وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەمڕۆ سێشەممەوە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم بۆ مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی دامەزراو دەست پێ دەکات و بڕیارە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا تەواو بێت.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، لەمڕۆوە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەست پێ دەکات و لە ماوەی پێنج ڕۆژدا سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن.
هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دەست پێ دەکات کە لە دوای ڕێکەوتی ١ی تەمووزی ٢٠٢٤ـەوە بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
سەبارەت بە ماوەی دابەشکردنەکەش، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی دابەزینی داهاتی ناوخۆ و کەمیی پارەی کاش لە بانکەکاندا، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی ئەو چین و توێژانە ماوەی پێنج ڕۆژ دەخایەنێت.