نوسینگه‌ی عه‌لی زه‌یدی: زیاده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر هێڵی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێت
  2026-11-18     

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، عه‌لی زەیدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ڕیاریدا زیادەڕۆییەکانی سەر هێڵی گواستنەوەی نەوت رەوانەی دادگا بکرێت بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران

ئاوێنه‌:  نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای چاکسازیی کەرتی ئەمنی كردووەو چەندین رێکار بۆ پاراستنی سامانی نیشتمانی دەگیرێنەبەر.

بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە تەواوکردنی پرۆسەی گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنی بۆ وەزارەتی ناوخۆ كراوە، وێڕای پەسەندکردنی پلانە جێبەجێکارییەکان کە لەلایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانەوە پێشکەش کراون بە مەبەستی پشتگیریکردنی سەقامگیری و كۆكردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ بەهێزکردنی رێکارەکانی حکومەت لە پێناو پاراستنی سامانی نیشتمانی و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، لیژنەکە بڕیاری دا پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی بۆریی گواستنەوە لە ناوچەی جورف لنەسر بگرێتە ئەستۆ، هەروەها گۆڕینی ئەو هێزەی ناوچەكەی بەدەستەوەیە بە هێزێکی دیکە کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دیاری دەکات.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، هاوکات بڕیار درا ئەو لێکۆڵینەوانەی کە حکومەت سەبارەت بە زیادەڕۆییەکانی سەر هێڵی گواستنەوە ئەنجامی داون ڕەوانەی دادگا بکرێن بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران.

هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لیژنەکە جەختی لەسەر بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی بە شێوەیەکی خولی کردەوە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی قۆناغەکانی چاکسازی و چەسپاندنی ئاسایش و بەدیهێنانی سەقامگیری بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و گەلەکەی بکات، هەروەها بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بەهێزکردنی بنەماکانی لێپرسینەوە و شەفافییەت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×