مردنی مامۆستا عینایەت
  2026-01-31     

دلاوەر قەرەداغی

 

«تەلەفونە دەستییەکەم لە چاکەتەکەمدایە، ئەگەر پێویستت پێی نەبوو بیشکێنە و فڕێی دە، با نەکەوێتە دەست کەس، نامەوێت کەس بزانێ چەندە تەنها بووم!»

مامۆستا عینایەت؛ لە دوا ساتەکانی ژیانیدا بۆ ڕەسوڵ عەنبەر

لەم ڕۆژە قەرەباڵخانەدا شانازی خوێندنەوەی ڕۆمانی «مردنی مامۆستا عینایەت» م پێ بڕا. ڕۆمانێک کە دەستوبرد هەر لە بەراییەوە ئامادەی بۆ ژیان لەگەڵ یەکێ لە ڕۆمانە جوان و شایانەکانی تری کاک بەختیاردا کردم، ئامادەی کردم بیخوێنمەوە و هاوکات بەدەم گوێڕادێران لە سۆڵۆیەکی هەرە تەنیا و خەمگینەوە، تەپەتەپی دڵ و گڤەگڤی ڕەشەبا و چکەچکی نائومێدی و گژەگژەی تەنیایی بژنەوم، وچانێک بدەم و هێشتا چیرۆکەکە هەر تیامدا بژی و درێژەی هەبێ، لەگەڵمدا بژی و هەناسە بدا و هاوار بکات و ببزوێ، کتێبەکە تەواو بکەم و هێشتا مامۆستا عینایەت شەڵاڵ لە خوێنی خۆیدا لە حەوشەی زیندانە نهێنییەکە کەوتبێ، بەڵام دوور بە دوور سەرحەد غوڵام ببینم بە هەوای فڕین کەوتووەتە ڕاکردن و ئیدی بە دوایدا و لە دەوروبەریدا خەڵکانێکیش حەزی ڕاکردنیان تێدا بهەژێ و هەر ڕا بکەن و ڕا بکەن. ڕۆمانەکە بخەمەوە تاقی کتێبەکان و هەر بە خەیاڵی مامۆستا عینایەتەوە تەلەفزیۆنەکە داگیرسێنم و بە ڕێکەوت بەرنامە دوکیومێتارییەکەی ڕێکخراوی گوڵنار پرودوکشن لەبارەیەوە ببینم، کە تیایدا حەشاماتێک خەڵک هەر لە نەهاوەندی ژنی و و کوڕ و کچەکەی و عەمید خدر و یەڵدا هارون و دادوەر ئیحسان حەسۆ و سەگساری پەیجەکان و مەلا عەبدوڵڵای سەواح و تەنانەت فورات نەوڕسییش قسەی پێدەڵێن و هەر لەبەرئەوەی لە خۆیان ناچێ، گاڵتەی پێدەکەن و بۆی تێدەچێنن و درۆی بۆ هەڵدەبەستن.

«مردنی مامۆستا عینایەت» ژیاننامەی فەرمانبەرێکی بچووک و تەنیایە کە بە دڵی خۆی نەژیاوە، بێ هاوڕێ و بێکەس و تەنیایتەنیا، لەسەر ئەو شێوەژیانە تایبەتەی هەیەتی، لەسەر بێمنەتیی و لە دەرەوەی پۆل بوون و گۆشەگیرییەکەی، تەنانەت لە ماڵی خۆیشیدا دەبێتە جێگەی گومان و هەڕەشە و مەترسی و گلەوگازندەی ژن و کچ و کورەکەی..

«مردنی مامۆستا عینایەت» مانیفێستی بەرگرییە لە خۆبوون، لە تووڕەیی و ناڕازییبوون و ناچارنەبوون و دەستەمۆنەبوون، هاواری پارێزگارییە لە نەکوژانەوەی ترووسکەی هەرە ناوەوەی ڕەتکردنەوە و یاخیبوون.

وەک چۆن «مامۆستا عینایەت» خۆی تاقانەیە، حەکایەت و شێوازی گێڕانەوە و ئەفسوونی کەسێتییە چیخۆفییەکەی و تەنز و بێباکیی و بێدەنگییە قووڵەکانیشی تاقانەنە و کوردانەن و خودان جوانییەکی ناوازەن. جوانییەک کە نەمتوانی بەبێ نووسینی ئەم چەند دێڕە شپرزەیە، لامسەلایی بە لایدا ڕاببوورم.

زۆرترین بینراو
دوای پێدانی ٥٥ هەزار دۆلار بۆ گەیشتن بە ئەورووپا؛ خێزانێکی سلێمانی لە دەریادا تووشی کارەسات بوون و سێ منداڵیان لەدەستدا
بڕیاری دادگای تاوانەکانی سلێمانی: ​لاهور شێخ جەنگی 5 ساڵ‌و ​پۆڵاد شێخ جەنگی 3 ساڵ‌و ​ڕێبوار حامی حاجی غالی 2 ساڵ زیندانیکردن
بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕی پێدانی دۆلاری بۆ گه‌شتیاران به‌ نرخی ره‌سمی دیاریكرد
پارتی به‌ڕه‌سمی کاندیدەکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق راگەیاند
لاهور شێخ جه‌نگی: سه‌ربه‌رزم و ملكه‌چی هیچ ئیراده‌یه‌ك نه‌بوم
نه‌تانیاهو: ته‌له‌فۆنێكی زۆر توندم له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع ئه‌نجامداو كۆمه‌ڵكوژیی دروزه‌كان راگیرا
عولەما کوردەکان و قوتابی و موریدە ئیندۆنیسییەکانیان
بەسێ هۆزات: ئەگەر پێوەری یاسای لێبوردن تەقەنەکردن بێت، دەبێت ئۆجەلان یەکەم کەس بێت ئازاد بکرێت
سی ئێن ئێن: پێنتاگۆن تاوتوێی بەکارهێنانی "دایکی بۆمبەکان" دەکات بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
کۆتایی بە سیمکارتی بێسەرەوبەرە دێت؛ مەرجی نوێ بۆ کڕین و تۆمارکردنی سیمکارت لە عێراق دادەنرێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×