دادگای تاوانەکانی پارێزگای قومی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزایەکی قورسی بەسەر ژنە هونەرمەند و گۆرانیبێژ پەرەستۆ ئەحمەدی و هەشت بەشداربوو و مۆسیقاژەنی دیکەی پڕۆژەی "کۆنسێرتی کاروانسەرا"دا سەپاند.
ئاوێنە: بەپێی بڕیاری دادگاکە، سزای ٧٤ قامچی، دوو ساڵ قەدەغەکردنی هاتوچۆ و گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، لەگەڵ دوو ساڵ قەدەغەکردنی گشت چالاکییە هونەرییەکان بەسەر ئەو هونەرمەندە و هاوکارانیدا سەپێندراوە.
تۆمەتەکان و هۆکاری سزادانەکە
بەپێی دەقی بڕیارە فەرمییەکە، ئەم دەستە هونەرییە تۆمەتبارکراون بە:
"ئازاردانی ڕەوشتی گشتی" لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نەشیاو لە فەزای ئەلیکترۆنیدا.
ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە هات کە لە ١١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، پەرەستۆ ئەحمەدی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە نمایشێکی مۆسیقی خۆی لەژێر ناوی “کۆنسێرتێکی گریمانەیی” لە فەزای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە. کۆنسێرتەکە کە لە کاروانسەرای دێرینی “دێر گەچین” لە شاری قوم بەڕێوەچوو، بەهۆی ئەوەی ناوبراو بەبێ باڵاپۆشی زۆرەملێ لەسەر شانۆ دەرکەوت و گۆرانی وت، دەنگدانەوە و کاردانەوەیەکی بەربڵاوی لێکەوتەوە.
تەنها یەک ڕۆژ دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیی نمایشەکە، پەرەستۆ ئەحمەدی و سەرجەم ئەندامانی دیکەی گروپە مۆسیقییەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکران و دواتر بە کەفالەت تا کاتی دەرچوونی بڕیاری کۆتایی دادگا ئازادکران.
پێشینەی پەرەستۆ ئەحمەدی
پەرەستۆ ئەحمەدی، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٧ە و خەڵکی شارۆچکەی نوشەهری سەر بە پارێزگای مازندەرانە لە باکووری ئێران.
ناوبراو دەرچووی بەشی دەرهێنانی زانکۆی "سوورە"یە و وەک گۆرانیبێژ چالاکی دەکات.
ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی ئەمنی دەبێتەوە؛ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ناسراو بە شۆڕشی **“ژن، ژیان، ئازادی”**دا، بەهۆی خوێندنی گۆرانییەکی شۆڕشگێڕانە و نیشتمانی بە ناوی “لە خوێنی لاوانی نیشتمان” (کە هۆنراوەی شاعیری ناسراو عارف قەزوینییە)، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.