ئیسرائیل لە"ترەمپ تووڕەیە": بەڕاستی ترسنۆکیت!
  2026-04-08       712       

ئا: ئاوێنە

 

زۆربەی سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل لەئاگربەستی نێوان ئەمریکاو ئێران تووڕەن‌و بە"کارەسات" ناوی دەبەن‌، بەترەمپیش دەڵێن "بەڕاستی ترسنۆکیت".

 

ئیسرائیل نائومێد بووە لەو ئاگربەستەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران کردوویەتی، یایر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل دەڵێت "هەرگیز لەمێژووی ئێمەدا کارەساتێکی سیاسی لەو شێوەیە ڕووی نەداوە، تەنانەت ئیسرائیل بەشداری لەگفتوگۆکاندا نەکردووە کاتێک بڕیارەکان دراون‌و پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانیمانەوە هەبووە".

ڕۆژنامەی جۆرلەزیم پۆست نووسیویەتی "زۆرێک لەئیسرائیل ئاگربەستەکە بەدەرئەنجامێکی نەرێنی دەزانن".

زڤیکا فۆگێل، سەرۆکی کۆمیتەی ئاسایشی نیشتمانیی کنێست لەپلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "دۆناڵد، بەڕاستی تۆ ترسنۆکیت‌ کە توانات نەبوو بەردەوام بیت لەسەر شەرکردن".

هەروەها سەرۆکی پارتی ئیسرائیل بەیتنو، ئەڤیگدۆر لیبرمان، هۆشداریدا لەوەی ئاگربەست "هەناسەیەک دەدات بەڕژێمی ئایەتوڵاکان‌و دەرفەتێک دەدات بۆ دووبارە خۆکۆکردنەوەیان"، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، بەبێ دەستبەرداربوون لە لەناوبردنی ئیسرائیل، پیتاندنی یۆرانیۆم، بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و پشتیوانی لەڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لەناوچەکە، بەو مانایەیە کە ناچار دەبین بگەڕێینەوە بۆ هەڵمەتێکی نوێ لەسایەی بارودۆخێکی سەختترداو باجێکی قورستر بدەین".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×