پژاک پەیامێک ئاراستەی ئێران دەکات: بژاردەکانتان یان جەنگ و وێرانییە یان ئاشتی و دیموکراسی
  2026-10-07     

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە ڕاگەیەندراوێکدا تیشک دەخاتە سەر پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە و پێی وایە، پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی لە کوردستان گەرەنتییە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی. لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا ئێران پێ دەنێتە قۆناغەکانی کۆتایی ململانێ و جەنگەکانییەوە، دەرفەتێکی چارەنووسساز هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی کێشەی کورد بە شێوەیەکی دیموکراسیانە چارەسەر بکرێت.

ئاوێنە: ​پژاک ئاماژە بەوە دەکات کە تاران ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دوو بژاردە بووەتەوە؛ یان قبوڵکردنی جەنگ و وێرانی، یان هەنگاونان بەرەو ئاشتی و دیموکراتیزەکردن. ڕاگەیەندراوەکە گەلی کورد وەک پێکهاتەیەکی دێرین و گرنگی کەلتووریی مێژووی ئێران وەسف دەکات و پێی وایە، بەدیموکراتیزەکردنی ئێران بەندە بە جۆری مامەڵەی دەسەڵاتدارانی تاران لەگەڵ کورد؛ ئایا ڕێگەی دیموکراسی دەگرنەبەر یان ڕێگەی سەرکوتکردن.

​سەبارەت بە دۆخی گشتیی ناوچەکە، پژاک هۆشداری دەدات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی دۆخێک بووەتەوە کە هاوشێوەی "جەنگی جیهانیی سێیەم"ە، تاکە ڕێگەی ڕزگاربوونیش لەو لێکەوتانە، پەنابردنە بۆ سیستەمی دیموکراسی. حزبەکە داوا لە ئێران دەکات کە لە ئەگەری داڕشتنەوەی نەخشە و ڕێکارە نوێیەکانی جیهان بۆ ناوچەکە، واز لە عەقڵیەتی دەسەڵاتی مەرکەزی (ناوەندگەرا) بهێنێت و سیستەمێکی دیموکراسی پەسەند بکات. هەروەها ڕۆڵی کورد لە هەرسێ وڵاتی (ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا) بە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە ناودەبات و هۆشداری دەدات کە پەراوێزخستن و نکۆڵیکردن لە کورد، زیانی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.

​لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، پژاک ئاماژەی بە ڕووداوەکانی ٩ی تشرینی یەکەم کردووە و وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەو ڕووداوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکگرتوویی گەلانی پەراوێزخراو و چەوساوە لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی ئاشتیانە و دیموکراسیدا، تاکە ڕێگەیە بۆ وەستانەوە دژی جەنگ و پیلانگێڕییەکان. هەروەها داوا لە هاووڵاتیان دەکات کە لەو مەترسی و جەنگانە تێبگەن کە هێزە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا دروستیان کردووە، و ئەرکی هەمووانە هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە بدەن.

​لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بانگەوازێکی ئاراستەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم گەلانی ئێران کردووە، کە لەم قۆناغە مێژووییەدا هەوڵەکانیان یەکبخەن. پژاک پێی وایە تێکۆشان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجەلان کە وەک "ئەندازیاری ئاشتی و ئازادی" ناوی دەبات، دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕ و کوشتار. هەروەها ڕایدەگەیەنێت کە ئاستی تێکۆشانی گەلی کورد گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و بە پووچەڵکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دژیان، دەتوانرێت بە دیموکراتیزەکردنی ئێران، گەلانی چەوساوە بگەنە ئازادییەکی یەکجاری.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×