ئا: ئاوێنە
بەپێی ئەو وێنانەی لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە تۆمارکراون، لە دوای ساڵی ٢٠١٧ـەوە، هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لە هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاریی ژینگەیی و بڕینەوەی ژمارەیەکی زۆری دار بە مەبەستی دروستکردنی ڕێگەوبان و بنکەی سەربازی دەبینرێت. لەم چوارچێوەیەدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو دارانەی دەبڕدرێنەوە، لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکی بە ناوی (جەنگیز هۆڵدینگ) لە ڕێگەی بارهەڵگرەوە بۆ ناوخۆی تورکیا دەگوازرێنەوە.
ئەم ڕەوشە بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لای بەشێک لە دانیشتووانی ناوچەکە، کە داوا لە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەکە بنێن. لە بەرامبەر ئەم کاردانەوەیەدا، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە لێدوانێکی فەرمیدا ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە و لە ناوخۆی تورکیا تۆمارکراون. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ناوچەکە سوورن لەسەر ئەوەی کە پرۆسەی بڕینەوەی دارەکان لە خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و دارەکانیش بەرەو تورکیا دەبرێن.
بەپێی زانیارییەکان، پرۆسەی بڕینەوەی دارەکان زیاتر لە ناوچەکانی دەڤەری بادینان چڕبووەتەوە، کە هەریەک لە ناوچەکانی زاخۆ، دهۆک، بەرواری باڵا و ئامێدی دەگرێتەوە. باس لەوەش دەکرێت کە پێش هاتنی وەرزی زستان، کارەکانی ئەم بوارە چڕتر کراونەتەوە و پرۆسەی گواستنەوەی دارەکانیش بە بارهەڵگری گەورە و لەژێر چاودێریی ئەمنیدا ئەنجام دەدرێت.
لە لایەکی دیکەوە، شیکاریی بۆ وێنەکانی مانگی دەستکرد لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠٢٣، ئاماژە بە قەبارەی ئەو گۆڕانکارییە ژینگەییانە دەکەن کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە ئەرشیڤی بەرنامەی "گووگڵ ئێرس" (Google Earth) داتاکان تەنیا تا ساڵی ٢٠٢٣ بەردەستن و زانیارییەکانی پەیوەست بە ساڵانی ٢٠٢٤، ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ بە هۆکارێکی نادیار لە سیستمەکەدا نابینرێن. بە گشتی، ئەو دیمەنانەی مانگی دەستکرد کە گۆڕانکارییەکانی دە ساڵی ڕابردوو لە ٢٠ شوێنی جیاوازدا نیشان دەدەن، قەبارەی کاریگەرییە ژینگەییەکان دەخەنەڕوو و بوونەتە جێگەی بەدواداچوونی میدیایی.








