ئاژانسێکی عێراقی بڵاویکردەوە، واشنتۆن هەڕەشەی لێدانی هێرشێکی سەربازیی بەهێزی دژی هێزە چەکدارەکانی عێراق و سەرکردەکانیان کردووە و سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەی رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران رایگەیاندووە "ئەگەر هێزە چەکدارە عێراقییەکان پشتیوانی لە ئێران بکەن، ئامانجی هێرشەکانمان دەبن".
ئاوێنە: چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی "شەفق نیوز"ـی وتووە؛ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی پەیوەندییەکەدا بە زەیدی ڕایگەیاندووە، ئەگەر هێزە چەکدارەکان بڕیار بدەن لە هەر شەڕێکی ئەگەریی داهاتوودا، کە ڕەنگە دووبارە دەست پێ بکات، بە پشتیوانی لە ئێران بەشدار بن، ئەوا ئەمریکا ئەو هێزانە و سەرکردەکانیان دەکاتە ئامانجی هێرشەکانی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشداوە، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتیوانی و یارمەتییەک بە بەغدا دەربڕیوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی هێزەکان و تەنهاکردنی بە دەستی دەوڵەت بەردەوام بێت. هەروەها جەختی کردووەتەوە کە نابێت لەم ڕێبازە پاشەکشە بکرێت یان جێبەجێکردنی دوا بخرێت.
باسیشیان لەوەکردووە، ترەمپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەر پاشەکشەیەک یان دواخستنێکی نوێ لە پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی هێزەکان و تەنهاکردنی بە دەستی دەوڵەت، دەبێتە هۆی ئەوەی واشنتۆن ئاستی پشتیوانیی خۆی بۆ زەیدی و حکومەتەکەی پێداچوونەوەی بۆ بکاتەوە.
ئەم بۆچوونانەی واشنتۆن لە کاتێکدا دێت، ئەمریکا پەیامەکانی خۆی بۆ هێزە سیاسییەکان و حکومەتی عێراق سەبارەت بە پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی هێزەکان و تەنهاکردنی بە دەستی دەوڵەت، چڕتر دەکاتەوە.
جێی ئاماژەشە، چوارچێوەی هەماهەنگی، زیاتر لە دوو مانگ لەمەوبەر، لیژنەیەکی سێ لایەنەی پێکهێنا، کە دواتر بووە بە لیژنەیەکی چوارلایەنە، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی کاریگەرییەکانی پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت. ئەم لیژنەیەش لە ماوەی ڕابردوودا زنجیرەیەک گفتوگۆ و تاوتوێی لەگەڵ هێزە پەیوەندیدارەکان ئەنجام داوە.