جیهان لەپاش ڤایرۆسی کۆرۆنا
  2020-03-26       1667       

جیهان لەپاش ڤایرۆسی کۆرۆنا.. ئەم زریانە تێدەپەڕێت، بەڵام ئەو بژاردانەی کە لەبەردەمماندایە ژیانمان بۆ ساڵانی داهاتوو دەگۆڕێت

 

نووسینی: یۆڤاڵ نوح هەراری
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هیوا فایەق

ئێستا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی قەیرانێکی جیهانی بۆتەوە، پێدەچێت ئەمەش بۆ نەوەی ئێمە گەورەترین قەیران بێت. بڕیارەکانی خەڵک و حکومەت لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕەنگە فۆرمی چەند ساڵی داهاتووی جیهانمان بۆ دروست بکات. ئەوەش بەتەنها فۆرمی سیستەمی کەرتی تەندروستی ناگرێتەوە، بەڵکو فۆرمی ئابووری و سیاسەت و کەلتوریشمان بۆ دیاری دەکات. دەبێت زۆر بە پەلەو یەکلاکەرانەوە کاربکەین. واش پێویست دەکات کە حسابی دەرنجامی مەودای دووری ئەم ئاکشنەمان بکەین. کاتێک لەنێوان ئاڵتەرناتیڤەکاندا دەمانەوێت یەکێکیان هەڵبژێرین، باشتر وایە بەتەنها پرسیاری ئەوە لەخۆمان نەکەین کە ئایا چۆن بەسەر ئەم هەرەشەیەی ئێستادا سەردەکەوین، بەڵکو لەهەمانکاتدا پرسیاری ئەوەش لە خۆمانبکەین کە ئایا ئێمە لە داهاتوودا لە چ دنیایەکدا دەژین ئەو کاتەی ئەم زریانەمان تێپەڕاند. بەڵێ، ئەم زریانە تێدەپەڕێت، مرۆڤایەتی ڕزگاری دەبێت و زۆرێکیشمان لە ژیاندا دەمێنێتەوە، بەڵام ئێمە ئەو کاتە لە دنیایەکی جیاوازدا دەژین.

زۆرێک لەو ڕێوشوێنە فریاگوزارییە مەودا کورت و کاتیانە دەبنە هەمیشەیی لە ژیانماندا. ئەمە سروشتی حاڵەتە فریاگوزارییەکانە. ئا ئەمەشە کە ڕەوڕەوەی مێژوو خێراتر دەکات. ئەو بڕیارانەی کە گفتوگۆکردن لەسەری لە کاتە ئاساییەکاندا ساڵانێکی دەخایاند، ئێستا بە چەند کاژێرێک تێپەردەبێت. هەموو تەکنەلۆژیا نا کامڵەکان و تەنانەت مەترسیدارکانیش خراونەتە ئیشەوە، لەبەر ئەوەی مەترسییەکانی ئەوەی کە هیچ شتێک نەکرێت گەلێک گەورەیە. هەموو دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی فراوان بوونەتە بەرازی تاقیکردنەوەی ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان. باشە چی روودەدات ئەگەر هەموو کەسێک لە ماڵەوە ئیشەکانی خۆی بکات و تەنها لە دوورەوە لە پەیوەندی کردندابن لەگەڵ یەکتریدا؟ ئەی چی روودەدات ئەگەر سەرجەم خوێندنی قوتابخانەکان و زانکۆکان بە ئۆنلاین ئەنجام بدرێت؟ لەکاتی ئاسایدا، نە حکومەت، نە کۆمپانیاکان و بۆردە فێرکارییەکان رەزامەندی لەسەر ئەم جۆرە ئەزموونە دەرنابڕن. بەڵام ئەم کاتانەی ئێستا هیچ ئاسایی نین.

ئێمە ئا لەم ساتەوەختە قەیراناوییەدا، لەبەردەم دوو هەڵبژاردەداین. هەڵبژاردەی یەکەم لەنێوان چاودێریکردنێکی تۆتالیتاریی و دەسەڵاتی هاوولاتی دایە. هەڵبژاردەی دووهەمیش لە نێوان خۆگۆشەگیرکردنێکی نەتەوەیانەو هاوکاریکردنی نێو دەوڵەتییدایە.

 

چاودێریکردن لەژێر پێستەوە

بۆئەوەی چیتر ئەم پەتایە بوەستێنین، پێویستە هەموو هاووڵاتیان بچنە ژێرباری ئەو ڕێساو یاسایانەی کە دانراوە. دوو ڕێگای سەرەکیمان لەبەردەمدایە تاوەکو ئەمە بە ئەنجام بگەێنین. ڕێگایەکیان ئەوەیە حکومەت چاودێری خەڵک بکات و سزای ئەو کەسانە بدات کە پێچەوانەی یاسا و ڕێساکان دەجوڵێنەوە. ئەمرۆ بۆ یەکەمین جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەهۆی تەکنەلۆجیاوە دەتوانرێت لە هەموو ساتەوەختێکدا هەموو کەسێک چاودێری بکرێت. پەنجا ساڵێک لەمەوبەر، KGB توانای ئەوەی نەبووە رۆژانە ۲٤ سەعات چاودێری ۲٤٠ ملیۆن سۆڤێتی بکات. تەنانەت بەخەویش ئەوەیان نەدەبینی دوایی چۆن ئەو هەموو زانیارییە کۆکراوەیە بە شێوەیەکی کارا شیبکەنەوە. KGB پشتی بە سیخورەکانی خۆی بەستبوو بۆ شیکارکردنی ئەو زانیاریانە، هەروەها توانای ئەوەشی نەبووە بۆ هەر هاوولاتییەک سیخوڕێک دابنێ تا چاودێری بکات. بەڵام ئەمرۆ حکومەتەکان دەتوانن پشت ببەستن بەو سانسۆرکردنە باو و توانا خواریزمیانەی کە لە ئێستادا هەیە لەبری بەکارهێنانی گۆشت و خوێنی تارماییئاسا.

حکومەتەکان بۆ شەڕکردن لە دژی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆرێک لە ئامرازی چاودێریکردنی مۆدێرنیان خستۆتەگەڕ. دیارترینیشان کەیسی ووڵاتی چینە. ئەویش لە ڕێگەی ئەو چاودێریکردنە ووردەی کە لەسەر مۆبایلە زیرەکەکانی خەڵک دەکرێت، یان بەهۆی ئەو سەدەها ملیۆن کامێرایەی کە رووخساری مرۆڤەکان دەناسێتەوە،
هەروەها سەپاندنی پشکنینی گشتی بەسەر خەڵکداو ناچارکردنیان تا پلەی گەرمی خۆیان وەربگرن، پاشان بە ڕاپۆرتێک دۆخی تەندروستی خۆیان بنێرن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان. حکومەتی چین بەتەنها و بەخێرایی دەستنیشانی ئەو کەسانە ناکات کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، بەڵکو تەنانەت چاودێری جوڵەکانیان دەکات تا بزانێت لەگەڵ کێ بەرکەوتنیان هەبووە. زۆرێک لە ئەپڵیکەیشنەکانی مۆبایل هاووڵاتیانی لەو کەسانەی بوونەتە هەڵگری ڤایرۆسەکە و نەخۆش کەوتون، ئاگادار کردۆتەوە.

ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایانە بەتەنها لەسنووری رۆژهەڵاتی ئاسیادا نییە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهۆ، ئەوەندە نابێت کە ڕێگەی بە دەزگای ئاسایشی ئیسرائیلیدا تابتوانن چاودێری ئەو کەسانە بکەن کە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەخۆش کەوتون کە خۆی لە بنەڕەتدا یاسای ڕووبەڕوو بوونەوەی تێرۆر بوو، لەکاتێکدا ئەو لیژنە پەرلەمانییەی کە لێپرسراو بوو لەم کەیسە ئەم شێوازی چاودێریکردنەی رەت کردبۆوە، بەڵام نەتەنیاهۆ لەژێر ناوی" حالەتی لەناکاو" دا خستە بواری جێبەجێکردنەوە

رەنگە ئێستا تۆ بڵێیت ئینجا خۆ ئەمە هیچ شتێکی تازەی تیا نییە. لەم چەند ساڵەی پێشوودا حکومەتەکان و کۆمپانیاکان پێشکەووتوترین تەکنۆلۆژیایان بۆ شوێن کەوتن و چاودێریکردن و یاریپێکردنی خەڵک خستە گەڕ.
ئەگەر ئێمە ئاگاداری ئەم حاڵەتە نەبین، ئەوا ئەم پەتایە دەبێتە خاڵی وەرچەرخاندنێکی گرنگ لە مێژووی چاودێریکردندا. ئەمەش نەک تەنها لەبەرئەوەی هەوڵبدرێت کە بڵاوەپێکردنی ئامرازەکانی چاودێریکردن بە شێوەیەکی بەرفراوان ئاسایی بکرێتەوە لەو ووڵاتانەی کە تا ئەم ساتەوەختە رەتی دەکەنەوە، بەڵکو زۆر لەوە زیاترە، چونکە دەبێتە هۆی گۆرانکارییەکی دراماتیکی لە چاودێری کردنی سەر پێستەوە بۆ چاودێریکردنی ژێر پێست.
هەتاوەکو ئەم ساتەوەختە، کاتێک کە پەنجەت دەخەیتە سەر شاشەی مۆبایلە زیرەکەکەت و کلیک لەسەر لینکێک دەکەیت، حکومەت دەیەوێت بە تەواوی بزانێت پەنجەت لەسەر چ شتێک کلیک کردوە، بەڵام لە گەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرنجدان لەسەر شتەکان گۆرانکاری بەسەردا دێت. ئێستا حکومەت دەیەوێت بزانێت پلەی گەرمی پەنجەت وفشاری خوێنت لەژێر پێستەوە چەندە.

 

حەڵوای ئێمێرجنسی

یەکێک لەو کێشانەی لە کاتی ئیشکردنماندا ڕووبەڕوی دەبینەوە ئەوەیە کە کەس لە ئێمە بە تەواوەتی نازانێت چۆن چاودێری دەکرێین، هەروەها ساڵانی داهاتوو چی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
تەکنۆلۆژیای چاودێریکردن بە خێراییەکی ترسناک لە گەشەسەندندایە، ئەوەی کە ۱٠ ساڵ لەمەوبەر خەیاڵی زانستی بوو، ئەمڕۆ دەبێتە هەواڵێکی کۆن. وەک ئەزموونێکی فکری، بیر لەوە بکەرەوە کە حکومەتێکی گریمانکراو هەبێت، داوای ئەوە لە هەموو هاووڵاتیەکانی خۆی بکات هەریەکەو بازنێک بکاتە دەستی تاوەکو چاودێری پلەی گەرمی لەشیان بکات و بشزانێت رۆژانە لە ۲٤ کاژێردا چەند جار ترپەی دڵیان لێدەدات. ئەنجامی ئەم زانیاریانەش کۆدەکرێتەوە و پاشان هەڵدەگیرێت، ئینجا بەهۆی حکومەتێکی خواریزمییەوە شیکاری بۆدەکرێت. ئەم خواریزمییەتەش دەتوانێت تەنانەت پێش تۆ درک بەوەبکات تۆ نەخۆشی، هەروەها دەشزانێت لە کوێ بوویت و لەگەڵ کێشدا بوویت. ئابەم شێوەیە دەتوانرێت ڕێگای تووش بوون بەشێوەیەکی بەرچاو کورت بکرێتەوە، تەنانەت بەتەواوی لەیەکیان داببڕێت. ئائەم جۆرە سیستمانە توانای ئەوەی هەیە لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا کاریگەری ئەو پەتایە بوەستێنێت. ئەمەش شتێکی خۆشە، وانییە؟
بێگومان لایەنی خراپەکەی ئەمە ئەوەیە کە شەرعیەت بەم سیستمە تازە و ترسناکەی چاودێریکردن دەدات. ئەگەر بزانێت، هەر بۆ نموونە، کە من زیاتر کلیکم لەسەر لینکی فۆکس نیوز کردوە وەک لە لینکی سی ئێن ئێن، ئەوا دەتوانێت ئاراستە و تێروانینی سیاسی منت پێبڵێ، تەنانەت رەنگە پێت بڵێ کە کارەکتەری من چۆنە. بەڵام ئەگەر تۆ بتوانیت چاودێری ئەوەم بکەیت کە پلەی گەرمی لەشم چەندە، چی بەسەر فشاری خوێن و ترپەی دڵی من دێت لەکاتی سەیرکردنی پارچەیەک ڤیدیۆ ، ئەو کاتەش دەزانیت چی من دەخاتە پێکەنین و چ شتێکیتریش دەمخاتە گریان، چیش بەتەواوی واملێدەکات کە توڕەبم.
گرنگە ئەوەشت لە بیر بێت کە توڕەبوون، خۆشی ، بێزاربوون و خۆشەویستی هەروەکو کۆکەو تا، دەرکەوتەی بایۆلۆژین. هەمان ئەو تەکنەلۆژیایەی کە دەتوانێت دەستنیشانی کۆکەیەک بکات، لە هەمان کاتدا دەتوانێت دەستنیشانی پێکەنینەکانیشت بکات. ئەگەر کۆمپانیا و حکومەتەکان دەست بکەن بە کۆکردنەوەی سەرجەم زانیارییە بایۆمیترییەکانمان، ئەوا ئەوان لە خۆمان باشتر ئێمە دەناسن. ئەوان بەتەنها پێشبینی بە چۆنییەتی هەستکردنی ئێمە ناکەن، بەڵکو یاریشی پێدەکەن و دەتوانن ئەوەشمان پێبفرۆشن کە خۆیان دەیانەوێت، ئیتر ئەگەر بەرهەمێک بێت یان کەسێکی سیاسی بێت. چاودێریکردنی بایۆمێتری وادەکات ئەو زانیارییانەی کە کاتی خۆی کامبرج ئەنالیتیک هاکی کردن، وەک ئەوەیە شتێک بێت لە چاخی بەردینەوە هاتبێت.
تۆ کۆریای باکور لە ساڵی۲٠۳٠ بهێنەرەپێش چاوی خۆت کاتێک هەموو هاوڵاتیەک ئەوەی بەسەردا دەسەپێنن کە ۲٤ کاژێر بازنێکی بایۆمیتری لە مەچەکدا بێت. ئەگەر گوێ لە ووتاری سەرۆکی مەزن بگریت و پاشان بازنەکە لەکاتی ووتارەکەدا ئاماژەی تورەبوونەکانی تۆی تۆمار کردبێت، ئەوا رۆژت تەواوبووە.
بێگومان دەتوانیت ئەم کەیسی چاودێریکردنی بایۆمیترییە وەک رێوشوێنکی کاتی لە حاڵەتە کتوپڕو لەناکاوەکاندا وەربگریت و لەکاتی کۆتایی هاتنی حاڵەتەکدا کۆتایی پێ بهێنرێت. بەڵام رێوشوێنی کاتی دەبێتە خویەکی قێزەوەن ئەگەر دوای حالەتە لەناکاوەکان درێژە بکێشێت، بەتایبەت لەوکاتانەدا کە هەمیشە لە ئاسۆوە خەریکە حاڵەتێکی نوێی کتوپڕ و لەناکاو خۆی دەردەخات. ئیسرائیل کە ووڵاتی منە، بۆ نموونە، لە ساڵی ۱۹٤۸ وە دوای شەڕی سەربەخۆیی حاڵەتی لە ناکاوی راگەیاندوە بە بیانوی کۆمەڵێک رێوشوێنی کاتی هەر لە سانسۆرکردنی رۆژنامەگەری و داگیرکردنی زەوییەوە، بگرە تاوەکو دروستکردنی حەڵواش ( گاڵتەت لەگەڵ ناکەم). دەمێکە شەڕی سەربەخۆیی براوەتەوە، بەڵام ئیسرائیل بەهیچ جۆرێک کۆتایی بە دۆخی لەناکاو ناهێنێت. شکستیشی لە زۆرێک لە رێوشوێنە کاتییە لەناکاوەکانی ساڵی ۱۹٤۸ هێناوە ( لە ساڵی ۲٠۱۱ بوو کە مەرسومێک بۆ رەتکردنەوەی حاڵەتی لەناکاوی حەڵوا راگەێندرا).
تەنانەت کاتێک کە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەبەزێت بۆ سفر، هەندێک لەو حکومەتانەی تینووی زانیاری خەڵکن، هەر بە بیانوی هێرشی شەپۆلی دووهەمی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێویستیان بە هێشتنەوەی سیستەمی چاودێرکردنی بایۆمیتری دەبێت، یان بە بیانووی گەشەسەندنی شانەیەکی تازەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ناوەراستی ئەفریقاوە، یاوەخود بە هۆی....تێگەشتیت.
لەم چەند ساڵەی رابردوودا شەڕێکی گەورەو سەخت لەسەر تایبەتمەندێکانمان هەڵگیرسا. رەنگە قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێتە خاڵی وەرچەرخانی ئەم جەنگە. کاتێک کە خەڵک دەکەوێتە نێوان بژاردەی تایبەتمەندێتی یان تەندروستییەوە، ئەوا عادەتەن تەندروستی هەڵدەبژێرێت.

 

پۆلیسی دەست شتن

خەڵک خستنە بەردەم ئەوەی کە لە نێوان پاراستنی تایبەتمەندێتی یان تەندروستیەوە یەکێکیان هەڵبژێرێت، لە راستیدا ئەوە بە تەواوی ڕەگی گرفتەکەیە. لەبەرئەوەی ئەوە هەڵبژاردنێکی تەواو هەڵەیە. ئێمە دەتوانین لە یەککاتدا سوود لە هەردوو هەڵبژاردەکە ببینین. بۆ ئەوەی پارێزگاری لە تەندروستیمان بکەین و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بوەستێنین، دەتوانین تەندروستی هەڵبژێرین بەبێ ئەوەی پێویستمان بە دەزگای چاودێریکردنێکی سەر بە ڕژێمێکی ستەمکارانە هەبێت، بەڵام ئێمە زیاتر پێویستمان بە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان هەیە. لەو چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، هەندێک هەوڵی سەرکەووتوو درا بۆ تەنگ پێهەڵچنینی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ووڵاتانی کۆریای باشور ، تایوان و سەنگافورە. ئا لەو کاتانەی کە ئەم ووڵاتانە خۆیان چەند ئەپلیکەشنێک تاقی دەکەنەوە، لەهەمان کاتدا پشت دەبەستن بە تاقیکردنەوەیەکی فراوان و راپۆرتی راست و دروست و هەروەها هاوکاری وەگرتن لە تەواوی ئەو کەسانەی کە هۆشیارییەکی بەرزیان لەسەر سروشتی ڤایرۆسەکە هەیە.
بەسێنتڕالکردنی چاودێریکردن و سزادانی قورسی ئەو کەسانەی کە ملکەچی ئەو ڕێ پیشاندەرە بەسوودانە نین، ئەوە تاکە ڕێگە چارە نییە. کاتێک حەقیقەتە زانستیەکان بۆ خەڵک دەخەیتە ڕوو، وەکاتێکیش خەڵک باوەڕ بە ئەو دەستەڵاتە گشتییە دەکەن کە ئەو حەقیقەتانەیان بۆ دەسەلمێنێت، ئەوا هاووڵاتیان بە بێئەوەی (براگەورە) بە سەر سەریانەوە بیێت و سەیریان بکات، ئەوکاتە دەزانن چی پێویستە لەسەر خۆیان کە بیکەن. خۆ هاندان و پڕ زانیاریکردنی هاووڵاتیان زۆر لە دەستەڵاتی پۆلیس و گەمژە کردنی خەڵک بەهێزتر و کاریگەرترە.
بروانە، هەر بۆ نموونە، دەست شتن بە سابوون، ئەمە یەكێکە لە گەورەترین و پێشەنگترینی کاری مرۆڤایەتی بۆ پاکوخاوێنی. ئائەم کردارە سادەیە ساڵانە ژیانی ملیۆنەها خەڵک ڕزگار دەکات. زاناکان ئەم عادەتی دەست شتنەیان لە سەدەی نۆزدەهەمدا دۆزییەوە و بە گرنگیان زانی کە دەستەکان دەبێت بە سابوون بشۆردرێن. لە پێش ئەوە تەنانەت دکتۆر و پەرستیارەکان کاتێک نەشتەرگەرییەکیان دەکردو دەچوونە نەشتەرگەرییەکی دیکەوە، دەستەکانیان نەدەشووشت. ئەمڕۆ بە ملیارەها خەڵک رۆژانە دەستەکانیان دەشۆن، ئەمە نەک لەبەرئەوەی ئەوان لە پۆلیسی سابوون دەترسن، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە حەقیقەتەکانی تێگەیشتوون. من کە دەستەکانم بە سابوون دەشۆم لەبەر ئەوەیە کە بیستوومە ڤایرۆس و بەکتریا هەیە، لەوەش تێگەیشتووم کە ئەم بوونەوەرە ووردانە هۆکاری نەخۆشیەکانن و دەشزانم ئەم سابوونە پاکیان دەکاتەوە.
بەڵام بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامی ئەم ئاستە لە ملەکەچی و هاوکاریکردن، پێویستمان بەمتمانە هەیە. خەڵک پێویستی بەوەهەیە متمانەی بە زانست هەبێت، بە دەستەلاتی گشتی هەبێت، متمانەی بە میدیا هەبێت. لە ساڵانی ڕابردووەوە، سیاسییە نا بەرپرسەکان هەر بەدەستی ئەنقەست ڕۆڵیان لە سستکردنی متمانە بوون بە زانست و دەسەڵاتی گشتی و میدیا هەبووە، ئێستاش هەمان ئەو سیاسییە نابەرپرسانە دەیانەوێت بەرەو حوکمێکی ستەمکارانەمان بەرن گوایە ناتوانین باوەڕ بە دەستەڵاتی گشتی بکەین کە کاری ڕاستمان بۆ بکات.
ئەوە شتێکی ئاساییە ناتوانین ئەو متمانەیەی کە ساڵانێکە لەدەست چووە بە شەورۆژێک دروستی بکەینەوە. بەڵام لەم کاتانەدا هیچ ئاسایی نین و لەساتەوەختی ئەم جۆرە قەیرانانەدا زۆر بە خێرای بیروبۆچونەکان گۆرانکاری بەسەردا دێت. ئەگەر ساڵانێک لەگەڵ خوشک وبراکانتدا لە گفتووگۆیەکی تاڵدا بووبیت، بەڵام کاتێک کە حاڵەتێکی لەناکاو ڕوتان تێدەکات، یەکسەر گەنجینەیەک لە متمانەو هاودەمی خۆی دەردەخات و هەریەکە و پەلەیتی یارمەتی ئەوی دیکە بدات. لەبری دروستکردنی ڕژێمێکی چاودێریکەر ، ئێستاش درەنگ نییە بۆ بنیاتنانەوەی متمانەی خەڵک بە زانست، بە دەسەلاتی گشتی و بە میدیا. ئێمەش بەدڵنیاییەوە دەبێت تەکنەلۆژیای نوێ بەکاربهێنین، بەڵام ئەم تەکنەلۆژیایە دەبێت هاووڵاتیان سەرپشک بکات. من حەز دەکەم چاودێری پلەی گەرمی لەشم بکەم و بزانم فشاری خوێنم چەندە، بەڵام ئەم زانیاریانە نابێت هەمووی بۆ بەهێز کردنی دەسەلاتی حکومەت بێت. باشتروایە ئەم زانیاریانە وا لەمن بکات زیاتر زانیاریم لەسەر هەڵبژاردنی پێداویستییەکانی خۆم دەستبکەوێت، هەروەها حکومەتیش بتوانێت لێپرسراویتێکانی خۆی هەڵبگرێت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر شتەکان بدات.
ئەگەر من توانای ئەوەم هەبوو هەموو رۆژێک ۲٤ کاژێر ئاگام لە حاڵەتی تەندروستی خۆم بێت، ئەوا ئەوکات دەشزانم نەک بەتەنها بووبێتم بە مەترسی بۆسەر تەندروستی چواردەورەکەم، بەڵکو ئەو خووانەش دەناسمەوە کە منی گەیاندوە بەو بارە تەندروستییە. ئەگەر من ڕێگەی ئەوەم پێبدرایە کە شیتەڵکاریم بکردایە بۆ ئەو ژمارە باوەڕپێکراوانەی دەربارەی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، ئەوا دەمتوانی حوکمی ئەوە بدەم کە ئایا حکومەت حەقیقەتەکانم پێدەڵێت، ئاخۆ ئامادەشە کە ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر و سیاسەتی ڕاست بەکار بهێنێت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم پەتایە. ئەو کاتەی خەڵک قسە لەبارەی چاودێریکردنەوە دەکەن، بیرت نەچێ کەهەمان ئەو تەکنۆلۆژیای چاودێریکردنەی هەیە، بەتەنها بۆ ئەوە نییە کە حکومەت بتوانێت چاودێری تاکی پێبکات، بەڵکو لەهەمانکاتدا تاکیش دەتوانێت چاودێری حکومەت بکات.
بەم جۆرە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا تاقیکردنەوەیەکی سەرەکییە بۆ هاووڵاتیان. ڕۆژانی داهاتوو ، هەر یەکێک لە ئێمە پێویستە ئەوەی هەڵبژاردبێت کە متمانەمان بەو زانیارییە زانستیانە و پاشان پسپۆڕی ئەو دەزگا تەندروستیانە هەبێت یان خۆمان تەسلیم بکەین بە تیۆری پیلانگێڕی و قسەی ئەوسیاسیانەی لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا دەیکەن. ئەگەر شکستمانهێنا لەوەی کە بڕیارێکی ڕاست بدەین، ئەوا ئێمە وازمان لە بەنرخترین بەهای خۆمان هێناوە کە ئازادییە و دەگەینە ئەو بڕوایەی کە هیچ چارەیەکمان نییەو ئەمە تاکە ڕێگەیەکە بۆ پاراستنی تەندروستیمان.

پێویستیمان بە پلانێکی جیهانییە

دووهەم گرنگترین هەڵبژاردە بۆ رووبەڕونەوەمان کە دەبێت بیکەین لە نێوان دابڕانی نەتەوەیی و هاوکاری جیهانیدایە. خودی پەتاکە و قەیرانە ئابوورییەکانی وەک دەرنجامێک، هەردووکیان دوو کێشەی جیهانین. تەنها لە ڕێگەی هاوکاریکردنی جیهانییەوە دەتوانرێت ئەم كێشانە بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەر بکرێن.
پێش هەموو شتێک، لە پێناوی ئەوەی بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا سەرکەوین، پێویستمان بەوەیە کە هەموو جیهان زانیارییەکان لەگەڵ یەکتریدا بەشبکەن، ئەمە دەبێتە گەورەترین دەستکەوت بەسەر ڤایرۆسەکەدا. بە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا، ئەو دوو ووڵاتە نەیانتوانیوە زانیاری ئاڵوگۆڕبکەن لەسەر ئەوەی چۆن بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بەڵام چین دەتوانێت هەندێک وانەی بەنرخ دەربارەی ڤایرۆسەکەو چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا فێری ئەمریکا بکات. ئەوەی کە دکتۆرێک لە شاری میلانی ئیتالیا لە بەرەبەیانێکدا دەیدۆزێتەوە رەنگە سەر لەئێوارەکەی لە شاری تاران ژیانی خەڵکێکی زۆر ڕزگار بکات. کاتێکیش کە حکومەتی بەریتانیا نازانێت لەناو کۆمەڵێک ڕێکاردا کام سیاسەتەیان پەیڕەو بکات، دەتوانێت ئامۆژگاری لە کۆریاوە وەربگرێت کە مانگێک لەمەوبەر بەهەمان شێوە رووبەڕووی ئەویش بوو بۆوە. بۆ ئەوەی ئەمەش رووبدات، پێویستمان بە رۆحی هاوکاری جیهانی و متمانە هەیە.
هەموو ووڵاتان پێویستیان بەوەهەیە ئامادەبن زانیارییەکانیان لەگەڵ یەکدا بەش بکەن و زۆر لە خۆبردوانە داوای ئامۆژگاری لەیەکتری بکەن و دەبێت متمانەشیان بەو زانیاری و تێگەیشتنە قووڵە هەبێت کە وەریدەگرن. هەروەها ئێمە پێویستمان بەو هەوڵە جیهانیانە هەیە کە بەرهەم و ئامێرە پزیشکییەکان دابەش دەکات. بەتایبەت پێداویستی پشکنین و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد. لەبری ئەوەی هەموو ووڵاتێک هەوڵی ئەوە بدات لە ناوخۆی خۆیدا دروستی بکات و هەرچی هەیەو نییە بەکاریبهێنێت نەیمێنێت، هەماهەنگییە جیهانییەکان دەتوانێت زۆر بەخێرای و بە مەزنی ئەو پێداویستیانە دروست بکات و پاشان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشبکرێت و ژیانی زۆرێکی پێ رزگار بکرێت. هەروەک ئەوەی کە دەوڵەتەکان لە کاتی جەنگدا سێکتەری پیشەسازییە سەرەکییەکانیان خۆماڵی دەکرد، ئەم جەنگی مرۆڤایەتییەش دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستی بە"مرۆڤدۆستی" کردنی هێڵەکانی بەرهەم هێنان و یەکلاکردنەوەی هەیە. ئابەم جۆرە ئەو ووڵاتە دەوڵەمەنانەی کە کەمتر دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، دەتوانن ئامێرە بەهادارەکان بۆ ووڵاتە هەژارەکان ڕەوانە بکەن بۆ زۆر لەحاڵەتەکان بەکار بهێنرێت، بێگومان متمانەی ئەوەش دروست بێت کە ئەگەر لە حاڵەتێکدا ئەوان تووشی کەم بوونەوەی پێویستییەکان بوون، هەمان یارمەتی لەووڵاتانیترەوە بۆ دابین بکرێت.

وا پێویست دەکات ئێمە ڕەچاوی هەمان ئەوهەوڵە جیهانییە بۆ تیمە پزیشکێکانیش بکەین. ئەو ووڵاتانەی کە لە ئێستادا کەمتر لێکەوتەکانی ئەم پەتایەی بەسەرەوە دیارە دەتوانن تیمە پزیشکییەکانیان بنێرنە ئەو ووڵاتانەی لە جیهاندا حاڵیان زۆر خراپە. ئەمەش لەبەر دوو هۆکار، تاوەکو یارمەتی پێویستییەکانیان بدەن، وە هەروەها بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئەزموونە بەنرخەی کە وەریان گرتووە. ئەگەر لەدوایشدا پەتاکە روویخۆی وەرگێرا بۆ ئەو ووڵاتانەی کە تیمە پزیشکێکانیان ناردوە، دەبێت لە بەرامبەردا هەمان یارمەتی وەربگرێتەوە.
ئەم هەمئاهەنگییە جیهانییە بەهەمان شێوە لەئاستی ئابووریشدا زۆر پێویستە. بە چاو پیاخشاندنی سروشتی ئابووری جیهان، ئەگەر هەرحکومەتێک سەربەخۆیانە بەبێ گەرانەوە بۆ ووڵاتانیتر هەڵسوکەوت بکات، ئەوا ئەنجامەکەی خوڵقاندی گێرەشێوێنی و قووڵبوونەوی قەیرانەکە دەبێت. ئەم کردارەش پێویستی بە پلانێکی زۆر بەپەلەی جیهانی هەیە.
یەکێک لە داواکارییەکانی تر گەیشتنە بە ڕێکەوتنێکی جیهانی سەبارەت بە گەشتکردن. هەڵسپاردنی کۆی گەشتە نێودەوڵتییەکان نارەحەتی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. پێویستە ووڵاتەکان هاوکاری تەواوی یەکتری بکەن تاوەکو بەلایەنی کەمەوە ڕێگە بە گەشتکردنی موسافیرە سەرەکییەکان بدەن وەک زانا و دکتۆرەکان، رۆژنامەنووس و سیاسییەکان و هەروەها سەرمایەدارەکان. ئەمەش دەکرێت لەڕێگەی رێکەوتنێکی جیهانییەوە بکرێت و ئەو کەسانەشی کە گەشت دەکەن پێش گەشتکردنەکەیان لەووڵاتەکانی خۆیاندا پشکنینیان بۆ بکرێت. ئەگەر ئەوەش زانرا کە ئەو موسافیرانە پشکنیان بۆ ئەنجامدراوە ئینجا ڕێگەی گەشتکردنیان پێدراوە، ئەوکاتە زۆر بەگەرمی پێشوازییان لێدەکەیت کە پێبخەنە ووڵاتەکەتانەوە.
بەداخەوە، لە ئێستادا ووڵاتەکان زۆر بەزەحمەت ئەم شتانە دەکەن. ئەمەش کۆمەڵە نێودەوڵەتێکانی ئیفلیج کردووە. وا دەردەکەوێت لە ناو ژوورەکەدا خەڵکانێکی عاقڵی تێدا نەبێت. یەکێک لەوشتانەی کە چاوەڕوان دەکرا لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەنجام بدرایە، کۆبونەوەیەکی بە پەلەی سەرکردە جیهانییەکان بوو تاوەکو پلان و ئەرکەکانیان دەستنیشان بکردایە. سەرکردەکانی G7 ئەم هەفتەیە ڤیدیۆ کۆنفراسییەکیان ئەنجامدا، بەڵام ئەنجامەکەی هیچ یەکێک لەو پلانانەی لە خۆ نەگرتبوو.
لە قەیرانەکانی پێشوودا وەک قەیرانی ئابووری ساڵی ۲٠٠۸ و پەتای ئیبۆلا لە ساڵی ۲٠۱٤ دا، رۆڵی ئەمریکا ئەوکات سەرکردایەتیکردنی جیهان بوو. بەڵام ئەم ئیدارە تازەیەی ئەمریکا لە ئێستادا ئەو ئەرکی سەرکردایەتییەی لەدەست داوە، ئەوەش هەتا بڵێی ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمریکا ئەوەندەی لە خەمی مەزنبوونی ئەمریکادایە ئەوەندە لە خەمی داهاتووی مرۆڤایەتیدا نییە.
ئەم ئیدارە تازەیە تەنانەت وازی لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی خۆشی هێناوە. ئەوکاتەی سەرجەم گەشتی هاتن و چوونی بۆ ئەوروپا هەڵسپارد، هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختی نەکردن ـ واز لە ئەورپا بهێنە با خۆیان گفتووگۆ لەسەر ئەو ڕێوشوێنە توندانە بکەن. ئەمە جگە لەو ئابڕووچونە گەورەیەی کە ئۆفەری یەک ملیار دۆلاری ئەو کۆمپانیا دەرمانسازییەی ئەڵمانیای کردبوو بەرامبەر مافی مۆنۆپۆڵکردنی ئەو ڤاکسینیە نوێیەی کە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنایە. تەنانەت ئەم ئیدارەیەی ئێستا ئەگەر لە کۆتایشدا ئەم هەڵسوکەوتەی خۆی بگۆڕێت و پلان و کرداری جیهانی بخاتە بەردەست، ئەوا زۆر کەمن ئەوانەی دوای سەرکردەیەک بکەون کە هیچ لێپرسراوێتیەک ناگرێتە ئەستۆی خۆی و هەرگیزیش دان بە هەڵەکانی خۆیدا نەنێت، جگە لەوەی بە شێوەیەکی ڕۆتینیش هەموو سەرکەوتنەکان بۆ خۆی حساب دەکات لەکاتێکدا هەر لۆمە کردنێکیش بێتە ئاراوە دەیخاتە ئەستۆی ئەوانی دیکە.
ئەگەر ئەو بۆشاییەی کە ئەمریکا دروستی کردوە لە لایەن ووڵاتانی ترەوە پڕنەکرێتەوە، ئەوە نەک بە تەنها وەستاندی ئەم پەتایە لە ئێستادا کارێکی گەلێک قورس دەبێت، بەڵکو ئەم میراتییە بەردەوام پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان لە ساڵانی داهاتوودا ژەهراوی دەکات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەموو قەیرانێک هەلێکی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. دەبێت هیواخوازی ئەوەبین کە ئەم پەتایەی ئێستا بەڵکو یارمەتی مرۆڤایەتی بدات تاوەکو لەو مەترسییە گەورەیەی ئەم درز و کەلێنە جیهانییە تێبگات.
مرۆڤایەتی پێویستی بەوەیە شتێک هەڵبژێرێت، ئایا ئێمە بەرەو لێکترازان هەنگاو بنێین، یاخود رێگەیەک بۆ هاوکاریکردنی جیهانی بگرینەبەر؟ ئەگەر ئێمە لێکترازان هەڵدەبژێرین ، ئەوە نەک بەتەنها قەیرانەکە درێژ دەکەینەوە، بەڵکو رەنگە دەرەنجامی زۆر وێرانکەرتری هەبێت لە داهاتوودا. ئەگەر هاوکاریکردنی جیهانیش هەڵدەبژێرین، ئەوە دەبێتە سەرکەوتن بەسەر نەک تەنها ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵکو بەسەر هەموو ئەو پەتاو قەیرانانەی کە رەنگە لەسەدەی بیست و یەکدا یەخەی مرۆڤایەتی بگرێت.

© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×