ئەکسیۆس، چیرۆکی کاتژمێرە دراماتیکییەکانی پێش ئاگربەستی نێوان ترەمپ‌و خامنەیی دەگێڕێتەوە
  2026-04-08       823       

ئا: ئاوێنە

 

ئەکسیۆس، چیرۆک‌و پاشخانی ئەوە دەگێڕێتەوە کە چۆن ترەمپ لەهەڕەشەی "لەتەفروتونا کردنی شارستانیەتێکەوە" بایدایەوە بەلای "ئاگربەست"داو لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا لەگەڵ "خامنەیی" لەسەر "ئاگربەست" رێککەوتن.

 

بەرپرسانی ئەمریکی‌ و ئیسرائیل سەریان سوڕما کە لەڕۆژی دووشەممەدا ئەو زانیاریانەیان لە ئێرانەوە زانی، لەکاتێکدا وادەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ تاران نزیک دەبۆوە لەکاتژمێری سفر، رابەری مەزنی کۆماری ئیسلامی، موجتەبا خامنەیی، فەرمانی بەدانوستانکارانی ئێرانی دا کە رەزامەندی لەسەر "ئاگربەست" دەربڕن.

لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی "لەناوبردنی شارستانیەتی ئێران"ی دەکردو هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەئامادەباشی تەواودا بوون بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان، هەوڵە دیپلۆماسیەکان بەچڕی کاریان لەسەر دوورخستنەوەی ئەو مەترسییە دەکردو "شەڕ"و "ئاگربەست" لەپێشبڕکێدابوون. سەرەنجام کاتژمێرێک بەر لەکۆتاییهاتنی وادە دیاریکراوەکەی ترەمپ، بەناوبژیوانی پاکستان، ئێران‌و ئەمریکا ئاگربەستیان راگەیاند.

ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو شەوە 'ستیڤ ویتکۆف"، نێردەی تایبەتی ترەمپ، "زۆر تووڕە" بووە لە پلانی ١٠ خاڵیی تاران‌و پەلەی کردووە بۆ ئەوەی زنجیرەیەک پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەموو لایەک ئەنجام بدات. ڕۆژێکی "پشێوو پڕ لەئاژاوە'ی دیبلۆماسی دەستپێکرد، ناوبژیوانانی پاکستانی پلان‌و پێشنیارێکی نوێیان خستە بەردەم ویتکۆف‌و وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی‌و بەهاوکاری وەزیرانی دەرەوەی میسرو تورکیا هەوڵیان دەدا ناکۆکییەکانی نێوام ویتکۆف‌و عێراقچی کەم بکەنەوە.

دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، نێوەندگیرییەکان ڕەزامەندی ئەمریکایان بۆ پێشنیاری ئاگربەستی دوو هەفتەیی وەرگرت، پێویستیان بەرەزامەندی موجتەبا خامنەیی بوو – کە بەپێی سەرچاوەکان لەڕۆژانی دووشەممەو سێشەممەدا، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چالاکانە بەشداربووە لەدانوستانەکاندا.

بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە ئەمریکییە، بەشداری رابەری نوێی ئێران پێویستی بەوپەڕی نهێنی بوو، بەهۆی هەڕەشەی تیرۆرکردنی لەلایەن ئیسرائیلەوە، لەڕێگەی نێوەنگیرەکانەوە پەیوەندی دەکرد.

ئەکسیۆس رایگەیاندووە کە عێراقچی هەروەها ڕۆڵی سەرەکی هەبووە هەم لەبەڕێوەبردنی دانوستانەکان‌و هەم لەفشارخستنە سەر فەرماندەکانی سوپای پاسداران بۆ قبوڵکردنی ئاگربەست‌و ڕێککەوتنێک.

هەروەها چین ئامۆژگاری ئێرانی دەکرد کە هەوڵی دەربازبوون لەو دۆخە ئاڵۆزە بدات، ئەمەش ترەمپ خۆی دوای ئەنجامدانی ئاگربەستەکە دانی پێدا ناوە.

بەڵام دواجار هەموو بڕیارە گرنگەکان چەند کاتژمێرێک بەر لەکۆتاییهاتنی وادە دیاریکراوەکەی ترەمپ، لەلایەن خامنەییەوە درا، سەرچاوەیەک بەئەکسیۆسی وتووە "بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەو، هیچ ئاربەستێک نەدەکرا".

بەم شێوەیە لەکاتێکدا کە زانیارییەکانی واشنتۆن باسیان لەپچڕانی دانوستانەکان لەلایەن تارانەوە دەکرد، لەواقیعدا دانوستانی چڕو پڕ بۆ گەیشتنە ئاگربەستەکە بەدرێژایی رۆژی سێشەممە لەئارادا بوو. لەکاتێکدا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەپەیوەندی بەردەوامدا بوو لەگەڵ پایتەختی ئەمریکا، بەڵام سەرەنجام ئاگربەستەکە راگەیەندراو ئیسرائیلییەکان نیگەران بوون.

لەکۆتاییدا لەدەوروبەری کاتژمێر ٧ی ئێوارە (بە کاتی ئەمریکا) لەڕۆژی سێشەممەدا، ڕوون بووەوە کە ڕێککەوتنێک لەنێوان هەردوولا (ئێران‌و ئەمریکا) بۆ ئاگربەستی دوو هەفتەیی هەیە. دوای چەند کاتژمێرێک، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف، وردەکارییەکانی پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئاشکرا کردو داوای لەهەردوولا کرد قبووڵی بکەن.

پاشان ترەمپ دەستبەجێ دەستیکرد بەوەرگرتنی پەیوەندی‌و پەیام لەهاوپەیمانەکانەوە، وەک ئەوەی ئەکسیۆس باسی دەکات.

ناڕوونییەک تەنانەت لە نێو یاریدەدەرە نزیکەکانیشی ترمپیشدا هەست پێدەکرا، زۆر کەس کە تەنها یەک دوو کاتژمێر پێشتر لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا قسەیان کردبوو، هێشتا پێیان وابوو کە پێشنیاری ئاگربەستەکە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام کاتێکیان زانی پێشنیارەکەی قبوڵ کرد.

ماوەیەکی کەم پێش بڵاوکردنەوەی وەڵامەکەی، ترەمپ لەگەڵ ناتانیاهۆ قسەی کرد بۆ ئەوەی پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی ئاگربەستەکە مسۆگەر بکات.

پاشان لەگەڵ فیڵد مارشاڵی پاکستان، عاسیم مونیر قسەی کرد بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.

دوای ١٥ خولەک لەپۆستەکەی ترەمپ لەتروس سۆشیال، فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا درا .

بەدوای ئەوەشدا، عێراقچی رایگەیاند کە ئێران پابەندی ئاگربەستەکە دەبێت‌و گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییەکانی ناوچەکەدا دەکاتەوە "بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران".

هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە، نەتانیاهۆ دڵنیایی وەرگرتووە کە ئەمریکا پێداگری لەسەر دانوستانەکانی ئاشتی دەکات بۆ ئەوەی ئێران دەستبەرداری ماددە ئەتۆمییەکەی بێت‌و پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت‌و دەستبەرداری هەڕەشەی مووشەکی بالیستیک بێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×