مه‌سعود پزیكشیان، سه‌رۆك كۆماری ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڕه‌شه‌ی كردنه ئامانجی ژێرخانی وزه و ژێرخانه‌كانی دیكه‌ی ئێران، نیشانه‌ی نائومێدییه نه‌كه ده‌سه‌ڵاتدارێتی. جه‌ختیش كرده‌وه كه له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و گوشارێكدا ده‌وه‌ستنه‌وه.
ئاوێنه: مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆك كۆماری ئێران كه‌مێك له‌پاش هه‌ڕه‌شه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئێران، وتی، ژێرخانه‌كانی ژیان، شاده‌ماری ژیانی خه‌ڵكن، هه‌ڕه‌شه‌ی كردنه ئامانجی تۆڕه‌كانی گواستنه‌وه و گه‌یاندن و پیشه‌سازی كاره‌با و ئاو، نمایشی ده‌سه‌ڵاتدارێتی نییه به‌ڵكو نیشانه‌ی نائومێدبونه به‌رامبه‌ر به ئیراده‌ی میلله‌تێك.
ئه‌و وتیشی، ئێران به یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و هاوده‌نگییه‌وه، له به‌رامبه‌ر هه‌ر گوشار و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كدا به‌توندی ده‌وه‌ستێته‌وه.
پێشتر تره‌مپ له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تروس سۆسیاڵ رایگه‌یاند، ئێران له دانوستانه‌كاندا له راده‌به‌ده‌ر كات ده‌كوژێت و ئێستاش ده‌بێت باجی ئه‌و كاره‌ی بدات.
هه‌روه‌ها دواتریش له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان وتی، ئێمه دوێنێ گورزی توندمان له ئێران وه‌شاند و ئه‌مڕۆش دوباره به توندی لێی ده‌ده‌ینه‌وه.