ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کەشتییەکی هەڵگری دوو ملیۆن لیتر سووتەمەنی کە ئاڵای پەنەمای لەسەر بووە، لە ناوچە ئاوییەکانی سنووری عێراق لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کراوە بە ئامانج، هاوکات لێکۆڵینەوە فەرمییەکان بۆ ئاشکراکردنی زیانەکان دەستیان پێکردووە.
ئاوێنە: دەزگا هەواڵگرییەکان و سەرچاوە میدیاییە جیهانییەکان وردەکاریی نوێیان لەبارەی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری سووتەمەنی لە نزیک سنوورە ئاوییەکانی عێراق خستەڕوو. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەو کەشتییەی کە بە ئاڵای پەنەما گەشتی کردووە و بڕی دوو ملیۆن لیتر سووتەمەنیی عێراقی تێدا بارکراوە، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە بە ئامانج گرتن ڕووبەڕووی بووەوە.
سەبارەت بە چارەنووسی ستافی کەشتییەکە، هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاوەکو ئێستا زانیاریی ورد لەسەر دۆخی تەندروستی و ژیانی کەشتیوانەکان لەبەردەستدا نییە و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی بەدواداچوونن. هێزە ئەمنییەکانی سەر بە بەندەرەکانی عێراق دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی کردووە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی پشت هێرشەکە و هەڵسەنگاندنی تەواوی قەبارەی زیانە مادی و لوجستییەکان.