لیوا عەبدولكەریم خەڵەف، وتەبێژی
فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەیاننامەیەكی سەبارەت بە روداوەكانی
ئەمڕۆی بەغدا بڵاوكردەوەو دەڵێت؛ ئەو خۆپیشاندەرانەی لە پردی ئەحرار بەرەو
وەزارەتی دادی عێراق پەڕیونەتەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بڵاوەیان پێكرا.
ئاوێنە: لیوا عەبدولكەریم خەڵەف، لە بەیاننامەیەكی كورتدا رایگەیاند،
لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێوشوێنی پێویست گیرایەبەر بۆ دورخستنەوەی ئەو "گروپانەی"
كە باڵەخانەی چێشتخانەی "بەعلەبەگ"یان لەناوەڕاستی بەغدا سوتاندو هێزە
ئەمنییەكان توانیویانە بڵاوەیان پێ بكەن.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە تیمەكانی بەرگری شارستانی كۆنترۆڵی ناوچەكەیان
كردوە.
هەروەك لەبەیاننامەكەدا وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق
ئاماژەی بەوەداوە كە "ئەو گروپانەی" لە پردی ئەحرار پەڕیبونەوە و بەرەو
بینای وەزارەتی داد رۆیشتبون هێزە ئەمنییەكان روبەڕویان بونەتەوەو توانیویانە
بڵاوەیان پێ بكەن.
لەلایەكی دیكەوە سائیر جبوری، وتەبێژی وەزارەتی داد رەتیكردەوە
خۆپیشاندەران توانیبێتیان ئاگر لە بینای وەزارەتەكە بەربدەن وەك هەندێك لە
میدیاكان بڵاویان كردبوەوە.
وتەبێژی وەزارەتەكە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، خۆپیشاندەران لەنزیك بینای
وەزارەتەكەیان هەستاون بە سوتاندنی چەند تایەیەك و هەندێك لە راگەیاندنەكان وا
بڵاویان كردۆتەوە كە گوایە گڕ لە بینای وەزارەتی داد بەردراوە.
لەلایەكی دیكەوە بەپێی میدیا عێراقییەكان هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی
خۆپیشاندەران لەسەر پردی عەلاوی دەستیان بە تەقەكردن كردوە بۆ بڵاوەپێكردنی
خۆپیشاندەران و خۆپیشاندەرانیش بە بەرد وەڵامیان دەدەنەوە.