پێشبینی دەکرێت لە بەرەبەیانی سبەی هەینییەوە تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین، هەورەبروسکە و تەرزە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و پلەکانی گەرماش بە شێوەیەکی بەرچاو نزم ببنەوە.
ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی لە بارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی قووڵبوونەوەی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و هاتنی بڕێکی زۆر لە شێ لە دەریای سوورەوە، شەپۆلێکی ناجێگیری کەشوهەوا ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
بە گوتەی ئەو شارەزایەی کەشناسی، سەرەتای دەستپێکردنی شەپۆلەکە لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینییەوە لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستانەوە دەبێت. پاشان لە ڕۆژی شەممەدا کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە فراوانتر و قووڵتر دەبێتەوە و سەرجەم ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
سەبارەت بە ناوچە هەرە کاریگەرەکان، پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆرترین قورسایی و کاریگەریی شەپۆلەکە دەکەوێتە سەر سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان. بەهۆی زۆریی ڕێژەی بارانبارین لەو ناوچانەدا، هۆشداری دەدرێت لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و مەترسیی دروستبوونی لافاو.
هاوکات لەگەڵ بارانبارینەکەدا، لە ڕۆژی یەکشەممەوە بارستەهەوایەکی سارد ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو، بە جۆرێک کە ئەگەری بارینی یەکەم بەفری ئەمساڵ لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان هەیە، بەتایبەتی لە سنووری حاجی ئۆمەران.
کۆی گشتیی بڕی بارانی پێشبینیکراو لە ماوەی ٣ ڕۆژی کاریگەریی شەپۆلەکەدا بەپێی ناوچەکان بەم شێوەیە دەبێت:
پارێزگای سلێمانی: ١٠٠ بۆ ١٥٠ ملیمەتر
پارێزگای هەڵەبجە: ١٠٠ بۆ ١٥٠ ملیمەتر
ئیدارەی گەرمیان: ٦٠ بۆ ١٠٠ ملیمەتر
ئیدارەی ڕاپەڕین: ٦٠ بۆ ١٠٠ ملیمەتر
ئیدارەی سۆران: ٥٠ بۆ ٨٠ ملیمەتر
پارێزگای دهۆک: ٥٠ بۆ ٦٠ ملیمەتر
پارێزگای هەولێر: ٣٠ بۆ ٤٠ ملیمەتر
پارێزگای کەرکوک: ٣٠ بۆ ٤٠ ملیمەتر