تەلئەبیب لە شۆکدایە:بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن ئەمریکا خۆی ڕادەستی مەرجەکانی تاران کردووە
  2026-06-14       142       

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کردووە کە نیگەرانی و هۆشدارییەکان لە ناوەندە سیاسی و ئەمنییەکاندا سەبارەت بەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا دەکرێت، ڕووی لە زیادبوون کردووە.

ئاوێنە: ​کەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە گواستییەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە "ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا واژۆ دەکرێت، هەڕەشە لە بەرژەوەندییە ئەمنییە سەرەکییەکانی ئیسرائیل دەکات"، ئاماژەیان بەوەشکردووە کە "لەلایەن ئەمریکاوە مەرجە سەرەکییەکانی ئێرانییەکان قبوڵ کراوە"، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە "هەڕەشە سەربازییە ڕاستەقینەکە لە ڕەگ و ڕیشەوە دابخورێت"، چونکە "سەرجەم ئەو ئامانجانەی ئیسرائیل دیاری کردبوون، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێککەوتنەکەدا چارەسەر نەکراون".

​بەپێی کەناڵی 12، بەرپرسە ئیسرائیلییەکان ڕوونیان کردووەتەوە کە "ڕێککەوتنەکە ئێران پابەند ناکات بە وەستاندنی پشتیوانیکردنی بریکارەکانی لە ناوچەکەدا، بەڵکو تەنانەت ڕێگەی پێدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبوڵڵا دەستپێبکاتەوە". هۆشداریشیان داوە لەوەی کە "ڕێککەوتنەکە دەستبەجێ دەبێتە هۆی کردنەوەی گەرووی هورمز و بوژاندنەوەی ڕژێمی ئێران، ئەمەش زللەیەک دەبێت لە دەموچاوی گەلی ئێران"، بەپێی دەربڕینی خۆیان، بەتایبەتی کە "لە قۆناغەکانی دواتردا نەبێت، چاو بە توانا ئەتۆمییەکانی ئێراندا ناخشێندرێتەوە".

​لە هەمان چوارچێوەدا، ڕۆژنامەی "هائارێتس" بڵاویکردەوە کە "بەرپرسانی ئیسرائیلی نیگەرانن لەو خشتە کاتییەی کە لە چوارچێوەی سەرەتایی ڕێککەوتنەکەدا دیاریکراوە".

​بەرپرسەکان هۆشدارییان داوە لەوەی کە "ئەو ماوەیەی 60 ڕۆژەی بۆ دانوستانەکان تەرخان کراوە لەوانەیە لە بەرژەوەندیی تارانیش بێت، کە ڕێگەی پێدەدات لە ماوەی قۆناغی گواستنەوەدا دەست بە مانۆڕی دیپلۆماسی بکات".

​ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "ئیسرائیل کاریگەرییەکی سنوورداری هەبووە لە پڕۆسەی بڕیارداندا کە دانوستانەکانی گەیاندووەتە قۆناغی ئێستا".

​هاوتەریب لەگەڵ ئەم نیگەرانییانەدا، بەرپرسانی ئیسرائیلی پرسیاری ئەوە دەکەن کە ئایا واشنتن دەتوانێت ڕێککەوتنەکە بقۆزێتەوە بۆ ناچارکردنی تاران بە لەناوبردن یان کەمکردنەوەی بەرچاوی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو.

​ناوەندە ئیسرائیلییەکان جەختیان لەوە کردەوە کە "هێشتا ڕوون نییە ئایا ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی پێویست چارەسەری ئەو پرسە سەرەکییانە دەکات کە لە چوارچێوەی ئامانجە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا دەرکەوتوون، کە لە سەروویانەوە ڕاگرتنی بەرنامەی موشەکی بالیستیی ئێران و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و حزبوڵڵایە".

​دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، ڕایانگەیاندبوو کە پێشبینی دەکەن ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێراندا واژۆ بکرێت.

​ترەمپ ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیبووی کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، کە هاوکاتە لەگەڵ هەشتاهەمین ساڵیادی لەدایکبوونیدا، ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×