بنیامین نهتانیاهو، سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل رایدهگهیهنێت، یەکێک لە فڕۆکەوانهكانی گەشتهكهی "فلای دوبەی" کە ڕۆژی چوارشەممە ئاراستەی گەشتەکەی بەرەو سعودیه گۆڕی، چەقۆی لە فڕۆکەوانەکەی دیکە داوە و هەوڵی داوە فڕۆکەکە بخاتە خوارەوە.
ئاوێنه: بنیامین نهتانیاهو، سهرۆك وهزیرانی ئیسرائیل له پهیامێكی ڤیدیۆییدا وتی، "لەمیانی گەشتەکەدا و کاتێک فڕۆكهكه لە وڵاتەکەمان نزیک بۆتهوه، یەکێک لە فڕۆکەوانەکان چەقۆی لە هاوکارەکەی داوە و پێدەچێت هەوڵی دابێت فڕۆکەکە لەگەڵ سەرنشینەکانیدا بخاتە خوارەوە."
نهتانیاهو ستایشی ئەو "پاڵەوانانە"شی کرد کە دەستوەردانیان کردوه بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێرشبەرەکە و وتی "ژیانی زۆریان ڕزگار کرد" و ڕێگەیان نهدا "کارەساتێکی گەورە" روبدات.
ئاماژەی بەوەش کرد کە سعودیه ئهو فڕۆکەوانەی دەستگیرکردوە کە کردەوەی چەقۆوهشاندنهكهی ئەنجامداوە. وتیشی، دەسەڵاتدارانی سعودیه لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەن.
نەتانیاهو وتیشی کە فهرمانی دهركردوه بۆ ئامادەکاری بەرامبەر ئهگهری هەڕەشەی دیکە.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە فڕۆکەیەکی کۆمپانیای "فڵای دوبەی"ی ئیماراتی کە بەرەو ئیسرائیل دەچو لە سعودیه نیشتەوە، لە کاتێکدا ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بە ڕودانی دەمەقاڵێ لە ناو فڕۆکەکەدا دابو.
لەلایەکی دیکەوە، فڕۆکەخانەی تەبوکی سعودی ڕایگەیاند کە کاپتنی ئەو فڕۆکەیەی لە فڕۆکەخانەکە نیشتوەتەوە لەگەڵ یاریدەدهرەکەیدا برینداربون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەمیر سوڵتان بن عەبدولعەزیز لە تەبوک له راگهیهندراوێكدا وتی، فڕۆکەکەی فڵای دوبەی "سەعات 9:45ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ لە فڕۆکەخانەکە نیشتوەتەوهو دەرکەوتوە کە کاپتنی فڕۆکەکە و فڕۆکەوانی یاریدهدهر برینداربون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، هەروەها چاودێریی پێویست بۆ سەرنشینان دابین کراوە و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای گواستنەوەی ئاسمانی کراوە بۆ دابینکردنی فڕۆکەیەکی جێگرەوە.
پێشتریش یسرائیل كاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەرکۆنەی روداوهكهی كردو بە "هەوڵی هێرشێکی جیهادی" لە ناو فڕۆکەکەدا وەسفی کرد.
فڕۆکەکە لە ڕێگەیدا لە دوبەیەوە بۆ تەلئەبیب لە ئاسمانی سعودیه بوه کاتێک داوای نیشتنەوەی باری لەناکاوی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سوڵتان بن عەبدولعەزیز لە تەبوک لە باکووری ڕۆژئاوای سعودیه كردوه.