رۆیتەرز: کۆرۆناو سزاكان پشتیوانییەكانی ئێرانیان بۆ حەشدی شەعبی كەمكردۆتەوە
  2020-07-03       886       

ئا: ئاوێنە

 

ئاژانسی رۆیتەرز بە پشت بەستن بە قسەی چەند سەرچاوەیەكی عێراقی رایگەیاندوە: بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەپاڵ سزاكانی ئەمریكادا بۆتە هۆی كەمبونەوەی پشتیوانییە دارایی و سەربازییەكانی ئێران بۆ گروپەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق.

 

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری فەرماندەیەكی حەشدی شەعبییەوە كە ناوی ئاشكرانەكراوە، ئاماژەی بەوەداوە كە ئێران مانگانە 4.5 ملیۆن دۆلار تا 5 ملیۆن دۆلاری داوە بە چوار گروپە سەرەكییەكەی حەشدی شەعبی لە عێراق بەڵام لە كاتی بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە ئەو پشتیوانییە داراییەی بۆ دو تا سێ ملیۆن دۆلار كەمكردۆتەوە.

چەند هەفتەیەك لەمەوبەریش ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس لە راپۆرتێكی هاوشێوەی ئەوەی رۆیتەرزدا، نوسیبوی: ئیسماعیل قائانی، جێگرەوەكەی قاسم سولەیمانی، لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق لەجێی پارەی كاش مستیلەی زیوی وەك دیاری داوە بە فەرماندەكانی حەشدی شەعبی.

فەرماندەكەی حەشدی شەعبی بە رۆیتەرزی راگەیاندوە كە كەمكردنەوەی پشتیوانییە داراییەكانی ئێران بۆ گروپەكانی حەشدی شەعبی كاریگەری لەسەر چالاكییەكانی ئەو گروپانە هەبوەو لە ئێستادا گروپەكان بەدوای سەرچاوەی بەدیلدا دەگەڕێن بۆ دابینكردنی پارە.

رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی جیای گروپەكانی سەربە حەشدی شەعبییەوە نوسیویەتی: پشتیوانییە داراییەكانی ئێران لە چالاكییەكانی روبەڕوبونەوەی دوژمنانی ئێراندا خەرج كراون لەوانە هێرشكردنە سەر ئامانجەكانی ئەمریكا.

ئەو سەرچاوانە وتوشیانە: جگە لە كەمبونەوەی پشتیوانییە داراییەكان، داخستنی سنورەكانیش بەهۆی كۆرۆناوە كاریگەری لەسەر گەیاندنی پشتیوانی سەربازیی بۆیان لەئێرانەوە هەبوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×