بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، دیزاینێکی گرافیکیی بڵاوکردەوە کە گوزارشت لە ئەگەری تەقینەوەی بۆمبێکی ئەتۆمی دەکات لەسەر ئاسمانی شاری تەلئەبیب، وەک ئاماژەیەک بۆ مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر وڵاتەکەی.
ئاوێنە: لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو وێنە گرافیکییەدا، ناتانیاهۆ وتەکانی یووڤاڵ بلومبێرگ، شرۆڤەکاری سیاسیی ئیسرائیلیی دووبارە بڵاوکردووەتەوە و داوای لە خوێنەرانی کردووە سەرنج بدەنە ناوەڕۆکەکەی. لەو شیکردنەوەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئیسرائیل لەبەردەم مەترسییەکی جیدی و چارەنووسسازدایە، و ئاماژە بەوەش دراوە کە پێویستە سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت کە لە دوو ساڵی ماوەی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا لەبەردەستدایە، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا کە ناتانیاهۆ پشتگیریی لێ کردووە، هاتووە: "دەوڵەتی ئیسرائیل لەبەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینە و هەستپێکراوی مانەوەدایە. ئەگەر ئێرانییەکان دەستیان بە چەکی ئەتۆمی بگات، ئیتر هیچ شتێکی دیکە گرنگیی نامێنێت؛ هەموو پرسەکانی دیکە لە بەرامبەر مەترسیی مانەوە لەلایەن ئێران و بەرەی شیعەوە زۆر لاوەکی و بێبایەخن."
هەر لەو چوارچێوەیەدا، یووڤاڵ بلومبێرگ ڕەخنەی لە ململانێ و گرژییە ناوخۆییەکان گرتووە و پێیوایە کە ئەو مشتومڕ و قەیرانە دروستکراوانەی ڕۆژانە سەرهەڵدەدەن، تەنها بۆ لادانی سەرنجەکانە لەسەر مەترسییە سەرەکییەکە. ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا بە شێوازێکی هۆشداریئامێز دەپرسێت: "ئەگەر دوو بۆمبی ئەتۆمی لە ناوەڕاستی وڵاتدا بکەونە خوارەوە، کێ گرنگی بە هەموو ئەم هەرا و ژاوەژاوە دروستکراوانە دەدات؟"