بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی، حکوومەتی ڕووسیا ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر دابینکردنی ٩٠ سەکۆی تایبەت بە هەڵدانی مووشەکی زیرەک بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەسەر هێلیکۆپتەری جەنگی جێگیر دەکرێن؛ ئەم پێشهاتەش لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، قەبارەی هەماهەنگییە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و تارانی بە کەم وەسف کردبوو.
ئاوێنە: ڕۆژنامە بەریتانییەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا پشتی بە خشتەی بەرهەمهێنانی سەربازیی ڕووسیا بۆ ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ بەستووە. بەپێی ئەو خشتەیە، داواکارییەک بۆ هەناردەکردنی ٩٠ سەکۆی هەڵدانی مووشەک لە جۆری تایبەت بۆ کڕیارێک بە کۆدی نهێنیی (K-10) تۆمار کراوە، کە لە دامەزراوە فەرمی و سەربازییەکانی مۆسکۆدا وەک هێمایەک بۆ ناوهێنانی ئێران بەکار دەهێنرێت.
ئەو سەکۆ سەربازییانەی لە ڕێککەوتنەکەدا ئاماژەیان پێ کراوە، بە شێوەیەک دیزاین کراون کە لەسەر هێلیکۆپتەری هێرشبەری جۆری (Mi-28) جێگیر دەکرێن و تایبەتن بە هەڵگرتنی مووشەکی زیرەکی ڕووسی، کە پێشتر سوپای ئەو وڵاتە لە جەنگی ئۆکرانیادا بەکاری هێناون. هەر یەکێک لەم سەکۆیانە توانای هەڵگرتنی دوو مووشەکی هەیە کە تایبەتمەندیی پێکانی ئامانجە جووڵاوەکانیان بە وردی هەیە.
ئەگەرچی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان تا ئێستا گەیشتنی کردەیی ئەو سەکۆیانەیان بۆ تاران پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ئاشکرابوونی ئەم مامەڵەیە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زانیاری لەبارەی بەرنامەیەکی دیکەی نهێنیی نێوان هەردوو وڵات؛ کە تێیدا مۆسکۆ هاوکاریی تەکنیکیی پێشکەشی ئێران کردووە بە مەبەستی پەرەپێدانی مووشەکی کرووزی زۆر خێرا، بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداودا.
لە بەرامبەر ئەم جموجۆڵانەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە وڵاتانی ڕووسیا و چین، سەرەڕای هەبوونی توانایەکی زۆر بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی فراوانتر بە تاران، تەنیا پاڵپشتییەکی زۆر سنوورداریان بۆ ئەو وڵاتە دابین کردووە. ناوبراو جەختی لەوەش کردبووەوە کە سنووردارکردنی ئەو یارمەتییە سەربازییانە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبێت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی هەموو لایەکدا.
بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گەڕێکی نوێی سزاکانی بەسەر چەند دامەزراوە و لایەنێکی پەیوەندیدار بە ڕووسیادا سەپاندووە. سزاکانی واشنتن بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تارانە لە بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگریی مووشەکی، کە ئامانج لێی چڕکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و سنووردارکردنی ململانێ سەربازییەکانە لە ناوچەکەدا.