زەنگی مەترسی بۆ ئابووریی عێراق لێدرا؛ زیاتر لە ٪٨٥ی هەناردەی نەوت لەبەردەم هەڕەشەی پەککەوتندایە
  2026-05-24       159       

مەترسییەکانی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تارماییەکی قورسیان خستووەتە سەر ئابووریی عێراق، بەتایبەتی لەسەر پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت کە شادەماری ئابووریی وڵاتە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق زانیاریی ورد لەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا و سندوقی نێودەوڵەتیی دراو دەخاتە ڕوو و هۆشدارییەکی توندیش لەبارەی دۆخەکە دەدات.

ئاوێنە: مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، زەنگی مەترسیی لێدا و ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو جەنگ و گرژییانەی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، عێراق بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە گەورەترین زیانی پێگەیشتووە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە ٪٨٥ی هەناردەی نەوتی وڵاتەکە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕێت و ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت، بۆیە هەر دڵەڕاوکێ و پەککەوتنێک لەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا، زیانێکی کوشندە و قورس بە بودجەی گشتیی عێراق دەگەیەنێت. ئاشکراشی کرد کە سندوقی نێودەوڵەتیی دراویش لەم پێشهاتە جیۆپۆلیتیکییانەی عێراق و ناوچەکە نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕیوە.

لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، ئەو ڕاوێژکارەی حکومەتی عێراق تیشکی خستە سەر دوایین پێشهات و سروشتی پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان بەغدا و سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF). مەزهەر محەممەد ساڵح ڕوونی کردەوە کە پەیوەندییەکی بەهێز و توندوتۆڵ لە نێوانیاندا هەیە و عێراق وەک ئەندامێکی چالاک مامەڵە دەکات، بە جۆرێک ساڵانە دوو جار شاندی حکومەت لەگەڵ تیمی سندوقەکە کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندن و ڕاوێژکاری ئەنجام دەدەن. جەختیشی لەوە کردەوە کە تا ئەم ساتە، بەغدا بە هیچ شێوەیەک داواکارییەکی فەرمی بۆ وەرگرتنی قەرز پێشکەشی ئەو سندوقە نەکردووە، بەڵکو پەیوەندییەکەی ئێستا تەنها لە چوارچێوەی سوودوەرگرتندایە لە هاوکارییە تەکنیکی و ڕاوێژکارییەکانی ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییە و هیچ بەرنامەیەکی نوێی قەرزکردنی دارایی لە ئارادا نییە.

سەبارەت بە ئەگەرەکانی پەنابردن بۆ قەرزکردن لە داهاتوودا، ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران مەرجی ئەو هەنگاوەی گرێدا بە بوونی پڕۆژەیەکی چاکسازییەوە. ئەو ڕایگەیاند کە ئەگەر بڕیار بێت عێراق پەنا بۆ قەرز ببات، ئەوا دەبێت ئەو قەرزە بەشێک بێت لە بەرنامەیەکی چاکسازیی گشتگیر کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی بودجە یان پەرەپێدانی کەرتە خزمەتگوزارییە گرنگەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە بێت. بەڵام لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، گەورەترین و لەپێشینەترین پێداویستیی عێراق، ڕاگرتنی ئەو جەنگەیە کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، تاوەکو ئەو کاریگەرییە خراپ و مەترسییانەی لەسەر پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دروست بوون، بە یەکجاری کۆتاییان پێ بێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×