یەكێتی، ئەو سۆسیال دیموكراتەی كە هەمیشە كەسایەتییە سەربازی‌و ئەمنییەكان لەریزی پێشەوەیدان
  2020-06-02       2030       

ئا: رێبوار محەمەد


یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەدرێژایی 45 ساڵی تەمەنی، وەك ركبەرە سەرەكیەكەی كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بڕوای پتەوی بەهێزی زبر (سەربازیی) هەبوەو بەردەوام لەساتەوەختە هەستیارەكاندا كەسایەتیە سەربازیەكان لەریزی پێشەوەدا بون‌و میانڕەوەكانیش لەفارغۆنەكانی دواوەدا.


د.فایەق گوڵپی، كە رۆژگارێك پێشمەرگەی دێرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوە، لەیاداشتەكانیدا دەڵێت "سەركردەكانی یەكێتی بەتایبەت مام جەلال‌و نەوشیروان مستەفا بەزۆری گرنگیان بەفەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە دەدا، گرنگیان بەكادری سیاسی نەدەدا، ئەتوانم بڵێم لەبڕیاری سیاسی یەكێتیدا قسەی فەرماندە سەربازییەكان لەبۆچونی ئەندامانی مەكتەب سیاسی‌و سەركردایەتی‌و رۆشنبیرەكانی ناو یەكێتی كاریگەری زۆر زیاتر بوە".


ئەمە یەكێكە لەو دیاردانە زەقانەی كە لەكوردستاندا ساڵانێكی زۆرە لەدو حیزبە ركەبەرە سەرەكیەكەی كوردستاندا بەدیدەكرێت، پارتی‌و یەكێتی لەشاخ‌و لەشاریش زۆرجار بۆ یەكلایكردنەوەی ناكۆكییەكانیان لەبری گرتنەبەری زمانی گفتوگۆ، بە"هێز" زۆرانبازییان كردوە، بۆیە هەمیشە لەكاتە هەستیارەكاندا، بڕوای پتەویان بەهێزی زبر (سەربازیی) هەبوەو بەپێویستیەكی سەرەكیان زانیوە بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ سیاسیەكانیان‌و ئەمەش وایكردوە بەردەوام رۆڵی كەسایەتیە سەربازییەكان‌و (ئێستاش ئەمنییەكان) لەناو ئەم دو هێزە سیاسیەی هەرێمی كوردستاندا بەهێز بێت‌و ببنە كاراكتەری دیاری حزبەكانیان‌و لەبەرامبەریشدا كەسایەتیە سیاسییە میانڕەوەكان بخرێنە فارغۆنەكانی دواوە.


ئەگەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك رێكخراوێكی سۆسیال دیموكرات لەدروشمەكانیاندا رایگەیاندوە كە بڕوای بەچەمكە باوە سیاسییە مۆدێرنەكان هەیە، بەڵام لەئاستی كاركردندا بەردەوام وەك پارتی، ئەوانەی خاوەنی هێز (هێزی سەربازی‌و ئەمنی) بون لەریزی پێشەوەدا بون.


هۆكاری ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێكی دورودرێژی ململانێ‌‌و زۆرانبازی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا، كە سەركردەكانی لەسەردەمی سەرهەڵدانی ناكۆكی نێوان جەلالی‌و مەلاییەكانەوە لەناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی رابردودا بە"هێز" هەوڵی تێكشكاندن‌و سڕینەوەی دەرپەڕانی یەكتریان داوە لەگۆڕەپانی سیاسی كوردستان بۆ ئەوەی خۆیان بەتەنها خاوەنی بڕیاری سیاسی كورد بن. لەپاش هەڵگیرسانەوەی شۆڕش‌و راپەڕینەشەوە لەسەر ئەم رێچكەیە بەردەوام بون، بەتایبەتی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە1994دا پێگەو هەژموونی كەسایەتیە سەربازیی‌و فەرماندەكانی پێشووی لەناو هێزە كوردییەكاندا پتەوتركردو ئەم دیدو روانینەش بۆ گرنگی "هێز" بوە بەشێكی دانەبڕاو لەعەقڵیەتی حزب‌و تێڕوانینی زاڵی ناو كۆمەڵگاش.


زاڵكردنی پێگەو هەژمونی روخسارە سەربازیی‌و ئەمنییەكان بەسەر كەسایەتیە سیاسیی‌و میانڕەوەكاندا لەو سێ‌ كۆنگرەیەدا زیاتر بەرجەستە بون كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان پاش راپەڕین ئەنجامیداوە.


ئەمە جگە لەوەی لەدوای راپەڕینەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەپێناو بردنەوەی هەڵبژاردندا هەوڵی شێلگیرانەی داوە "هێزە عەشایەرو بنەماڵە دیارەكان" لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە‌و بەشێكی بەرچاو لەناوی كاندیدەكانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان‌و وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان‌و تەنانەت پاڵێوراوی سەركردایەتیش لەكۆنگرەی حزبەكەدا تەرخانكراوە بۆ كوڕی سەرۆك عەشیرەتەكان‌و بنەماڵە دیارەكانی كوردستان، یاخود بۆ كوڕ‌و براو برازاو كەسوكاری نزیكی سەركردەكان.


لەساڵانی پاش رێككەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕاندا، لەپاڵ هەژمونی فەرماندە سەربازییەكاندا، ئیتر لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا سەركردە ئەمنییەكان باڵادەست دەبن‌و دەبنە كاراكتەری یەكەمی حزبەكانیان، ئەو کاراکتەرانەی کە هاتنە پێشەوەیان بەپلەی یەکەم دەرەنجامی تەوریسی سیاسییە لەکوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×