شارێک بێ ناسنامە، شاری سلێمانی بەنمونە...
  2019-12-03       3392       

 زامۆئا داراغا

 

هەموو شارێک بە ناسنامەکەیدا دەناسرێتەوە بەو ڕووداوانەی کە ڕوویانداوە لە ناو شاڕەکەدا بووە بە مێژوو! یان کوچە و کۆڵان و باڵەخانەکانی کە لە ڕووی هونەریەوە یان لە ڕووی ڕامیاری و دەسەڵاتەوە دروست بووە و گەشەی کردوە و بووە بە بەشێکی زیندوی شارەکە, 
شاری سلێمانیش وەک شارەکانی تری دونیا لەم خاسیەتە بەدەرنییە لەگەڵ ئەوەی مێژووی دروست بوونی مێژوویەکی تازەی هەیە, بەڵام ئەوەی کە دەبینرێت لە دوای ساڵەکانی نەوەتی سەدەی ڕابووردوو وە بە تایبەتی دوای ڕاپەرینی بەهاری ساڵی 1991  هەوڵێک هەیە بۆ سڕینەوە و نەهێشتنی ئەم شوێنانە ئینجا بە پلان بێ یان بە بیێ پلان, وە ساڵ بە ساڵ ئەم دیاردەیە زۆر دەبێت لە ژیر بیانوی جۆراو جۆردا لادەبڕێت و دەڕوخێندرێت, نموونەکان زۆرن بەڵام ئەوەی کە بەلای منەوە سەرنج راکێشە و دەمەوێت ڕووناکی بخەمە سەر ( فولکەی کاوەیە )  
دەتوانم بڵێم هەموو ئلیمێنتەکان لەم فولکەیەدا کۆدەبێتەوە کە ئێمە بتوانین خوێندنەوەیەکی باشی بۆ بکەین لە ڕووی مێژووی و پەیوەندی خەڵک بە شوێنەوە کارتێکردنی شوێن بە سەر خەڵکەوە, بۆ نموونە ئەم فولکەیە لە رووی هونەری پەیکەرتاشی ئەو سەردەمە وە دروست بوونی دیزاینی نوێ بۆ شار لە ڕێگەی پەیکەر و سەوزایی و نافورەوە وە  مێژووی نەتەوەی کورد کەلە کەسایەتی کاوەی ئاسنگەردا خۆی دەبینێتەوە وەک ( ئستورە ) یەکەی کوردی هەروەها شەڕی مانەوەی ناسنامە دژی ڕژێمی بەعسی فاشی لەو سەردەمەدا لە ڕێگەی هونەرەوە بۆ پاراستنی ناسنامەی میللەتی کوردی کراوە, ئەمانە هەمووی لەم فولکەیەدا کۆبۆتەوە کە زۆرتر پەیوەندی بە مێژووی شۆرشی هاوچەرخی کوردەوە هەیە.
لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا لە نێوان ساڵی 1983 بۆ ساڵی 1984 لە گەرمەی شەڕی ئێران عیراقدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە ئەو کات بە هێزترین حیزبی چەکداری بوو دەستی کرد بە دانوسان ( مفاوەزات ) لە گەڵ ڕژێمی بەعسی فاشستدا, هاتنەوەیان بۆ ناو شار و دروست بوونی فەزایەکی دەستکردی ئازادی لەو ساڵەدا بووە هۆی دروست بوونی بیرۆکەی پەیکەری کاوەی ئاسنگەر کە گوزارشت لە تێکۆشانی گەلێک دەکات دژ بە ستەم کاری بە دیهێنانی داد پەروەری ئەمەش لەم پەیکەرەکەدا بە جوانی دەبینرا بە هەڵگرتنی چەکوشێک بە دەستی ڕاست کە گوزارشت لە هێز دەکات و لێکردنەوەی سەری زوحاک و مارەکانی بە دەستی چەپ کە گوزارشت لە نەمانی زوڵم و زۆری دەکات لەسەر قاعیدەیەکی بەرز کە گوزارشت لە مەشخەڵی ئاگری نەورۆز دەکات.
 لەو ساتەدا پیشنیار کرا کە پەیکەرەکەی کاوەی ئاسنگەر لە چوار ڕێیانی شەقامی ئیبراهیم پاش و شەقامی توی مەلیک و شەقامی پیرەمێرد و شەقامی زانکۆ لای گردی جۆگە نزیک مونەزەمەی ( شەهید عوسمان ) دابنرێت و ڕەزامەندی بۆ وەرگیرا.
هونەرمەند ( کۆسرەت جمال غفور ) هەستا بە دروست کردنی پەیکەرەکە, کە ئەو کات مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بوو بەشی پەیکەر سازی, کارەکە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان کرا کە ئەوکات لە باڵەخانەی ناوەندی ڕەنگینی کچانی ئێستادابوو.
بە سەرپەرشتی هونەرمەند ( کۆسرەت جمال ) و بە هاوکاری چەند خوێندکارێکی پەیمانگا ئەو کارە ئەنجام درا,هەروەها  کارەکە بە سپۆنسەری کەسایەتی ناسراوی ( علی بۆسکانی ) کرا کە ئەو کات یەکێک بوو لە دەوڵەمەندەکانی شار.
لە گەڵ پەردە لابردنی پەیکەرەکە لە ڕۆژی 1983/8/30 بوو بە خۆپێشاندان و ناڕەزای دژ بە ڕژیمی فاشی کە لە ئەنجامدا بووە هۆی شەهید بوون و برینداربوونی چەندین کەس و گرتن و سجن کردنی دەیەها گەنج, لە دوای 40 ڕۆژ پەردە لەسەر لابردنی پەیکەرەکە شەوێک بە شۆفل ڕژێمی فاشستی بەعس ئەو پەیکەرەی شکاند لە ڕقی ئەو ڕۆژەکە خەڵکی شارەکە هەستان بە خۆپێشاندان و کەوتنەوەی پشێوی, ئەم ڕووداوە بوو بە مێژووی شارەکە و وەک برینێکی قوڵی لێهات و هەمیشە لە زاکیرەی خەڵکدا مایەوە بوو بە ڕەمزی شۆرشگێڕی و زیندوی شارەکە,
لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 وە سەر لە نوێ بیرۆکەی دروست کردنی پەیکەری کاوەی ئاسنگەر زیندو بووە کە لە هەمان شوێندا دروست بکرێتەوە واتا لە فولکی کاوە بە مەبەستی  زیندووکردنەوەی ئەو مێژووە هێنانەوەی ئەو ڕووداوە کە ییش نۆ ساڵ ڕوویدابووهەروەها ببێت بە ناسنامەی شارەکە و شوێنێکی تایبەت بمێنێت بۆ مێژووی شارەکە.
خاوەنی بیرۆکەی دووبارە دروستکردنەوەی پەیکەری کاوەی ئاسنگەر ڕێکخراوی هونەرمەندانی سۆسیالست بوو کە سەربە حیزبی سۆسیالیستی کوردستان ( حسک ) بوو,
دروست کردن و جێبەجێکردنی  پەیکەرەکەیان سپیردرا بە هەردوو هونەرمەند ( لەتیف سابر )و ( سەلام ڕچا )  پەیکەرەکەیان لە ئامادەیی فرشتەی کچان  دروست کرد کە ئەوکات ئاوارەی شاری کەرکوکی تیا بوو لە سەرەتای ڕاپەریندا,
لە نەوڕۆزی ساڵی 1992/3/20  پەردە سەرلە نوێ لەسەر پەیکەری کاوەی ئاسنگەرلابرا لە مەڕاسیمێکی گەورەدا کە من وەک شایەد حاڵیک لەوێ بووم.
لە دوای چەند ساڵیک شارەوانی سلێمانی داوا لە پەیکەر سازەکان دەکات پەیکەرەکە گۆرانکاری تیا بکەن کە گوایە رێکخراوێکی بیانی گلەیی کردوە کە ئەم پەیکەرە وەک ڕەمزی توندوپیژی وایە و بۆ میللەتی کورد جوانییە سەری دوژمنەکانی ببڕێت و لە ناوەڕاستی شاردا پەیکەری بۆ دروست بکەن! ؟؟ هونەرمەند ( لەتیف سابیر ) بەم داواکاریە ڕازی نابێت و جیبەجێی ناکات.
بەلام شارەوانی ئەم کارە بە هونەرمەند ( زاهیر سدیق ) دەسپێرێت و دەسکاری پەیکەری کاوەی ئاسنگەر دەکات بە گۆڕینی دەستی چەپی پەیکەرەکە کە کەلەی زوحاکی هەڵگرتوە و کەلەکە لای دەبات و چەکوشەکە دەهێڵنەوە کاوەلە شۆرشگێرێکەوە کەدەنەوە بە ئاسنگەرێکی ئاسای. 
بەلام دوای ماوەیەک بە بیانوی دانانی ترافیک لایت بۆ چوار رێیانی فولکەی کاوە و گەورە کردنی شەقامەکە پەیکەرەکە و فولکەکە و نافورەکە لادەبەن و دەیسڕنەوە لەسەر زەوی وە شتێک ناێنێت بە ناوی پەیکەری کاوەی ئاسنگەر بۆ دووهەم جار ئەم پەیکەرە دەڕوخێنرێت.    
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەم شوێنە بۆ گرنگە؟ وە چەند گرێدراوە بە مێژووی ئەم شارە. هەروەها ئەو پەیوەندیە بە چیڕۆکی کاوەی ئاسنگەر و مێژووی شۆرشی هاوچەرخی کورد دژ بە دووژمنان و دۆزینەوەی ناسنامەی تاکی کورد لە دوای ئەو هەموو شکستانە کە بەسەری دا هاتوە.
بەڵام گەر سەرنج بدەین ئەوە دەیبینین لە ئەنجامدا ئەو وێرانیەی کە لە سایەی دەسەڵاتی کوردیەوە توشی ئەم شارە بووە زۆر زیاترە لەوەی کە لە سەردەمی ڕژمی بەعسی فاشیدا بەسەری هاتوە, کە ئەمە بۆمن پرسیارە کە ئایە ئەم وێرانکاریە بە مەبەستە یان پەیوەندی بە سەقەتی بەرێوەبردنی شارەکەوەیە لەم 29 ساڵی دەسەڵاتی کوەردیدا دەبینرێت.
لە ناو چوون و نەمانی زۆربەی شوێنەکانی ئەم شارە بووەتە دیاردە تەنها ئەم شوینی نەگرتۆتەوە بەڵکو زۆربەی شوینەکانی تری شاری گرتۆتەوە کە هەمووی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ مێژووی شارەکە, وەک نەمانی زۆربەی زۆری فولکەکانی شار کە بووبوون بە ناونیشان بۆ زۆربەی زۆری شەقامەکان بە ناوی کارە هونەریەکانە دەنرا بۆ نموونە فولکەی کانی ئاسکان فولکەی دەستاڕەکە فولکەی گۆزەکان و پەیکەری ئاسۆی دەلاک فولکەی مامە ڕیشە و هتدد...
نەمانی بالە خانە کۆنەکان کە لە ئێستادا زۆربەیان بوون بە پارکی ئۆتۆمبێل و نەمانی هەندێ لە بازاڕەکان وەک حەوزە وشکەکە و مەیانی دارەکان و پشتگوێخستنی چەندین شوێن وەک گوزەری دارتاشەکان و ئاسنگەرەکان و گردی مامەیارە و ماڵی ( محافیز ) هەروەها نەمانی چەندین گۆڕستان لە ناو  سنوری شاردا, ئەم دیاردەیە وای کردوە شاری سلێمانی ناسنامەی خۆی لە دەست بدات و بکەوێتە بەردەم کێشەیەکی گەورەوە ئەویش نەمانی ناسنامەیە وەک شار و لاوازبوونی ئینتما و پەیوەندیەی نێوان هاوڵاتی و شاردا, دروست بوونی ئەو هەستی کە کەس خۆی بە خاوەنداریتی و بەرپرسیاریتی نەزانێت بەرامبەر بە شارەکە, 
شار لە شارستانی و پێکەوە ژیانە و لێبوردن بکەوێت و ببێت بە هۆتێلێکی گەورە و بازاریکی ناشرین نەتوانێت پیشکەوێت وە لە شارێکی بەرهەم هێنەرەوە ببێتە شارێکی مشەخۆری بی کولتور و مێژوو.
ئیتر لە جێگای خۆی بمێنێتەوە وپێشنەکەوێت, لە ئیستادا شاڕێکە پرە لە رێکلامی فلێکسی بازرگانی ناشرین و باڵەخانەی ئەلیکۆبۆن و جامی ڕەش و عەمودی کارەبای ناشرین کە بە هیچ جۆرێک پەیوەندی نەماوە بە مێژووی شارەو, ئەم سڕینەوەیە توشی کێشەی بچڕانی مێژووی بووە؟ واتا ئێمە وەک شار نەمانتوانیوە لە سەر یەک ڕێڕەو بڕۆین و ستێب دوای ستێب ژێرخانی کولتوری و شارستانی شارەکە دەوڵەمەندکەین, بۆ نموونە لابردنی ئەو فولکانەی کە کاری پەیکەرسازی تیا بووە بوەتە هۆی دابڕانێک لە هونەری پەیکەر سازیدا دوێنێ و ئەمڕۆ کە ئێستا بە ڕوونی دەیبینین کە چ کێشەیەکی بۆ شار دروست کردوە, هەروەها نەمانی باڵەخانە کۆنەکان کە بووەتە هۆی دروست بوونی جۆرێک لە باڵەخانەی ناتەندروست و ناشرین کە تەنها کۆپی پیسێکی خراپی کوالیتی نزمی کولتورەکانی ترە کە بۆ ئێمە نامۆیە و هەموو کاتێک بە تەنێکی نامۆ تەماشا دەکرێت وە ناتوانین بیگونجێنین لە گەڵ ئاو هەوا و کولتورەکەماندا چونکە بە شیوەی ئاسای و سروشتی خۆیدا تێنە پەڕیوە و گەشە بکات.
 بۆیە لێرەدا باس لەم دیاردە دەکەم چونکە وەک پەتا بڵاو بۆتەوە هەموو شوێنەکانی گرتۆتەوە کە پەیوەندی هەیە بە مێژووی ئەم شارەوە, 
زۆر گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم من بە بیری یادەوەری پڕسۆز و خۆشەویستی بۆ شوێنەکان ناینوسم ئەوەندەی مەبەستمە باسی شوێن وەک مێژوو وەک ناسنامە بکەم وە ئەو پەیوەندیانە کە دروست دەبێت لە نێوان خەڵک و شاردا وە ئەو کارلێکردنە کە مێژووی شوێن دەیکات بە سەر خەڵک و پیشکەوتنی شارستانی و کولتوری ئەو پەیوەندیانەی کە دروست دەبن لە نێوان کەسەکانی ناو شار لە ڕێی بوونی ئەم شوێنانەوە وەک خۆی بمێنێتەوە, هەروەها سود وەرگرتن لە هەڵەکانی پیشو وە دووبارە نەکردنەوەی ئەو هەڵانە کە دەکرێت لە ماستەر پلانی شاردا مانەوەی ئەم شوێنەوارانە وەک مێژوو بەردەوام نۆژەن کردنەوەی و پیشخستنی ئەم جیگایانە و بەکارهێنانی بۆ خزمەتگوزاری سەردەمیانە ببیتە فەزایەک بۆ یەکتر بینین و یەرکەوتنی خەڵک و دروست بوونی دیالۆگ کە دەبێتە هێزێک بۆ پێشەوە چوونی ڕەوڕەوەی شارستانی و دروست بوونی ژیانێکی تەندروست و پێکەوە ژیان و لێبوردەیی.
بۆیە من لێرەوە پێشنیار دەکەم بە سەرلە نوی دروست کردنەوەی فولکەی کاوە بە شێوازێکی تازە و مۆدێرن کە بگونچێت لەگەل ئیستای ئێمەدا و زیندووکردنەوەی ئەو مێژووە و هەڵگرتنەوەی گشت زانیاریەکان و دیکۆمێنت کردنی هەموو بەڵگەکان و تۆمار کردنی ناوی هەموو ئەو کەسانەی کە بەشداربوون لە دروست کردنی ئەم مێژووە لە سەرتای دروست کردنی بۆ دووبارە دروستکردنەوەی و بۆ سێ بارە دروست کردنەوەی ئەم فولکەیە و ئەم پەیکەرە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لەو ڕۆژەدا شەهید بوون و زیندانی کراون ئەشکەندە دراون, ببێت بە بەشیکی زیندو لە کولتوری شارەکەدا و لە ئەرشیفی شاردا هەڵبگیرێت و نمایش بکرێت.

 

 

 

 

 

سوپاس و پێزانینم بۆ ئەم بەرێزانەی کە دەوڵەمەندیان کردم بە زانیاری و فۆتۆکان :- شوان کەمال , خالید رسوڵ , پەیچی گەرەکی عەقاری , مەریوان قەفتان , دلشاد بەرزنجی , لەتیف سابر

 

تێبینی:- 
لە ئێستادا فولکەی کاوە بریتیە لە چوار ڕێیانێکی ناشرین کە پڕە لە کامێرای چاودێر و چەند ترافیک لایتێکی ناشرین, دووکەڵی ئۆتۆمبێل دەتخنکێنێت.
لە بەشێکی چیرۆکەکەدا باس لەوە دەکرێت کە شارەوانی داوا لە پەیکەر تاشەکە دەکات پەیکەرەکە بگۆرێت؟ کە ئەمە بۆمن باشترین بەڵگەیە کە ئەم شارە بە چ عەقڵیەتێکەوە بەڕێوەدەبرێت نەزانین گەورەی هەموومانە.
لە چەند ساڵێکدا هەموو پەیکەرەکانی شار لابران و شکێندرا بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەی دەسەڵاتی کولتوری شار و ڕۆشنبیرەکان و هونەرمەندەکان لە کوێ بوون چیان دەکرد بە هەمان شێوەی ئێستا بێ دەنگی و پاسیڤیان هەڵبژاردووە لە ئێستادا شار پڕبووە لە پەیکەری ناشرین و کوالیتی نزم ئەوان هەر بێ دەنگن ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم دەسەڵاتە کولتوریە هیچ نییە بێجگە لە مشەخۆرێک کە خەمی لە پۆست و مووجەکەیدایە. 
ئەم مێژووو ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ڕۆژێک دێت بە هەمان شێوە لە شەو و ڕۆژێکدا هەموو کارە هونەریەکانی شار لادەبەن و بچینەوە خاڵی سفر کە هونەر و کولتور هیچ بەهایەکی نییە لەم شارەدا .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×