وەزیری نەوتی عێراق: بەرهەم هێنان كەمدەكەینەوە پابەندی رێككەوتنی ئۆپێك پلەس دەبین
  2020-06-15       507       
عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان رێککەوتووە بۆ کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوت و وەزیری نەوتی عێراقیش دەڵێت، لەم مانگەوە رۆژانە 2.8 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەدەکەن.

ئاوێنە: چەند بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق رایانگەیاندووە، لەگەڵ کۆمپانیای BP ی بەریتانی رێککەوتوون ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی روومەیلە بە بڕی رۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوت کەمبکەنەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای لووکئۆیڵی رووسی و ئێکسۆن مۆبیلیش گەیشتووەتە رێککەوتن کە لە مانگی حوزەیران بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی ''رۆژئاوای قورنە 2'' بە بڕی رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەننە 250 هەزار بەرمیل رۆژانە، هەروەها لە کێڵگەی "رۆژئاوای قورنە 11 ئاستی بەرهەمهێنان بە بڕی رۆژانە 70 هەزار بەرمیل کەمبکەنەوە و بەم شێوەیەش ئاستی بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە دادەبەزێت بۆ 350 هەزار بەمیل لە رۆژێکدا.

لە دوایین کۆبوونەوەی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس، عێراق رایگەیاند پابەندی رێککەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دەبێت، بەگوێرەی رێککەوتنەکە کە لە مانگی نیسان واژۆکرا و لە 7ی ئەم مانگەش درێژکرایەوە، لەکۆی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوت کە دەبێت بەرهەمهێنەرانی نەوت کەمیبکەنەوە، عێراق لەسەریەتی لە مانگی ئایارەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب رۆژانە 929 هەزار بەرمیل نەوت لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی کەمبکاتەوە.

بەپێی ئامارەکان عێراق لە مانگی ئایار نەیتوانیوە پابەندی رێککەوتنەکەبێت و تەنیا 311 هەزار بەرمیل نەوتی کەمکردووەتەوە بۆیە دەبێت لە مانگی تەمووز و ئاب قەرەبووی ئەو بڕە نەوتە بکاتەوە کە لە مانگی ئایار و حوزەیران کەمینەکردووەتەوە.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنێکی عێراقی ئاماژەی بەوەدا لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیدایە پابەندی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بێت بۆیە لە مانگی حوزەیرانەوە ئەو بڕە نەوتە کەمدەکەنەوە کە بۆیان دیاریکراوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×