بۆچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناتوانێت کۆنگرە ببەستێت؟
  2019-12-04       2146       

مەریوان وریا قانیع


یەکێتی نیشتیمانی ماوەی چەند ساڵێکە خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی تازە بۆ حیزبەکەیان، بەڵام ھەرجارە و بە بیانویەک و بۆ ھۆکارێک دوادەخرێت و ڕێ لە ڕێکخستنی دەگیرێت. پرسیارەکە ئەوەیە لەبەرچی ھێزێکی سیاسیی وەک یەکێتی ناتوانێت کۆنگرە ببەستێت؟ چی وادەکات پارتێکی سیاسیی نەتوانێت کۆنگرەی خۆی بە شێوەیەکی ئاسایی ئەنجامبدات؟
لەڕووی پرنسیپەوە بەستنیی کۆنگرەی حیزب یەکێکە لە کارە ڕۆتینییەکانی ناو ژیانی سیاسیی، وا لە ھەر ھێزێکی سیاسیی چاوەڕواندەکرێت بتوانێت ھەر ٤ تا ٥ ساڵێک کۆنگرەیەک ببەسێت. لەم کۆنگرەیەدا ئەو پارتە باس لە دۆخی گشتیی پارتەکە و باس لە ئیشی ئۆرگانەکانیی و سەرچاوە مادییەکانیی و بەشداریان لە ژیانی سیاسیدا دەکرێت. ھەروەھا پێداچوونەوە بە ئایدیۆلۆژیا و دورشم و بەرنامە و کارەکانی ئەو پارتەیدا دەکرێت و لە ھەمانکاتدا ئەگەری بەرزبوونەوە بۆ ئۆرگانەکانی سەرەوەی ئەو پارتە لە بەردەم ئەنداماندا واڵادەکرێت. لەمەشدا ئەو پارتە جگە لە تازەکردنەوەی بەرنامە و دید و دروشم و سیاسەتەکانی، ھاوکات سەرکردایەتیی و بەڕێوەبەرانی پارتەکەش تازەدەکاتەوە و ھەلی دەستگۆڕکێی دەسەڵات لەناو ئەو پارتەدا دەڕەخسێنێت و پیادەدەکات.
ئەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆنگرەیەکی ئاسایی بۆ نابەسترێت و ناتوانێت پێگە و پلە سیاسییەکانی ناو حیبەکەی تازەبکاتەوە دەلالەت لە پێنج شت دەکات.
یەکەم: ئەم پارتە حیکایەتێکی نەماوە بە کۆمەڵگای ئێمەی ببەخشێت و قسەیەکی نەماوە بیکات و قابیلی باوەڕپێکردن بێت. لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا درۆی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی و ئیعلامیی نەماوە ھێزە سیاسییە باڵادەستەکانی کوردستان نەیانکردبێت. بۆیە شتێک بەناوی متمانەکردن بە حیزب، بە تایبەتی بە حیزبێکی حوکمڕان لە کوردستاندا نەماوەتەوە. بێگومان دەشێت ئەم کێشەیە لە ڕێگای ئەو دەیان و سەدان ڕۆژنامەنووس و نیمچەخوێندەوارانەی لەناو دەزگاکانی ئەم پارتەدا وەک موچەخۆر کاردەکەن، چارەسەربکرێت و کۆمەڵێک قسەی کڵیشەیی و سەدبارە بدەنەوە پاڵ یەک و دڵی خۆیان و پارتەکەیانی پێخۆش بکەن.
دووھەم: گرێدانی پێگە و پۆستە سیاسییە سەرەکییەکانی ناو ئەم پارتەیە بە کۆمەڵێک دەسکەوت و قازانجی ئابوریی و مادیی و بە بڕێکی گەورە لە بازرگانیکردن و میکانیزمەکانی کەڵەکەکردنی سەرمایەوە. بەشێوەیەک ھیچ پۆستێکی سیاسیی سەرەکیی لەناو ئەم ھێزەدا نەماوەتەوە بە چەند تۆڕێک لە تۆڕەکانی بازرگانیکردن و پارەپەیداکردن و دەوڵەمەندبوونی چاودێی نەکراوەوە گرێنەدرابێت. بەجۆرێک کۆتایی پۆستەکە مانای کۆتایی ئەم کەڵەکەبوونە گەورەیەی پارە و سەرمایەیە. لێرەدا جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان ئەم پارتە سیاسییە و کۆمپانیایەکەدا نەماوەتەوە، کە ئەرکی یەکەمی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە زیاترکردنی قازانج و دەسکەوتی خاوەنی کۆمپانیاکەبێت. بەم مانایە شتێک بەناوی سیاسەتەوە لەناو ئەم ھێزە و زۆر ھێزی تریش لە کوردستاندا نەماوەتەوە.
سێھەم: بە حوکمی ئەوەی کەڵەکەکردنی سەرمایە لە ڕێگای پێگە سیاسییەکانەوە کارێکی نایاسایی و تاوانبارانەیە، ھەموو ئەوانەی لە پێگەی بەرزدان و بەشداربوون لەم شێوازە نایاساییەی پارەکۆکردنەوە و دەوڵەمەندبووندا، دەترسن لەوەی لەدەستدانی پێگە سیاسییەکانیان مانای کردنەوەی دەرگابێت بێت بەڕووی لێپرسینەوە لێیان و لە شێوازی دەوڵەمەندبوونە نایاساییەکانیان. بۆیە ئەمانە ئامادەن ھەمووشتێک بکەن تا نەکەونە دۆخێکی لەو بابەتەوە.
چوارھەم: گرێدانی پێگە و پۆستە سەرەکییەکانی ناو ئەم پارتە بە ئەندامانی ھەندێک خێزان و بنەماڵەی سیاسییەوە دۆخێکی دروستکردوە ھیچ یەکێکیان ئامادەیی ئەوەی تیانەبێت گەر دەسەڵاتی ئەو خێزان و بنەماڵەیە گەورەتر نەکات، ئەوا بچووکی بکاتەوە. ئەمەش نەک تەنھا ڕێ لە دەستگۆڕکێکی دەسەڵات لەناو ئەو پارتەدا دەکات، بەڵکو ھەموو ھەوڵێکیش پەکدەخات بتوانێت ئەو ھاوکێشانەی دەسەڵات کە ئەمڕۆ لەناو ئەو پارەتەدا ھەن، تێکبچن.
پێنجەم: تێکەڵبوونی قازانج و مەسڵەحەتی ھەندێک لە خاوەن پێگە سیاسییەکانی ناو ئەم ھێزە بە مەسڵەحەت و قازانجی ھێزەکانی تر، بە تایبەتی پارتی، کە لاچوونیان مانای تێکچوونی پەیوەندیی نێوان ئەم ھێزە و ھێزە دەرەکییەکانی ترە. بۆیە ئەو ھێزە دەرەکییانە ھەمووشتێک دەکەن بۆ ئەوەی ئەوانەی ھاوقازانج و ھاومەسڵەحەتی ئەوانن لە پێگەکانی خۆیاندا بمێننەوە، گەر بە ڕێگەگرتنیش بێت لە بەستنی کۆنگرە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×