سۆران عومەر: بەبەڵگەوە دەیسەلمێنم حکومەت نەک هەر قەرزار نیە بەڵکو خاوەنی 7 ملیار دۆلاریشە
  2020-05-26       2841       


سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان ئەو لێدوانانەی حکومەتی هەرێم رەتدەکاتەوە کە باسی لە قەرزاری کرد و دەڵێت: نەک هەر قەرزار نیە بەڵکو خاوەنی 7 ملیار دۆلاریشە".

ئاوێنه‌: سۆران عومەر بە هاوپێج لەگەڵ ژمارەیەک بەڵگەنامە بۆ سەلماندنی ئەو وتانەی دەڵێت"بۆ سەلماندنی ڕاستی ئەم 7 ملیار دۆلارەش تەحەدای سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکەم".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان دەشلێت"حکومەتی هەرێم ماوەیەکی زۆرە دەیڵێتەوە گوایە 20 ملیار دۆلار قەرزارە، ئەم ژمارە تاکو ئێستە وتراوەتەوەو هیچ بەڵگەیەک نەخراوەتە ڕو لەسەر ئەو قەرزە، بۆیە پاش بەدواداچونێکی زۆر گەشتمە ئەو ئەنجامەی کە حکومەتی هەرێم نەک قەرزار نییە، بەڵکو لە ساڵی 2014 کە یەکەم ساڵی قەیرانی داراییەو 12 موچەی داوە بەموچەخۆران لەکۆتایی ساڵدا لە 31/12/2014 بەنوسراوی فەرمی سەرۆکی حکومەت بەژمارە 3539 ی 30/4/2015 کەئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە، سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەنوسراوی ژمارە (ک 1587 لە24/5/2015) ئاراستەی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی کردوە، لەو نوسراوەدا کە بەیاننامەی دارایی بۆ ساڵی 2014 یە، حکومەتی هەرێم نەک قەرزدار نەبوە بەڵکو خاوەنی 8 ترلیۆن و 811 ملیارو 89 ملیۆن دیناری نەقدی بوە".

ئەمەش وردەکاری ئەو خەرجی و داهات و پارە نەقدییانەیە کە سۆران عومەر خستویەتیە ڕو :
حکومەتی هەرێم لەساڵی 2014 دا بەکۆی گشتی بڕی 14 ترلیۆن و 809 ملیارو 592 ملیۆن دیناری سەرف کردوە وەک لەخشتەی ژمارە 2 ڕونکراوەتەوە، بەم جۆرە:
بڕی 12 ترلیۆن و 728 ملیارو 193 ملیۆن دیناری بۆ موچەو خەرجی بەکارخستن سەرف کردوە.

بڕی 2 ترلیۆن و 81 ملیارو 399 ملیۆن دیناری بۆ بواری وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان خەرج کردوە.

لەخشتەی ژمارە 6 دا وردەکاری خەرجیەکان بەپێی سەرۆکایەتی و وەزارەت و دەستەو دەزگاکان ڕونکراوەتەوە.

بزانین ئەو پارانەیان لەکوێ بوە واتە 14 ترلیۆنەکە لەکوێوە هاتوە :
حکومەتی هەرێم بۆخۆی لەساڵی 2014 داهاتەکانی 9 ترلیۆن و 109 ملیارو 589 ملیۆن دینارە وەک لەخشتەی ژمارە 4 دا ڕونکراوەتەوە بەمجۆرە بوە:

داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی بڕی 4 ترلیۆن و 884 ملیارو 786 ملیۆن دینار بوە.
ئەو پارانەی حکومەتی عێراق لەساڵی 2014 و مانگی 1 و 2 لەگەڵ مانگی 11 و 12 دا ناردویەتی بۆ هەرێم بڕی 2 ترلیۆن و 280 ملیار دینارە.

داهاتی ناوخۆش 1 ترلیۆن و 944 ملیارو 803 ملیۆن دینارە.
حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2014 دا دەستیدا لە سیولەی نەقدی بانکەکان، بەبانکی بازرگانی و ئەهلی و حکومی واتە بڕی 12 ترلیۆن و 761 ملیارو 897 ملیۆن دیناری لەو بانکانە بەنەقدی دەرهێناوە، وەک لەخشتەی ژمارە 9 دا بەم جۆرە ڕونکراوەتەوە:
سیولەی بانکە ئەهلیەکان لای بانکی ناوەندی / لقی هەولێر، بڕی 4 ترلیۆن و 307 ملیارو 447 ملیۆن دیناری دەرهێناوە.
سیولەی بانکە ئەهلیەکان لای بانکی ناوەندی / لقی سلێمانی، بڕی 2 ترلیۆن و 469 ملیارو 450 ملیۆن دیناری دەرهێناوە.
سیولەی بانکە بازرگانیەکان کەبەکارهێنراوە بڕی 3 ترلیۆن و 890 ملیار دیناری دەرهێناوە.
پارەی هاوڵاتیان لەبانکەکان کەبە توفیرو ودائع و جاری دانرابو لەبانکە حکومیەکان بڕی 2 ترلیۆن و 95 ملیار دیناری دەرهێناوە.
1- حکومەت 14 ترلیۆن و 809 ملیارو 593 ملیۆن دیناری سەرفکردوە.
2- حکومەت 9 ترلیۆن و 79 ملیارو 620 ملیۆن داهاتی هەبوە.
3- بڕی 12 ترلیۆن و 761 ملیارو 897 ملیۆن دیناریشی لەبانکەکان دەرهێناوە.
کەواتە وەک لە خشتەی ژمارە 11 دا ڕونکراوەتەوە حکومەت 8 ترلیۆن و 811 ملیارو 89 ملیۆن دینار ڕەسیدی نەقدی هەبوە لە 31/12/2014 دا .
هەر لە 2014 دا بڕی 84 ملیار دینار بۆ پێشمەرگەو 43 ملیارو 800 ملیۆنیش بۆ ئاوارەکانی دهۆک لەلایەن حکومەتەوە سەرفکراوە.
واتە حکومەت کە پێ دەنێتە ساڵی نوێی 2015 بڕی 8 ترلیۆن و 811 ملیارو 89 ملیۆن دینار ڕەسیدی نەقدی هەبوە.
ئەمە جگە لەوەی بڕی 500 ملیۆن دۆلاریشی لەبەغدا وەرگرتوە.
حکومەت لەکۆتایی ساڵی 2014 دا بڕی 8 ترلیۆن و 811 ملیار دیناری خۆیی هەبوەو 500 ملیۆن دۆلاریشی لەتورکیا وەرگرتوە.

لەساڵی 2015 لەمانگی 1 تاکو مانگی 6 بەغدا ئەم بڕە پارانەی بۆ هەرێم ناردوە:
مانگی 1 بڕی 250 ملیار دینار
مانگی 2 بڕی 490 ملیار دینار.
مانگی 3 بڕی 523 ملیار دینار.
مانگی 4 بڕی 543 ملیار دینار.
مانگی 5 بڕی 508 ملیار دینار.
مانگی 6 بڕی 166 ملیار دینار .
لەگەڵ 44 ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان.
بەکۆی گشتی بەغدا لەساڵی 2015 دا بڕی 2 ترلیۆن و 524 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردوە.
لە 24/6/2015 هەرێم بۆخۆی ڕۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتوە، ئەمەش بەڵگەی داتای فرۆشی نەوتی هەرێم لەمانگی 6 تاکو مانگی 12ی ساڵی 2015 .

بەپێی نوسراوی جێگری سەرۆکی حکومەت بەژمارە 9425 لە 16/12/2015 کە بۆ گشت وەزارەتەکانی ناردوە، دەڵێ 78 ملیۆن بەرمیل نەوتمان بەبڕی 3 ملیارو 200 ملیۆن دۆلار فرۆشتوە کەبەدنیار دەکاتە 3 ترلیۆن و 500 ملیار دینار.
داهاتی ناوخۆش لەساڵی 2015 دا دەکاتە ترلیۆنێک و 800 ملیار دینار.
لەساڵی 2015 دا وڵاتی تورکیا وەک قەرز بڕی 500 ملیۆن دۆلاری دابە هەرێمی کوردستان.

کۆی گشتی داهات و پارەی هاتوی بەغداو قەزری تورکیا بۆ ساڵی 2015 دەکاتە :
بڕی 8 ترلیۆن و 424 ملیار دینار بوە.

لەم ساڵەدا حکومەت تەنها موچەی 8 مانگی هەمو موچەخۆران و موچەی پێشمەرگەو ئاسایش و نیو موچەی مامۆستایانی داوە، واتە لەکۆی گشتی ئەو داهاتە بڕی 7 ترلیۆن و 170 ملیار دیناری سەرفکردوە بۆ موچە، ئەو بڕەی دیکەش کە ماوەتەوە لەو پارە دەکاتە 1 ترلیۆن و 254 ملیار دینار لەخەرجی بەکارخستنی وەزارەتەکاندا سەرفکردوە.
کەواتە حکومەتی هەرێم لەئێستادا بەبێ پارەی نەوتی کەرکوک و داهاتی ناوخۆی سوتەمەنی، خاوەنی 8 ترلیۆن و 811 ملیار دینارە ئەگەر قەرزەکەی تورکیاشی دابێتەوە ئەوە خاوەنی 7 ترلیۆن و 600 ملیار دینارە.

"ئەگەر وانیە تەحەدای سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکەم" سۆران عومەر وا دەڵێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×