كوشتن و هەڵواسینی تەقەكەرێك لەبەغدا..خۆپیشاندەران ئیدانەی كردەوەكە دەكەن
  2019-12-12       2171       

ئا: ئاوێنە

 

رۆژی پێنجشەممە ١٢ / ١٢، لە گۆڕەپانی وەسبە لەبەغدا، دوای كوشتنی جەستەی تەقەكەرێك بە ستونی ترافیك لایتێكدا هەڵواسرا. خۆپیشاندەرانی بەغدا ئیدانەی كردەوەكە دەكەن و دەڵێن؛ رێگەنادەین بە شێواندنی وێنەی خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەكانمان.

 

خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبەیاننامەیەكدا ئیدانەی روداوی كوشتن و هەڵواسینی جەستەی ئەو تەقەكەرەیان كردو بێبەریبونی خۆیان لە هەر كردەوەیەك لە "چوارچێوەی ئاشتییەكان" بچێتە دەرەوە، راگەیاند.

بەیاننامەكە سەبارەت بە روداوەكەی گۆڕەپانی وەسبە رایگەیاندوە، بەپێی شایەتحاڵەكان لە كەسانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەكان، كەسێك لە دانیشتونای ناوچەی وەسبە، لەژێر كاریگەری ماددە هۆشبەرەكاندا هەڵساوە بە تەقەكردن لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و چەند خۆپیشاندەرێكی كوشتوە، بەبێ ئەوەی هێزە ئەمنییەكان هیچ دەستوەردانێك بكەن، ئەوەش وای لە هەندێك كردوە هەڵبكوتنە سەر ماڵەكەی و ئەوەی رویدا روبدات كە ئەو كردەوانەش لەلایەن سەرجەم خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازەوە بەتەواوی رەتدەكرێنەوە.

بەیاننامەكەی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان لەهێزە ئەمنییەكان و دادگا كردوە لێپێچینەوە لە تاوانكاران بكرێت و جەختیشی كردۆتەوە كە "رێگەنادەین وێنەی شۆڕشە سپییەكەمان بشێوێنرێت. بۆیە ئێمەی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بێبەریبونی خۆمان رادەگەیەنین لەوەی كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی وەسبە رویدا."

چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە جەستەی كەسێك نیشاندەدەن كە بە سوتنێكی ترافیكلایتەوە لە گۆڕەپانی وەسبە هەڵواسراوە، دەوترێت ئەوە جەستەی كەسێكە كە ئەمڕۆ تەقەی لە خۆپیشاندەران كردوە.

بەڵام گێڕانەوە رەسمییەكە سەبارەت بە روداوەكەی وەسبە جیاوازە. عەبدولكەریم خەڵەف، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاندوە، خۆپیشاندەران هەڵساون بە كوشتنی كەسێكی 16 ساڵان دوای ئەوەی دەمەقاڵێ لەنێوان ئەو كەسەو خۆپیشاندەراندا دروست بوە كاتێك لەنزیك ماڵەكەی گردبونەتەوەو ئەویش داوای لێكردون شوێنەكە جێبهێڵن بەڵام ئەوانەی خۆیان بە خۆپیشاندەر ناساندوە رەتیان كردۆتەوە ئەو شوێنە بەجێبهێڵن.

بەپێی قسەی عەبدولكەریم خەڵەف ئەو دەمەقاڵێیە گۆڕاوە بۆ شەڕو گەنجەكە بە دەمانچەكەی تەقەی بە ئاسماندا كردوە، بەڵام ئەو كۆمەڵە خەڵكەی لە نزیك ماڵەكەی كۆبونەتەوە بەرپەرچیان داوەتەوەو ماڵەكەیان بە بۆمبی مۆلۆتۆف سوتاندوەو چونەتە ناو ماڵەكەی و كوشتویانەو پاشان بەو ستونەدا هەڵیانواسیوە.

وتوشیەتی"هێزە ئەمنییەكان تا ئێستا تەدەخولیان نەكردوەو چاوەڕێی بڕیاری لایەنە تایبەتمەندەكانن ئەوەش لە ترسی بەریەككەوتن و پێكداهەڵپژان لەگەڵ كەسانی ناكۆنترۆڵكراوی نێو ئەو كۆمەڵە خەڵكەدا."

روداوەكەی گۆڕەپانی وەسبەی بەغدا كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا و موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر هەڕەشەی كشاندنەوەی لایەنگرانی خۆی لە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەكان و بەرگریكردن لە خۆپیشاندەران كرد ئەگەر لەماوەی 24 سەعاتدا بكوژانی ئەو كەسە رادەست نەكرێن، ئەوەش بەگوێرەی قسەی ساڵح محەمەد عێراقی، كەساتی نزیك لە موقتەدا سەدر.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×