ڕۆژی دووشەممە، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەنجامنامەی "کۆنفرانسی نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان"ـی بڵاوکردەوە، کە تێیدا نەخشەڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی پێگەی چاودێر بۆ گەلی کورد لەو ڕێکخراوە جیهانییەدا خراوەتەڕوو و بانگەوازی خەباتێکی دیپلۆماسیی درێژخایەن دەکرێت.
ئاوێنە: کۆنفرانسەکە، کە لە ٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بە بەشداریی نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکان، کەسایەتییە سەربەخۆکان و پسپۆڕان لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو، جەختی لەسەر مافی ڕەوای کورد بۆ هەبوونی نوێنەرایەتییەکی فەرمی کردەوە. بەپێی ئەنجامنامەکە، کوردستان بە ڕووبەری نزیکەی ٥٠٠ هەزار کیلۆمەتر دووجا و دانیشتووانێکی ٦٠ ملیۆنییەوە کە بەسەر وڵاتانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریادا دابەش بووە، هەزاران ساڵە نیشتمانی نەتەوەی کوردە. سەرەڕای ئەم ژمارە گەورەیە، تا ئێستا کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هیچ نوێنەرایەتییەکی فەرمیی نییە و بێبەشبوون لەو مافەش بە سەرچاوەی چەندین قەیران و کێشە لە قەڵەم دراوە.
کەنەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە کە دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی گشتیی ٢٤ـەمی خۆیدا (٦ و ٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦) ئەم پرسەی تاوتوێ کردووە، نامەیەکی فەرمیشی ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە جەخت دەکەنەوە کە ئەمە پرسێکی گەورەیە و تەنیا بە یەک لایەن یان بە پێشکەشکردنی چەند نامەیەک چارەسەر ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هەوڵی گشتگیر، هاوکاریی نێودەوڵەتی و یەکگرتوویی نەتەوەیی هەیە لەسەر ئاستی باڵا.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئامانجە دیپلۆماسییانە، بەشداربووانی کۆنفرانسەکە کۆمەڵێک بڕیار و داواکارییان بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند:
- کەمپینی واژۆی ملیۆنی: دەستپێکردنی کەمپینێکی جیهانیی بەرفراوان بۆ کۆکردنەوەی ملیۆنان واژۆ لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، بە مەبەستی پێشکەشکردنی بە نەتەوە یەکگرتووەکان و داواکردن لە هەموو کوردستانییان بۆ بەشداریکردن تێیدا.
- پێکهێنانی کۆمیتەی نەتەوەیی: دروستکردنی (کۆمیتەی بەدیهێنانی نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان)، کە لە نوێنەری پارتەکان، ڕێکخراوەکان و کەسایەتییە پسپۆڕەکان پێکدێت بۆ هەماهەنگی و سەرپەرشتیکردنی ئەم خەباتە.
- گرێدانی کۆنفرانسی نەتەوەیی: بانگەوازکردن لە تەواوی هێز و لایەنەکان بۆ ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی نەتەوەیی لە زووترین کاتدا، چونکە ئەم ئامانجە تەنیا بە یەکێتییەکی پتەوی نەتەوەیی بەدی دێت.
- داواکاری لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش: ئاراستەکردنی داواکارییەکی فەرمی بۆ قبووڵکردنی داواکاریی گەلی کوردستان، ناساندنی وەک نەتەوەیەک و پێدانی پێگەی "چاودێر". هەروەها داوا لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش کراوە کە بە ئەرێنی پێشوازی لەم داواکارییە بکەن.
- پەیام بۆ وڵاتانی ناوچەکە: جەختکردنەوە لەوەی کە نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا دژ بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا نییە و لە یەکسانیدا بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە؛ هاوکات داوا لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە کراوە کە ئەم هەوڵە وەک دژایەتییەک نەبینن و نەبنە بەربەست لە بەردەمیدا.