ترەمپ بۆ ئێران: پارە بلۆککراوەکان هی خۆتانە بۆتان دەگەڕێنینەوە
  2026-06-17       188       

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پارە بلۆککراوەکان لە بنەڕەتدا هی ئێرانن، لەبارەی سزاکانەوە، دەبێت "لە کاتێکی گونجاودا بیر لەم بابەتە بکرێتەوە".

 

ئاوێنە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆتایی لوتکەی سەرکردەکانی گرووپی حەوت (G7) لە فەرەنسا، سەبارەت بە ئەگەری ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران وتی "ئەو داراییانە لە بنەڕەتدا هی ئێرانن".

ئەو ڕاشیگەیاند "ئێمە بڕێکی زۆر لە پارەی ئەوانمان گرتووە، بەڵام ئەمە پارەی ئێمە نییە، پارەی خۆیانە و لە کاتێکی دیاریکراودا بلۆکمان کردووە. پێموایە لە کۆتاییدا دەبێت بۆیان بگەڕێنینەوە".

سەبارەت بە سزاکانیش، ترەمپ هەڵوێستێکی تاڕادەیەک نەرمی بەرامبەر بە ئێران نیشاندا، بەو مەرجەی ئێران پابەندی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە بێت و وتی "لەبارەی سزاکانەوە، دەبێت لەکاتێکی گونجاودا بیر لەم بابەتە بکرێتەوە. ئێمە سزایەکمان هەیە کە هەرگیز ڕێگەیان پێنادات بونیادنانەوە ئەنجام بدەن. ئەوان هیچ پارەیەکیان نابێت و لە هەژاریدا دەبن".

ناوبراو جەختیکردەوە "ئێمە هیچ کارێک ناکەین. هیچ پارەیەک نادەین مەگەر ئەوەی ئەوان کارەکان بە دروستی ئەنجام بدەن. ئەگەر بە دروستی کار بکەن، ئەو کەسانەی دەیانەوێت وەبەرهێنان بکەن دەتوانن وەبەرهێنان بکەن. بەڵام ئەم سندوقە ٣٠٠ ملیار دۆلارییە تەنیا لە حاڵەتێکدایە کە ئەوان کارەکان بە دروستی ئەنجام بدەن".
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×