ئا: كاوە ڕەش
لەگەڵ زۆربوونی ڕێژەی كورد لەوڵاتی بەریتانیا، تا دێت ئامارەكانی تاوان و سزادانی كەسانی نێو ڕەوەندی كوردیش لەو ووڵاتە بەرز دەبێتەوە، لەماوەی تەنها یەك مانگدا چەندین كورد دەستگیر كراون بەتاوانی جۆراو جۆر، سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.
*(ه، ح) تەمەن ٣٠ ساڵ، لەدوای هەڵهاتنی لەهەردوو وڵاتی ئیتاڵیاو ئەڵمانیاوە، لەساڵی ٢٠١٩، ڕووی لەبەریتانیا كردووەو داوای مافی پەنابەریی كردووە، بەڵام داواكەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاوە، لەساڵی ٢٠٢٣ ڕەتكراوەتەوە.
بەدوای پێداچونەوەی بەكەیسەكەی لەدادگا، مافی پەنابەریی پێدەدرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی، (ه) پێشتر لەئیتاڵیاو ئەڵمانیا، مافی پەنابەریی ڕەتكراوەتەوە، بۆیە ڕووی لەبەریتانیا كردووە، بەڵام لەنۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو ئاشكرابووە كە ناوبراو بەپێنج تۆمەتی دابینكردنی بەماددەی هۆشبەرەوە لەدادگای شاری "ڕیگنسبورگ"ی ئەڵمانیا داوكراوە.
دوای نزیكەی شەش ساڵ لەمانەوەی لەبەریتانیا، لەماڵەكەی خۆی لەشارۆچكەی ئۆڵدهام، لەنزیك شاری مانچستەر، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە، ئەو ئێستا چاوەڕێ ڕادەستكردنەوەیەتی بەدادگای ئەڵمانیا، كە داواكراوە بەتۆمەتی مامەڵە كردنی بەماددەی هۆشبەرەوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی، ناوبراو ساڵانە بەبیانوی دەستنەكەوتنی كارو چاودێری كردنی خێزانەكەی بڕی ٤٣٠٠ پاوەندی لەلایەن سۆشیالەوە بۆ دابین كراوە.
*دوو كوردی دیكە، كەخاوەنی شوێنی غەسلی ئۆتۆمبێلن لەبەریتانیا، لەلایەن ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیاوە، بەتاوانی قاچاخچیەتی كردن بەكۆچبەری نایاساییەوە دەستگیركراون. هەریەكە لە(د.ش) ٤١ ساڵو (ع. خ) ٤٠ ساڵ، هەزاران پاوەندیان دەستكەوتوە لەبازرگانی كردن بەهێنانی كۆچبەران، لەعێڕاق و ئێران و سوریاوە، بۆ بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپا.
ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا دەڵێت "دواێ چاودێری كردن و لێكۆڵینەوەی ووردی درێژخایەنی كارمەندەكانیان.
توانیویانە ئەو دوو كوردە لەشوێنی شۆردنگەی ئۆتۆمبیل كە خۆیان خاوەنی بوون، دەستگیر بكەن".
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی دەیلی ڕیكۆرد پۆلیس چەندین گرتە ڤیدۆی كۆچبەرانی نایاسایی وەك بەڵگە دەستكەوتوە، كە تێدا ستایشی كارەكانی ئەو دوو كوردە قاچاغچیە دەكەن.
بڕیارە دادگای كردنی ئەو دوو قاچاغچییە كوردە، مانگی چواری ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت.
*هەرلەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، كوردێكی دیكەش كە پێشتر بەتاوانی گێچەڵی سێكسی و خۆ خاڵی كردنەوە لەبەرامبەر ئافرەتدا، سزای پێنج ساڵی بەسەردا سەپێندرابوو، تەنها ڕۆژێك دوای هاتنە دەرەوەی لەزیندان، كە بەمۆڵەتی پۆلیس و لەژێر چاودێری ئاڵقەی پاژنەپێی جی پی ئێس لەخانەی بێماڵ و حاڵەكاندا نیشیەجێ كراوە، دیسانەوە بەتاوانی گێچەڵی سێكسی و خۆ خاڵی كردنەوە لەبەرامبەر ئافرەتدا دەستگیر دەكرێتەوە.
ئەو كوردە كەناوی (د.م)یەو تەمەنی ٣٦ساڵە، بێ گوێدانە ڕێنمایەكانی چاودێری كردنی لەلایەن پۆلیسەوە، لەڕێگای ئاڵقەی پاژنەپێی كە پێویستی بەبارگاوی كردنەوە هەبووە، چۆتە دەرەوەو جی پی ئێس كەی بارگاوی نەكردۆتەوە.
دانا مستەفا، کە دەوترێت تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیای پارانۆیایی بووە، لەكاتی دوایین ئامادەبوونیدا لەدادگادا، لەلایەن ڕاوێژکاری یاساییەوە نوێنەرایەتی نەکرابوو، بەڵام ئەو دەرفەتەی ڕەتکردەوە بەناوی خۆیەوە ڕێگەی سووککردن بەسزاكەی بدات ئەو تەنها ئەوەی گوتووە "باشم، نامەوێت هیچ شتێک بڵێم".
دادوەر ئەو كوردەی بە١٢مانگ زیندانی كردن سزاداوە.
*هەربەتاوانی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر كچێكی منداڵ، كوردێكی دیكەش بەناوی، "ا.ع)، سزای ١٣ساڵ زیندانی لەلایەن دادگای بەریتانیاوە بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو لەنیسانی ساڵی ڕابردوو، دوای ئاشكرابوونی تاوانەكەی بەریتانیای بەرەو فەڕنسا جێهێشتووە، بەڵام دواتر لەفەرەنسا دەستگیردەكرێت و بۆ دادگایی كردن ڕادەستی پۆلیسی بەریتانیا دەكرێتەوە.
ناوبراو كچێكی تەمەن ١٣ ساڵانی لەڕێگای پلاتفۆڕمی سۆشیال مێدیاوە دەناسێت و دواتر لەشوێنی نیشتەجێبونی لەفلاتەكەی كە دەكەوێتە ڕۆژئاوای كێنت، دەستدرێژی سێكسی دەكاتەسەر.
دوای ئەوەی كەسوکاری ئەوكچە منداڵە پۆلیس لەبێسەروشوێن بونی كچەكەیان ئاگادار دەكەنەوە، پۆلیس سەرەداوی ونبونی دەستنیشان دەكات. لەكاتی پشكنینی شوێنی نیشتەجێبونی ئەو كوردە تاوانبارە، بەقوربانییەكە دەڵێت "لای پۆلیس بڵێ تەمەنم ١٧ساڵانە، لەكاتێكدا كچەكە تەمەنی تەنها ١٣ساڵان بووە".
بەپێی لێدوانی پۆلیس، تاوانبار لەكاتی ئاشنا بوونی بەو كچە منداڵە، ئەویش گوتویەتی كە تەمەنی هاوشێوەی ئەوە، لەكاتێكدا ئەوكاتە كوردەكە، تەمەنی ١٩ساڵ بووە.
ئەم کوردە هەفتەی ڕابردوو لەدادگای تاجی (وولویچ) بەتۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و پێنج تاوانی سێکسی دیکە، تاوانبارکرا
هەروەها لەگەڵ ئەوەش بەتاوانی ڕفاندنی منداڵ، سزا دراوە، كە كۆی سزاكەی ١٣ساڵ زیندانی كردن دەبێت.
*(ڕ.ف)، كوردێكێ دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەو تەمەنی ٣٣ساڵە، ماوەی شەش ساڵە وەك پەناخواز ڕووی لەبەریتانیا كردووە، بەگوتەی خۆی بەهۆی بیروباوەڕی ئایینیەوە لەدەست ڕژێمی ئێران هەڵهاتوە.
بەڵام بەگوتەی پۆلیس، ئەو كوردە دوای دەركەوتن و چاودێری كردنی لەڕێگای كامێڕاكانی چاودێری سەرشەقامەكان، دەركەوتوە كە بازرگانی بەماددەی هۆشبەرەوە كردوە، لەجۆری كۆكاین.
پۆلیس دەڵێ "ئەو لەیەكێك لەتۆمارەكاندا دەردەكەوێ، كە چەند جارێك سەردانی چەند ماڵێك دەكات، بۆ فرۆشتنی كۆكاین و دواتریش ئۆتۆمبیلێكی جۆری هۆندایی و پاسكیل سوارێكیش لەشوێنی جیاوازتر، ماددەی هۆشبەری لێدەكڕن. ئەو بازرگانە، ماددە هۆشبەرەكانی لەناو كیسی پلاستیكی بچوك و تۆپەڵە كراودا، داوەتە دەست كڕیارەكانی".
دوای گەڕان و پشكنینی ئەو خانوەی لێی نیشتەجێی بووە، پۆلیس بڕی زیاتر لە٨ گرام كۆكاین، كە نرخەكەی زیاتر لە٥٠٠ پاوەندە بووە، لەگەڵ چەندین پارچە تۆپەڵەی ماددەی هۆشبەری جۆری كڵاس ئەی "كانەبی" كە نرخی ئەویش ٧٥٠ پاوەند بووە، گرتووە.
لەكاتی دادگای كردنیدا ئەو كوردە، سكاڵا ئەوەی كردوە بەهۆی ئەوەی خێزان و كەس و كاری نەبوە، ناچار بووە پەنا بۆ ئەو كارە بەرێ، لەبەرامبەر ئەوەی دوو هاوڕێی شوێنیان كردۆتەوە بۆ نیشیەجێ بوون، ئەویش ماددەی هۆشبەری بۆ فرۆشتون.
هەرچەندە دانی بەوەدا ناوە كە خۆی پێشتر ئەو ماددە هۆشبەرانەی بەكارهێناوە، بەڵام دەڵێ "ئێستا تەركی كردوە".
دادگا بەتاوانی مامەڵەكردنی بەماددەی هۆشبەرەوە، ماوەی سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندووە .
هەروەها دادوەر ئەوەشی ڕاگەیاندووە، دوای ئازادكردنی دەكەوێتەوە سەر وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، كە ئایە دەستبەسەری دەكەنەوە، لەسەر ڕەوشی مافی پەنابەریی یاخود نا.
*هەرلەسەر كەیسی ماددەی هۆشبەر، كوردێكی دیكەش لەم هەفتەیەدا وەك بازرگانێکی مادەی هۆشبەر، کە کراک کۆکاین و هێرۆینی لەسەر شەقامەکان دەفرۆشت، بۆ ماوەی ١١ ساڵ زیندانی کرا.
(ڕ. م)، كە لەناو گروپێك كاری كردووە، بەناوی هێڵی سی جەیی کاریان بازرگانی كردن بووە، بەماددەی هۆشبەرەوە لەبەریتانیا، دەستگیر كراوە.
بەپێ لئكۆڵینەوەكانی دادگای شاری چێستر لەبەریتانیا، ئەوكوردە تەمەن ٣٧ ساڵە، دوای ئەوە ئاشكرا بووە كە باندەكەیان لەڕێگای نامەی تەلەفۆنێەوە پەیوەندی بەكڕیارەكانیەوە كردووە، بۆ داوا كردنی ماددەی هۆشبەر، تا بەدلیڤەری بۆیان بگەیەنن.
دوای گەڕان و پشكنینی ئەو ناونیشانەی تێیدا دەستگیرکراوە. دەست بەسەر چەندین مۆبایلدا گیراوە، لەگەڵ بڕێکی زۆر پارەی کاش. هاوكات دەست بەسەر مادەی، کراک کۆکایندا گیراوە، بە بەهای ١٢٤٠ پاوەندە. هێرۆین، بەبەهای ٥٣٠ پاوەند.
(ڕ.م)، دەبێت ماوەی ١١ ساڵ لەزیندان بەسەربەرێت بەهۆی بازرگانی كردن بەماددەی هۆشبەرەوە، ئەو سزایە تاوانی جیاواز دیكەش لەخۆدەگرێت، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تەمموزی ٢٠٢٢ لەناوچەی مانچستەری گەورە، ئەنجامی داوە، بەهەڕەشەکردن لەکەسێک بەتەنێكی تیغدار.