حزبە دەسەڵاتدارەکان کۆڵانەکانو شەقامەکانو پردەکانو ستونی کارەباکانیان بۆ خۆیان داگیرکردووە
ئا: ئیمان زەندی
ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق، ماوەیەکی کەمی ماوە، وێڕای ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەم لەهەرێمی کوردستاندا لەئاستی کۆمەڵایەتیدا ساردو سڕ دەردەکەوێت، بەڵام ئاوێنە چاوی لەسەر خاڵێکی دیکەی هەڵبژاردنەکەیە ئەویش نایەکسانی دەرفەتی لایەنەکانە لەبانگەشەو داهاتی پێویست بۆ بانگەشەکە.
"بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی نەرمو سەردەمیانە بەڕێوە دەچێت"
فازڵ بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەلێدوانێکدا بۆ ئاوێنە لەبارەی ساردوسڕی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "من دڵخۆشم بەشێوازی بانگەشەکە، بەڵام خەڵکی ئێمە بەتوندوتیژی راهاتوون یاخود تەشهیریان پێخۆشە، بەڵام ئەم بانگەشەیە زۆر سەردەمیانەیەو هێمنانەیەو مۆرکی کوردایەتی پێوە دیارە تاوەکو حزبایەتی".
لایخۆشییەوە لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان تایبەت بەئاوێنە رادەگەیەنێت "ساردوسڕی هەڵبژاردن بەهۆی ئەوەیە کە جیاوازە لەهەڵبژاردنی کوردستان، هەروەها ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وا دەخوازێت کوردەکان یەکگرتوو بن، ئەگەرنا ناتوانن ئەو یاسا قورسانە لەبەغدا تێپەڕێنن، هەروەها نابێت بەوشێوە توندە بێت کە نەتوانن لەبەغدا لێکتێگەیشتنیان هەبێت".
نێروەیی وتیشی "بانگەشە نەرمترە، بەڕای منیش ئەو نەرمییە باشترەو خەڵک ماندوبووە لەزمانی زبرو پەیامی توند کەلە میدیا بڵاودەبێتەوە، تاوەکو هەڵبژاردنێکی هێمنانە بێت هیچ سەرپێچییەک روونادات".
یەکگرتووی ئیسلامی کورستان بەشێوەیەکی جیاوازتر روونیدەکاتەوەو بەوتەی هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی ئەو حزبە بێت، بانگەشەی هەڵبژاردن سەرەتا وەک پێشبینیدەکرا زووتر لەوادەی خۆی دەستیپێکرد، هەربۆیە "سەرەتاکانی گەرم نەبوو، لەبەرئەوەی هەڵبژاردنەکە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەو ژمارەی کورسییەکان 44 کورسییەو ژمارەی کاندیدەکان لەچاو پەرلەمانی کوردستان کەمترە، بۆیە بانگەشەکە هێورترە".
لەلایەکی دیکەشەوە بێستون حەمە ساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنو ئاماری کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەگفتوگۆیەکی ئاوێنەدا ئاماژە بەوەدەکات کە جیاوازی بانگەشە ئەوەیە کە لایەنە دەسەڵاتدارەکان گەرمترنو پارەی زۆریان خەرجکردووە لەسەر "حسابی خەڵکو مووچەخۆر"، بەڵام ئۆپۆزسیۆنەکان بەتایبەت کۆمەڵی دادگەری بەپێی توانا مادییەکەی بانگەشەی کردووە، سەبارەت بەخاڵەکانی دیکەش ئەو دەڵێت "نامانەوێت بانگەشە ببێتەهۆی ئازارو نارەحەتی خەڵک لەشەقامەکان، سێیەم خاڵ بەهۆی برسیبوونی خەڵکە، ناکرێت ئێمە بێین بەپارەیەکی زەبەلاح بانگەشە بکەین".
"کێبڕکێکە نادادپەروەرانەیەو فشارو هەڕەشەو کڕینیش هەیە"
هۆگر چەتۆ، سهرۆكی تۆڕی شهمس بۆ چاودێریی ههڵبژاردنهكان لەهەرێمی کوردستان لەرێگەی گروپەکەیانەوە چاودێری بانگەشەی سەرتاسەری عێراق دەکەن کە سەرپێچی بڕیارەکانی کۆسیۆن دەکرێتو بۆشیان دەنێرن، ناوبراو لەوەڵامی ئەوەی سەرپێچییەکان چین؟ بەئاوێنەی وت "ئەوەی لەپڕوپاگەندەکانی هەڵبژاردن دەیبینن وشەی سەرنجڕاکێشە لەگەڵ دانانی فلێکس لەشوێنی قەدەغەکراوو دڕاندنی، چوارەمیش وتاری توندو تائیفییە".
وتیشی "لەکوردستان ئەو رێکلامانەی لەمیدیا ئۆپۆزسیۆنەکانە هەندێک وتە ئاساییە کە بەکاردێت، بەڵام هەندێکیان تۆمەتن، بەنمونە هەزاران هەزار دۆلار دزراوە، هەروەها چاوەڕێش دەکرێت لەئایندەدا وتارەکان توندتریش ببن".
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوەتی هەڵوێست لەگفتوگۆیەکی لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنەدا لەبارەی فشارەکانو نایەکسانی دەرفەتی هەڵبژاردن، رایگەیاند "لەبانگەشەی هەڵبژاردن کێبڕکێی نادادپەروەرانە هەیە، هەر کێبڕکێ نییە فشارو هەڕەشەو کڕینیشە".
ناوبراو خاڵێکی مەترسیدار بۆ ئاوێنە باسدەکاتو دەڵێت "فشارێکی ئێجگار زۆر لەسەر هێزی ئەمنیو سەربازی هەیە بۆ دەنگدانو کۆپی کارتو فەسڵکردن، ئێستا بۆ فەرمانبەری مەدەنیو مامۆستاو کۆمپانیای کەرتی تایبەتیش پەڕیوەتەوە، لەکۆتاجاردا داوایان لەکارمەندی پاککەرەوەی نەخۆشخانەکانو سەر شەقامەکان کردووە بە٣٠٠ هەزار کارتی دەنگدان نەهێننو نەچن بۆ دەنگدان، فەسڵ دەکرێن!".
بڕیاردەری هەڵوێست نەشیشاردەوە کە تاوەکو ئێستا یەکێتیو پارتی چونەتە لای حەوت کاندیدیان کە "بکشێنەوە لەعەلیو هەڵوێست، پێیان وتوون: چیتان دەوێت بۆتان دەکەین".
هەروەها بەرەی گەل لەگەڵ ئەوەی سەرکردەکەی دەستگیرکراوە بانگەشەکەیان تەواو جیاوازە لەئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە بەجۆرێک نەک تێبینیان لەسەر بانگەشەی هەرێمە، بەڵکو بەوتەی بورهان رەشید گوڵە، سەرۆکی لیستی ئەو حزبە لەبازنەی سلێمانی "هەڵبژاردنی عێراق سیستەمی پیکۆسە کە تەنیا بۆ ساختەکاریی کڕیویانە تاوەکو هەرێمو بەغدا لەشوێنی خۆیان بمێننەوە".
گوڵە لەسەر نایەکسانی دەرفەتی هەڵبژاردنیش دەڵێت "بەدڵنیایەوە دەرفەتی نایەکسانی زۆر هەیە، کەسێک لەولاوە دێت دەڵێت 'ئامرقەبزی' چەند کەسێکم پێیە لەلالەزارو دەیگرمو تەلەفزیۆنەکە تاڵان دەکەم تاوەکو بەرەی گەل ئەو راگەیاندنەشی نەمێنێت، میدیاکەمان کە داخرا بانگەشەکەی پەکخستین، ئەوە گێچەڵە کە بەتانکو زرێپۆشو درۆنەوە هاتنە سەرمان، بەڵام هیچ هەڕەشەیەکی شەخسی نەبووە".
د. دڵشاد محەمەدیش، کە کاندیدی سەربەخۆیەو کاندیدی ژمارە ٢٢٦ە لەبازنەی سلێمانی، لەوبارەیەوە وتی "کاتێک باسی هەر پڕۆژەیەک دەکەین دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆن بەیەک ئەجندا رووبەرووت دەبنەوە، ئەویش بەپەیجو ئەکاونتی ساختە".
بەڵام یەکێتی دەرفەتی بانگەشە بە ئەوروپا دەچوێنێتو لەتیف نێروەیی باس لەوەدەکات، کە ئەوە پێی ناڵێن نایەکسانی، بەڵکو لەئەوروپاش بەوجۆرەیە هەرلایەنەو بەپێی "ئیمکانیاتی" مرۆییو تەکنیکی لەراگەیاندن بانگەشە دەکەن، بەڵام "دەبینین هەر ئەوان (ئۆپۆزسیۆنەکان) زۆرترین کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەبەستنو لەسۆشیاڵ میدیادا پەیامەکانیشیان بەباشی دەگات".
ئاوێنە پرسی کەلە ناوچەی سەوز رێگری دەکرێت لەو حزبانەی سەرکردەکانیان دەستگیرکراوە؟
نێروەیی وتی "خۆتان لەسلێمانین بیژمێرە، بزانە وێنەی کاک قوباد زیاترە یاخود وێنەی شاسوار؛ سەیربکەو وەڵامەکەت دەستدەکەوێت!".
فازڵ باشارەتیش لایخۆیەوە رەتی دەکاتەوە کە لەزۆنەکەیان گێچەڵ بەئۆپۆزسیۆنەکان کرابێت، هەروەها ئەو لەباسی ئۆپۆزسیۆنەکان دەڵێت "ئۆپۆزسیۆنەکان توشی حاڵەتێکی بیرکردنەوەی هەڵەبوون، ئەویش وا بیردەکەنەوە کە بانگەشەکانیان لەئاست یەکێتیو پارتیدا بێت یاخود داهاتییان، چونکە پارتیو یەکێتی دوو حزبی گەورەی ئەم وڵاتەن، جیاوازن لەحزبەکانی دیکە".
راشیگەیاند "کەس هەیە کادری لایەنێک بووە ئەمڕۆ ناوی خۆی ناوە سەرۆکی حزب، لەراستیدا ناتوانێت لەبانگەشە لەگەڵ پارتیو یەکێتیدا دەربچن، یاخود جەماوەری پارتیو یەکێتی بەرن، بۆیە دێن یەکێتیو پارتی تاوانبار دەکەنو نەک لاوازبوونی پێگەی خۆیان".
هاوکات بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵیش دەڵێت "بەدڵنیایەوە دەرفەتی یەکسانی لەهەڵبژاردنەکان نییە، چونکە حزبە دەسەڵاتدارەکان کۆڵانەکانو شەقامەکانو پردەکانو ستونی کارەباکانیان بۆ خۆیان داگیرکردووە، تەنانەت شوێنی گشتی هاوڵاتییانیش، خۆزگە بۆ یەکجاریش بووایە پابەندی یاساو رێنماییەکان بونایە".
سەبارەت بەفشارەکانیش، ناوبراو وتی "هەندێک کاندیدمان لەهەندێک شوێن ناتوانن بەئازادانە قسە بکەنو کەرەستەی بانگەشە بەکاربهێنن لەلایەن هەردوو هێز بەتایبەت هێزی دهۆک، هەروەها هەڕەشە لەدەنگدەری کۆمەڵیش دەکەن، تەنانەت فشاریش کراوە کە کەسێک خۆی کاندید بکات لەو ناوچەیە".
وتیشی "فشارمان خراوەتەسەر کاندیدەکانمان پەشیمان بکرێنەوە، هەروەها لەهەندێک ناوچە لەگەڵ ئەو فلێکسە کەمەی هەمانە خەڵک دێت دەیشێوێنێت، بەڵام هیچ هەڕەشەیەکی شەخسیمان لێنەکراوە".
هەر لەوبارەیەوە بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی یەکگرتووش نایەکسانی لەدەرفەتەکانی بانگەشە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە هێزەکانی دەسەڵات داهاتی ئەو وڵاتەیان لە"دەستە"و هێزەکانی دیکە داراییان لاوازەو ناتوانن پارەی زۆر خەرج بکەن.
ئەو ئاماژەی بەوەشدا هێزەکانی دەسەڵاتو هەندێک لەلایەنگرانیان بەتایبەت لەبادینان پۆستەرو کەرەستەکانی رێکلامی کاندیدانی یەکگرتوویان شێواندووە، "بەتایبەت کاک جەمال کۆچەر".
عەلی حەمەساڵح: یەکێتیو پارتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری دابینکردووە
عەلی حەمەساڵح دەڵێت "هیچ حزبێک حەدیان نییە پارە بۆ هەڵوێست پێشنیار بکەن"، سەبارەت بەوەی تا چەند راستە حزبەکانی دەسەڵات پارەیان لەوڵاتی دەرەکی وەرگرتووە؟ ئەو روونیکردەوە "پارتیو یەکێتی پێویستی بەپارەی دەرەکی نییە، ئەسڵەن ئەوان پارە دەدەن بەئەوان، ئەسڵەن هەڕەشەیان لەزۆر دەوڵەمەند کردووەو پارەیان لەوانیش وەرگرتووە، چونکە بنەماڵەی بارزانیو تاڵەبانی پارەی خۆیان دەرناکەن".
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست، پارەی بانگەشەی یەکێتیو پارتی ئاشکرادەکاتو بەوتەی ئەو بێت، ئەو دوو حزبە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن سەروو ٢٥٠ ملیۆن دۆلاریان دابینکردووە.
لەوەڵامی پرسیاری ئاوێنەش پەیوەست بەبودجەی تەرخانکراوی رەوتی هەڵوێستیش ناوبراو نەیشاردەوەو وتی "لەهەموو هەولێرو دهۆک توانیومانە سێ دەفتەر بۆ پۆستەرو بانگەشە دابینبکەین".
ئاوێنە لەزاری بێستون حەمە ساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریو هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی یەکگرتوو رایدەگەیەنێت، کە کۆمەڵ (داهاتی لەهەمویان کەمترە)، وێڕای ئەوەی ١٤ کاندیدی هەیە بڕیارەکەیان بەوجۆرەیە کە ٢٠ بۆ ٣٠ ملیۆن دینار بۆ بانگەشە خەرج بکەن "ئەگەر لەبەردەستدا بێت"، بەڵام یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەی هەشت کاندیدیان هەیە بۆ هەر کاندیدێک نزیکەی پێنج ملیۆن دیناری دابینکردووە.
ئاماژە بەوەش دەکات کە داهاتی کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئەو داهاتەیە کە کاندیدەکانیان لەپەرلەمانو حکومەتن، یان ئەوانەی لەکەناڵەکانی حکومەت کاردەکەن.
بەڵام فازڵ بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لەسەر ئەوەی دەنگۆ هەیە کە حزبەکەی پارەی وەرگرتووە لەدەرەوە، ئەو وتی "پارتی لەکوردستاندا هێندە داهاتی هەیە کە بەکاریبهێنێت، بۆ؟ چونکە ئێمە لەڕەشترین رۆژدا داوای هاوکاریمان نەکردووە، بەڵام ئێمە داهاتمان هەیە لەگەڵ بودجە، هەربۆیە ئەوە بەتۆمەت دەبینم دڵنیام هیچ پارەیەک لەوڵاتی دەرەوە وەرنەگیراوە، لەسەر ریفراندۆم وڵاتان هێرشیانکردە سەرمان ئێستا چۆن دێن هاوکاریمان بکەن!".
لەسەر بڕی خەرجکردنی پارەی بانگەشەش، بەشارەتی رایگەیاند "ئەو ژمارەیەی دەیڵێن؛ بنەمای نییە، هەموو کاندیدێکی پارتی ١٠ ملیۆن دیناری پێدراوە".
هەرچی بەرەی گەلیشە، بەوتەی بورهان رەشید گوڵە ئەندامی ئەو حزبە، ئەو پارەیەی خەرجکراوە "هەمووی لەسەر گیرفانی خۆمان بووەو کەس فلسی بە کەس نەداوە، هەر کەسەو پارەی پێگەی خۆی بەکاردەهێنێت، بۆیە کێشەی ئیمکانیاتمان هەیە، سەرکردەکەمان نەماوە سەرچاوەی پارەدانمان نەماوە".
هاوکات د. دڵشاد محەمەد، کاندیدی سەربەخۆ باس لەوە دەکات کە پارەی زۆری حزبی دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆنەکان وایکردووە نایەکسانی دەرەفەتی هەڵبژاردن دروست ببێت، پەیوەست بەداهاتی بانگەشەش ئەو کاندیدە هێما بۆ ئەوەدەکات، کە حزبەکانی دەسەڵات هەر کاندیدێکو "نزیکەی دوو دەفتەر دۆلاریان وەرگرتووە؛ تەنانەت ئەو ئازادییەشیان پێدراوە کە هەرشوێنێکیان بوێت دەتوانن بانگەشەی تێدا دابنێن".
ئەو کاندیدە سەربەخۆیە کە هاوکات مامۆستای زانکۆو پزیشکیشە، دەڵێت "لەسر داهاتی خۆم لەهەر شارێکو دەروازەیەک فلێکسێکم داناوە ئەودوای پارەکەم تەرخان کردووە، بۆ یانەی نەورۆزو نەخۆشخانەی شێرپەنجەو درێژخایەنەکان، فلسێکم لەدەسەڵات وەرنەگرتووە، چونکە بەفیلتەری میللەتدا دەڕۆین، هەروەها تەنیا ملیۆنێکم بەفلێکسەکان داوەو هەشت ملیۆن بەیانەی نەورۆزو هەشت ملیۆنیش بەنەخۆشانی درێژخایەنو شیرپەنجە".
ئەو دەشڵێت "ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێستا وایلێهاتووە ژن بەپیاوەکەی دەردەچێتو پیاو بەژنەکەی دەردەچێت؛ ئۆپۆزسیۆنەکان بەدەستی دوو هاوکاری دەسەڵات دەکەن، من چوار زمان دەزانم کوردیو ئینگلیزیو عەرەبیو فارسی، ١٥ ساڵە سکاڵام لەهەموو دەسەڵاتدارەکان کردووە".
هۆگر چەتۆش ئاماژە بەوە دەکات، دەرەفەتی باشو داهاتو کەرەستەی باشتر بۆ ئەو لایەنانە دانراوە کە حزبی دەسەڵاتن.
هەروەها ناوبراو یاسایەک دەخاتەروو کە بەوتەی ئەو بێت، لەرووی یاساییەوە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان قەدەغەیە لەرووی مادییەوە ئاوڕیان لێبدرێتەوە، بەڵام "حزبی گەورەو بچوک بەپێی یاسا دەبێت سود لەداهاتی گشتی وەربگرن، بەڵام ئەو یاسای حزبانە جێبەجێ ناکرێت لەهەرێمو بەغدا".
ئەوەشی خستەروو، هەندێک پارتو لایەنی سیاسی هەیە لەدەرەوە هاوکاری دەکرێن بەنمونە سونییەکان لەقەتەرو سعودییەو ئیمارات پارەیان بۆ دێت، بەڵام پارتیو یەکێتیی "بایی پانزە هەڵبژاردنی دیکە پارەیان هەیە پێویستیان بەپارەی تورکیاو ئێران نییە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات