لە پێشهاتەیەکی گرنگی ئەدەبیدا، ڕۆمانی "درزەکان" (Die Lücken) لە نووسینی شەیدا بازیار، ژنە نووسەری کورد، توانی خەڵاتی پەرتووکی ئەڵمانیا (German Book Prize) بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەدەست بهێنێت، ئەمەش دوای کێبڕکێکردنی لەگەڵ ٢٠٥ ڕۆمانی دیکەی بڵاوکراوەدا لەسەر ئاستی جیهان.
ئاوێنە: شەیدا بازیار، کە لە بنەچەدا خەڵکی شاری ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلامە و لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و دەژی، لە ڕێگەی ئەم بەرهەمە نوێیەیەوە توانیویەتی سەرنجی ڕەخنەگران و لیژنەی دادوەران بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و ببێتە براوەی یەکەمی خەڵاتەکە.
دەربارەی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە، لیژنەی هەڵسەنگاندن بەرهەمەکەیان وەک دەنگێک "دژی بێدەربەستی و بێباکی" وەسف کردووە. ڕۆمانەکە گێڕانەوەیەکی بەرفراوانە کە باس لە نزیکەی سەدەیەک لە مێژووی ئەڵمانیا دەکات و ڕووداوەکانی لە گوندێکی خەیاڵیی ناوچەی هونسرۆکدا دەگوزەرێن. نووسەر تیشک دەخاتە سەر ژیانی نەوە جیاوازەکان؛ لە خێزانە جووەکان و قازانجکارانی سەردەمی ڕژێمی نازییەوە تا دەگاتە کۆچبەرانی کورد و ئێرانی. دادوەران پێیان وایە کە ئەم ڕوانگە فرەڕەهەند و فرەنەتەوەییەی بازیار، سنوورە باوەکانی چەمکی "ڕۆمانی نیشتمانی" تێکشکاندووە و خستوویەتە ژێر پرسیارەوە.
لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا، بازیار وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بە هەریەک لە هاینز کان و هانا ئارێنت کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە هەستێکی سەیرە خەڵاتێک وەربگرێت لەسەر بەرهەمێک کە تەرخانکراوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی قوربانیانی توندوتیژی و ڕاوەدوونان. هاوکات، لە وتارەکەیدا بە ڕوونی هۆشداریی دا لە هەڵکشان و زیادبوونی دیاردەکانی ڕەگەزپەرستی و تاوانە دژەجووەکان لە ناو کۆمەڵگەی ئەڵمانیادا.
لە ڕووی پێکهاتەوە، ڕۆمانی "درزەکان" کە سێیەمین ڕۆمانی نووسەرە، لە نزیکەی ٥٠٠ لاپەڕە پێکهاتووە. ڕۆمانەکە شێوازێکی کالیلۆسکۆپی (فرەڕەهەند و گۆڕاو)ی هەیە، کە دەرفەت بە خوێنەر دەدات باز بدات بەناو قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا بێ ئەوەی لێی داببڕێت. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە، یەکەمین ڕۆمانی شەیدا بازیار بە ناوی "شەوان لە تاران ئارامە"، ئەمساڵ لە ڕێگەی وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەیەوە چووە ناو لیستی کۆتایی کاندیدەکانی خەڵاتی نێودەوڵەتیی مەن بوکەر.