نامەی لێبووردنی شەجەریان لە گۆڕستانی فردۆسییەوە بۆ دانیشتوانی ئیمارات
  2026-06-02       362       

نوسینی:چالاک سالار

چالاکی ماڵی چالاک

 

دەمێک نییە گۆڕستانی فردۆسیم کردووە بەدوا مەنزڵی خۆم. خۆشحاڵم، کە لێرەم، دوورم لە ئێرانی ئەمڕۆ. ئێرانی ئەمڕۆ ئێرانە عیرفانییەکەی من نییە. هەر لێرەوە، لە گۆڕستانی فردۆسییەوە، خەمباری خۆم بۆ ئەو دۆخە نالەبارە دەڕدەبڕم لە ئیمارات دروستبووە؛ کە تۆقاندن لە شاری دوبەی بەهۆی درۆنە ئێرانییەکانەوە دەخولێتەوە. دەبوو دەسەڵاتی سیاسیی  ئێرانی میهرەبانانەتر و شکۆمەندانەتر مامەڵەی هاوسێ دێرینەکانی بکات؛ هێچنەبێ هاوڕێ مێژووییەکانی بەپێی سۆز و عیرفانی کۆنی ڕۆژهەڵاتی لەخۆبگرێ.

ئەفسوس پەلەقاژەی سیاسییانەی دەسەڵاتی ناوبراو جیاوازی لەنێوان هاوسێ و دوژمن دا ناکات. هاوسێکانمان لە جیهانی عەرەبی، بە هاوڵاتیی و هاوسێ کوردەکانیشەوە، کە هاوڕێ مێژووییەکانمانن لە چرکەیەکی سیاسییانەی شێتانەدا لەدەستیانماندان.

ئەوێ ڕۆژێ لەگەڵ ئوستازی گەورەمان فردۆسی و (مهدی اخوان ثالث) سەردانێکی گۆڕستانی (ظهیرالدوله) مانکرد؛ لەوێ لەگەڵ ئازیزانم پاشای شاعیران (محمدتقی بهار) و  (فروغ فرخزاد) ئاهەنگێکی نازدارمان بۆ (ژینا ئەمینی) سازکرد و لە ئاهەنگەکەدا جارێکیتر (مرغ سحر)مان چڕی.

دەمێکیش نییە لە گەشتێکی ئاسمانیدا بووم بەرەو ئیمارات، وەک باڵندەیەکی بەیانیانی ، مرغ سحر ئاسا، لەسەر بەلەکۆنی باڵەخانەیەکی مەزنی دوبەی تاوێک نیشتمەوە؛ سڵاوم لە هاوڕێیەکی دێرینمکرد؛ پێمگوت: هاوڕێ سەیرە ئەو هەموو پاشخانە مێژووییە سونەتیی traditional و میتافیزیکیەی metaphysics باوباپیرانمان نەیتوانیوە دەسەڵاتی ئێرانی ئەمڕۆ لە توندوتیژی سیاسیی بەدووربگرێت، وایلێکات لە جوانی هاوڕێیەتی تێبگا. ئەوەشم لە باڵاخانەکەوە بەگوێ ئەم هاوڕێیەما چرپاند، کە لە ئاهەنگەکەی ژیناشا فرمێسکمان بۆ ئێرانی سەردەمی ژیریی دەستکرد ڕشت، کە چەند بێئاگایە لە بنەماکانی هاوسێیەتی؛ کە لێزان نییە لە خوێندنەوەی دەستوری هاوڕێیەتیی. لەوێ لە ئاهەنگەکەی (ژن ، ژیان ، ئازادی) دا من و هاوڕێانی گۆڕستانم بەبەرخۆمانەوە دەمانپرسی: مەگەر ئێمەی ئێرانی بەشێک نیین لە شارستانییە کۆنەکان!؟ نەدەکرا هەستی کۆنی شارستانییمان ئێرانیانی دەسەڵات فێریئەوەبکات، کە هاوسێیەتیی هەتاهەتاییە، هاوڕێیەتی موزیکی خۆی هەیە و بەئاسانی پشتگوێناخرێت!؟

مخابن هاوڕێم، کە ئێرانی ئەمڕۆ وانەی لە موزیکی ئوستادە(master) مەزنەکانمانەوە وەرنەگرتووە تا ئارامتر و نەرمتر لەکاتە قەیراناویەکانا رەفتاربکات. بۆیە داوام لە قوتابیانم ئەوەیە، کە موزیک وەڵامیان بێت بۆ جیهان؛ بە موزیک و ڕیتمی سونەتی هاوسێکانمان قەرزاری خۆیانبکەین؛ بە هاوسێکانمان بڵێن ئاوازی سونەتی درۆنمانە؛ جوانیی موزیک کۆماندەکاتەوە. داواشم لە هاوسێیانمان ئەوەیە ئێرانی ئەمڕۆ ببەخشن، کە لە ئەلفوبای هاوسێیەتی و هاوڕێیەتی حاڵی نییە.

سەرنج:

محەمەد رەزا شەجەریان لە1940  لەدایکبووە و لە 2020 کۆچیدوایکردووە؛ گەورەترین گۆڕانیبێژ و گۆرانینووس و ئاوازدانەری ئێرانییە و لە گۆڕستانی فردۆسی دا نێژراوە.... مهدی اخوان ثالث یش کە شاعیر و توێژەرێکی دیاری ئێرانە لە هەمان گۆڕستان نێژراوە.

لە گۆڕستانی (ظهیرالدوله) زۆرێک لە ناودارانی ئێرانی نێژراون؛ لەوانە (محمدتقی بهار) و (فروغ فرخزاد) و.... محمدتقی بهار، کە لەناو ئێرانیان بە (پاشای شاعیران) ناوزەددەکرێت دانەری شیعری (مرغ سحر)ە.. یەک لەوانەی شیعری (مرغ سحر) (باڵندەی بەرەبەیان)ی کردوەتە گۆرانی شەجەریانە، ئەڵبەتە دواتر هۆمایۆنی کوڕیشی چڕیویەتی.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×