پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای دەکات، لە کۆی ١٠٧ ترلیۆن دیناری چاپکراو، تەنیا ٤٠ ترلیۆن دیناری لە بازاڕدا ئاڵوگۆڕی پێوە دەکرێت .
ئاوێنە: نزار ناسر حسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیى عێراق لە کۆڕبەندێک لەگەڵ شارەزایانی ئابووری ڕایگەیاند: گۆڕینی دیزاین یان چاپکردنی چاپی نوێی دراو بە تەواوی لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە، بەڵام پڕۆسەی “سڕینەوەی سفرەکان” هەنگاوێکی تەنیا تەکنیکی نییە و دەبێت پەرلەمانی عێراق یاسای تایبەتی بۆ دەربکات.
وتیشی: قەبارەی ئەو پارەیەی بانکی ناوەندی چاپی کردووە گەیشتووەتە ١٠٧ ترلیۆن دینار، بەڵام تەنیا ٤٠ ترلیۆن دیناری لە بازاڕەکاندایە؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ کۆبوونەوەی بڕێکی یەکجار زۆری دراو لە دەرەوەی سیستەمی بانکی و لە ماڵاندا.
ناوبراو جەختیکردەوە کە چاکسازییەکان بە هەماهەنگی کۆمپانیای جیهانیی (ئۆلیڤەر وایمان) بەردەوامن و چیتر هیچ سزایەکی نێودەوڵەتی بەرامبەر بانکە عێراقییەکان نییە.
هەروەها ٧ بانکی نوێ بەم زوانە دەست بە مامەڵەکردن بە دراوە جیهانییەکانی دیکە (جگە لە دۆلار) دەکەن تا گوشاری سەر بازاڕی دۆلار کەم بێتەوە.
وتیشی: ئەمریکا تەنیا پەناگەی ئارامە بۆ پارەکانی عێراق و تاکە وڵاتیشە کە پارێزبەندیی یاسایی بە دارایی عێراق بەخشیوە؛ وەبەرهێنان لە وڵاتانی دیکە مەترسیی دەستبەسەرداگرتنی لێ دەکرێت.