لە پەرەسەندنێکی مەیدانیدا، سوپای ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەواڵی ئەنجامدانی هێرشێکی موشەکی و درۆنی بۆ سەر چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە هەریەکە لە وڵاتانی کوێت و ئیمارات بڵاوکردەوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامانجەکان بریتی بوون لە کۆگا و پێگە هەستیارە سەربازییەکان.
ئاوێنە: بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هێرشەکان بنکەی ئاسمانیی ئەحمەد جابریان لە کوێت کردووەتە ئامانج و تێیدا ناوەندەکانی پەیوەندیی مانگەکردیی، کۆگاکانی کەلوپەل و حەشارگەی فڕۆکە جەنگییەکان پێکراون، هاوکات لە ئیماراتیش بنکەی مینهاد و پێگەی جێگیربوونی هێزەکان و سیستمە رادارە ئەمریکییەکان هێرشیان کراوەتەسەر.
لە بەرانبەردا، بەرپرسانی سەربازیی ئێران هۆشدارییان دداوە و رایانگەیاندووە کە هێزە زەمینییەکانیان ئامادەن وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە بدەنە هەر کاردانەوەیەکی ئەمریکا، جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان تا کاتی سەرکەوتن و سزادانی لایەنی بەرامبەر بەردەوام دەبن.
لەم چوارچێوەیەدا، تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی هەردوو وڵاتی کوێت و ئیمارات و هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هیچ لێدوان یان روونکردنەوەیەکی فەرمیان لەسەر ئەم راگەیەندراوە و دراوە مەیدانییانە بڵاونەکردووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چاودێران نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری بەرفراوانبوونی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دەردەبڕن.