ئیسماعیل به‌قایی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ ئیمزاكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كردویانه، وڵاته‌كه‌ی ده‌بێت بتوانێت به‌بێ كێشه نه‌وت بفرۆشێت.
ئاوێنه: ئیسماعیلی به‌قایی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی نێوان وڵاته‌كه‌ی و ئه‌مریكا باسی له بابه‌تی ئه‌تۆمی نه‌كردوه‌و له رۆژی دوای ئیمزاكردنی یاداشته‌كه‌وه، ده‌ست ده‌كرێت به گفتوگۆ له‌وباره‌یه‌وه.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، هه‌رچه‌نده له‌باره‌ی ورده‌كارییه‌كانه‌وه گفتوگۆ نه‌كراوه به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئێران له‌باره‌ی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی رونه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت ته‌واوی سزاكانی سه‌ر ئێران هه‌ڵبگیرێن.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ئازادكردنی پاره بلۆككراوه‌كانی وڵاته‌كه‌ی و بابه‌تی قه‌ره‌بوی زیانه‌كان له‌ڕوی ئابورییه‌وه، بابه‌تی گرنگ و وتیشی، لایه‌نی ئه‌مریكا پابه‌ند ده‌كرێت له هه‌ردو بواره‌كه‌دا چه‌ند هه‌نگاوێك بنێت و له‌م یاداشتی لێكتێگه‌یشتنه‌شدا قه‌ره‌بوی زیانه‌كان باس كراوه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، له‌گه‌ڵ ئیمزاكردنی یاداشتی لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌دا، ئێران ده‌بێت بتوانێت به‌بێ هیچ كۆسپ و كێشه‌یه‌ك نه‌وت و به‌رهه‌م پترۆكیمیاییه‌كان و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانی بفرۆشێت.