نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست رایگەیاند، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بەڵێنیان پێدراوە کە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا مووچەکانیان دابەش بکرێت، هۆشداریش دەدات لە بەردەوامبوونی بایکۆت لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکەدا.
ئاوێنە: کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست ئاشکرای کرد، هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندوون کە سبەی یان دووسبەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان بۆ زیاتر لە 53 رۆژ، لە ئێستادا مامۆستایان لە ناوچە جیاوازەکان بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندنیان کردووە. جەختیشی کردەوە، ئەگەر بەپێی ئەو بەڵێنەی پێیان دراوە مووچەکانیان دابەش نەکرێت، ئەوا بایکۆتی خوێندن دەکەن.