سه‌باح نوعمان: رێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بۆ جورف سه‌خر ده‌كرێنه‌وه‌و خه‌ڵكه‌ ئاواره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌
  2026-11-18     

سه‌باح نوعمان، وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، جێگیركردنی یه‌كه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان له‌ جورف سه‌خر، كردنه‌وه‌ی رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی بۆ ناوچه‌كه‌ به‌دوادادێت و هه‌روه‌ها پاش ئه‌وه‌ش زه‌مینه‌خۆش ده‌كرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ ئاواره‌بوه‌كه‌ی ناوچه‌كه‌.

ئاوێنه‌: سه‌باح نوعمان، وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، به‌ ئاژانسی ره‌سمی هه‌واڵه‌كانی عێراق راگه‌یاند، جێگیركردنی یه‌كه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان له‌ ناوچه‌ی جورف سه‌خر بەپێی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بە سەرپەرشتی و بەدواداچوون و هەماهەنگیی نووسینگەکەی بەڕێوەدەچێت و دیاریکردنی کەرتەکانی بەرپرسیارێتی لەنێوان هێزە ئەمنییە جیاوازەکاندا لەخۆدەگرێت، کە بریتین لە حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراق، لەگەڵ سپاردنی ئەرکی پاراستنی بۆرییە نەوتییەکان بە پۆلیسی وزە، سەرەڕای بونی فەوجێکی جێگیری دەزگای دژە تیرۆر وەک هێزێکی یەدەگ لە ناوچەکەدا.

ڕونیشی کردەوە "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێوەچوو، کە تێیدا پێداچوونەوە کرا بەو یەکانەی جێگیرده‌كرێن و کەرتەکانی بەرپرسیارێتیش لە نێوان پێکهاتە ئەمنییەکاندا دیاری کران."

ئاماژەی بەوەشدا کە "ڕێککەوتن کراوە لەسەر پێکهێنانی بارەگایەکی کۆنترۆڵکەر بە فەرمانێکی دیوانی لە لایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە، کە سەرپەرشتی، کۆنترۆڵ و بەدواداچوونی ئەرکی هێزە جێگیركراوه‌كان له‌ ناوچەکە دەکات."

جەختی کردەوە کە "نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەردەوام دەبێت لە سەرپەرشتیکردنی هەماهەنگیی کارەکان لە نێوان دەزگا ئەمنییەکان و بارەگا نوێیەکەدا بۆ دڵنیابون لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان بەپێی پلانە داڕێژراوەکان."

سەبارەت بە کردنەوەی ڕێگا سەرەکییەکان لە جورف سه‌خر، نوعمان جەختی کردەوە کە "پلانه‌ داڕێژراوه‌كان، واده‌كان، ئەولەوییەت و قۆناغی دیاریکراو بۆ کارکردن لە ناوچەکەدا لەخۆدەگرن، کە بە تەواوکردنی جێگیركردنی یەکە ئەمنییە نوێیەکان و دیاریکردنی کەرتەکانی بەرپرسیارێتییان دەستپێدەکات و دواتر کردنەوەی ئه‌و ڕێگا گرنگانه‌ی بەدوادادێت کە ناوچەکە بە ناحیەی عامرییەی فەلوجە، بەغدا و ئەنبارەوە دەبەستنەوە."

وتیشی "ئەم ڕێوشوێنانە سەرەتایەکن بۆ ئاراستەکانی داهاتوی حکومەت کە ئامانجیان پێشخستنی دۆخی ناوچەی جورف سه‌خره‌، کە لە ساڵانی ڕابردودا بەدەست لێکەوتەکانی تیرۆرەوە ناڵاندویەتی" و ئاماژەی بەوەشدا کە "پلانەکان تەنها لە لایەنی ئەمنیدا كورت نابنه‌وه‌، بەڵکو پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژیش لەخۆدەگرن کە بەشدار دەبن لە پەرەپێدانی ناوچەکە و بەهێزکردنی سەقامگیرییەکەی."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو "جورف سه‌خر خاوەنی پێگەیەکی جوگرافیی ستراتیژییە کە چوار پارێزگا پێکەوە دەبەستێتەوە، سەرەڕای هەبونی تواناكانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و دەرفەتی ئەنجامدانی پڕۆژەی نەوتی و خزمەتگوزاری، بەتایبەتی لەگەڵ بونی هێڵەکانی بۆریی نەوت کە دەتوانرێت لە پڕۆژە ستراتیژییە گەورەکاندا به‌كاربهێنرێن."

نوعمان جەختی کردەوە کە "ئاراستەکانی داهاتوی حکومەت ئامانجیان به‌گه‌ڕخستنی توانا بەردەستەکانی ناوچەکە و پێشخستنی دۆخی خزمەتگوزاری و ئابورییەکەیەتی، بە شێوەیەک کە زەمینە خۆش بکرێت بۆ گەڕانەوەی خه‌ڵكه‌ ئاواره‌بوه‌كه‌ی و چەسپاندنی سەقامگیری تێیدا، لەسایه‌تی پاراستنی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×