەر بە کەمینەی جوولەکەی پراگیش بوو. لە سەردەمی خوێندنی ئەودا لە قوتابخانەکانی پراگدا ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان خوێندکارانی چیکی و ئەڵمانیدا هەبوو. لە کارەکانی کافکادا هیچ پەیوەندیداری و هەستێکی نیشتمانی بۆ ئەڵمانیای پێش شەڕی یەکەمی جیهانی، یان بۆ نەمسا بەدی ناکرێت.

پێکەوە ژیانی کافکا و دیامانت لە بەرلین زۆر درێژەی نەکێشا، چونکە تا دەهات تەندروستیی کافکا خراپتر دەبوو. ئەو سیلەی لە ساڵی 1917وە تووشی ببوو، زستانی 1923/1924 ژیانی لێ تاڵ کرد، بەردەوام تای لێ دەهات، دەکۆکی، قوڕگی دەسووتایەوە و تا دەهات نووزەی دەنگی لە کزی دەدا. لە چەند هەفتەی پێش مردنیدا پزیشکەکانی ئامۆژگارییان کرد زۆر قسە نەکات بۆ ئەوەی سووتانەوەی گەرووی زیاتر پەرە نەسێنێت. کێشی کافکا ڕۆژ بە ڕۆژ دادەبەزی و لە ڕۆژی مردنیدا تەنیا 45 کیلۆگرام بوو. هۆکاریش ئەوە بوو لەبەر ئازاری قوڕگ و نەبوونی ئارەزووی خواردن، نەیدەتوانی وەک پێویست نان بخوات. دواجار کافکا ڕۆژی 3 حوزەیرانی ساڵی 1924 لە تەمەنی 41 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی ناوچەی کیرلینگی نزیک لە ڤیەنا ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لە تۆماری ئەو نەخۆشخانەیەدا کە تا ئێستاش پارێزراوە، "پەککەوتنی دڵ" وەک هۆکاری مردنی تۆمار کراوە. ڕۆبێرت کلۆپشتۆک (1899-1972)ی هاوڕێی کافکا لە هەفتەکانی کۆتایی ژیانی ئەودا لەگەڵیدا مایەوە و زۆر دڵسۆزانە خزمەتی کرد. دەنگۆی ئەوە هەیە کافکا تکای لە کلۆپشتۆک کردبێت بڕێکی زیاد مادەی مۆرفینی بداتێ بۆ ئەوەی بمرێت و لە دەست ئازاری بێسنوور ڕزگاری بێت. پێدەچێت کلۆپشتۆک ئەو تکایەی کافکای بەجێهێنابێت، بەڵام تا لە ژیاندا بوو، هیچ کاتێک شتێکی ڕوونی لەو بارەیەوە نەدرکاند.

لەوانەیە تا چەندین دەیەیەی تریش توێژینەوە و لێکۆڵینەوە دەربارەی ژیان و کارەکانی کافکا ئەنجام بدرێت، چونکە ئەو مارکەیەکی کولتووریی سەدەی بیستەمە و کەم نووسەری ئەو سەردەمەی کافکا هەیە بە ئەندازەی وی ڕێزی خەڵک و دەوروبەرە جیاواوەکانی بۆ خۆی مسۆگەر کردبێت. تەنانەت کەسانێکی زۆریش لەوانەی کە ناخوێننەوە، باوەڕیان بە توانای کافکا هەیە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەشدا هەندێک خوێنەری تر پێیان وایە کافکا سەر بە چاخێکی ترسناک و پڕ لە کارەساتە و ئەمەش تووشی ڕاچەڵەکینیان دەکات. هەمان چارەنووسی کافکا یەخەی زۆرێک لە ناودارانی بواری کولتوور و سیاسەتی ئەو سەردەمەی گرتووە و پەردەیەکی تۆخی بەدگۆیی و پێشبینیی ناڕاست بەسەر کەسایەتیی ڕاستەقینەیاندا دراوە کە مەگەر تەنیا زەمان و لێکۆڵینەوەی بەردەوام تەنکی بکاتەوە و بیڕزێنێت.

 

لەپەیجی "بەکر شوانی" وەرگیراوە

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×