كۆشكی سپی: تره‌مپ له‌گه‌ڵ شی و پوتین باس له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌كات
  2026-11-14     

كۆشكی سپی رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا كۆبونه‌وه‌یه‌كی سێقۆڵی له‌گه‌ڵ ڤلادیمیر پوتین، سه‌رۆكی روسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین ئه‌نجامده‌دات و له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا پرسی كه‌مكردنه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌وروژێنت. به‌پێی قسه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مریكا پێشبنیش ده‌كرێت له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پرسی ئێران بكرێت، به‌ڵام به‌دور ده‌زانرێت باس له‌ جه‌نگی ئۆكرانیا بكرێت.

ئاوێنه‌: ئۆلیڤیا وه‌یڵز، وته‌بێژی كۆشكی سپی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به‌ رۆژنامه‌نوسانی رایگه‌یاند، له‌ په‌راوێزی كۆنفرانسی هاریكاریی ئابوریی ئاسیا و زه‌ریای هێمن، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا و ڤلادیمیر پوتین، سه‌رۆكی روسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین كۆبونه‌وه‌یه‌كی سێقۆڵیی مێژویی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ئۆلیڤیا وه‌یڵز، وتیشی، تره‌مپ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس لە کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا دەکات، کە "پێیوایە بڵاوبونەوەی ئه‌و چه‌كه‌ زۆر مەترسیدارە."

پێداگریی بەردەوامی ترەمپ لەسەر ئەوەی له‌ كۆبونه‌وه‌ بێپێشینه‌كه‌ی نێوان هەر سێ سەرۆكه‌كه باس له‌ کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی بكرێت، نیگەرانیی چینی لێکەوتۆته‌وه‌ کە میوانداری لوتکەیەک دەکات تایبه‌ت به‌ بازرگانی و کار. چین ئه‌و هه‌وڵانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ڕوسیا و ویلایەتە یەکگرتوەکان هه‌ن.

روسیا و ئه‌مریكا خاوەنی گەورەترین کۆگای چه‌كی ئه‌تۆمین.

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی وتی: له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا "چاوەڕوانی گەیشتن بە هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک ناکەین." وتیشی: "ئەمە بابەتێکی قورسه‌ بۆ چین کە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەڵام پێمانوایە کاتی ئەوە هاتوە چین بێتە سەر مێزی گەورەکان، ئەگەر دەربڕینەکە دروست بێت، و گفتوگۆی پێگەیشتو لەسەر بابەتی پێگەیشتو بكات".

بەرپرسەکە به‌ رۆیته‌رزی وتوه‌ "ئەمە سەرەتایەک ده‌بێت و هیوادارین لە داهاتودا ببێتە گفتوگۆیەکی بەرهەمدار".

پەکین چەندین ساڵە به‌ره‌نگاری ده‌كات به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ راسته‌وخۆ بچێته‌ گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و دەڵێت گونجاوترە روسیا و ویلایەتە یەکگرتوەکان بەهۆی جبەخانە زەبەلاحەکانیانەوە ڕاستەوخۆ پێکەوە له‌وباره‌یه‌وه‌ قسەبکەن.

بەپێی پەیمانگای نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی، روسیا خاوەنی زۆرترین ژمارەی کڵاوەی ئەتۆمیی کۆگاکراوە، دوای ئەویش ویلایەتە یەکگرتوەکان و پاشان چین دێن. ئەمساڵ ماوه‌ی پەیماننامەی کەمکردنەوەی چەکە ستراتیژییە نوێیه‌کان لە نێوان ویلایەتە یەکگرتوکان و ڕوسیادا کۆتایی هات.

هێشتا دیار نییه‌ کە ئایا روسیا یان چین بەنیازن بچنە ناو گفتوگۆوە لەگەڵ ترەمپ سەبارەت بە کەمکردنەوەی چەکی ئه‌تۆمی یان نا.

بەرپرسە ئه‌مریكییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ترەمپ لە میانی کۆبونەوەکەدا هەروەها پرسی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەوروژێنێت، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت باسی شەڕی ڕوسیا لە ئۆکرانیا بکات.

بەرپرسە ئه‌مریكییه‌کە وتی: "لەم دواییانەدا کۆبونەوەی زۆرمان لەگەڵ ڕوسەکان ئەنجام داوە، بەڵام چین بەشێکی راسته‌قینه‌ نییە لەم پڕۆسه‌یه‌، بۆیە گونجاو نییە له‌ كۆبونه‌وه‌ سێقۆڵییه‌كه‌دا گفتوگۆ لەسەر ئۆکرانیا بکرێت".

زۆرترین بینراو
قوباد تاڵه‌بانی: با كاك مه‌سعود برا گه‌وره‌یی خۆی بسه‌لمێنێت و بێته‌ ده‌باشان و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات
حه‌وت مه‌رجه‌كه‌ی به‌غدا بۆ ناردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2027
خانه‌واده‌كه‌ی: هاوخه‌می به‌رفراوانی خه‌ڵك بۆ كۆچی مام عوسمان نیشانی دا كه‌ كه‌یسی سه‌رده‌شت هه‌ر به‌زیندویی ده‌مێنێته‌وه‌
تره‌مپ: تا ئه‌و كاته‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ كۆشكی سپی جێده‌هێڵم، رژێمی ئێران مابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ شكسته‌ بۆ من
سەرۆکی موساد لە واشنتۆن، "فشارکردن لەترەمپ بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران"
هێڵی ئاسمانیی عێراقی گەشتە ڕاستەوخۆکانی لە هەولێر و سلێمانییەوە بۆ دوبەی دەستپێدەکاتەوە
بەهۆی گومانی دزەکردنی سێ خۆکوژی داعش؛ ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک داخرا و پردێ خرایە ژێر گەمارۆی ئەمنییەوە
قوباد تاڵه‌بانی: ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رویدا شه‌رمه‌زاری بو
ڕوونکردنەوەیەک لە دانە غاز لەبارەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ
ليژنه‌ باڵاكه‌ی زه‌یدی گه‌یشته‌ جورف سه‌خر بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌قاچاخبردنی نه‌وت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×